ئایا ئەمریکا پشتی لەکورد کرد ؟

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەدروستبوونی عێراقەوە تاکو ساڵی 2003 کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام حسێن لەسەر دەستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ڕوخێنرا، ڕەخنەی ئەوە لە(بەریتانیا) دەگیرا کە دامەزراندنی عێراق خەڵاتێک بووەو ڕادەستی لایەنی سوننەی عێراقی کردووەو پێکهاتەکانیتری عێراق بێبەشبوون لەهەموو جۆرە کارکردنێک. تەنانەت لەم بارەیەوە فوئاد عەجمیش کتێبێک بەناونیشانی "خەڵاتی بێگانە" دەنوسێت. وەک هێمایەک بۆ دروستکردنی عێراق لەلایە بەریتانییە بێگانەکانەوەو ڕادەستکردنی بەسوننەکانی عێراق.

کاتێکیش ئەمریکا ویستی ئەم هەڵەیەی بەریتانیا ڕاست بکاتەوەو سیستمی دیکتاتۆری و حکومڕانی سەدام حسێن بگۆڕێت بەسیستمێکی دیموکراسی فرەپێکهاتە و لەساڵی 2003دا دەسەڵاتە سوننیە بەعسییەکەی سەدامی ڕوخاند. بەمەش کەلێنی گەورە گەورە کەوتە جەستەی سیاسی عێراقەوە و ئەمریکا بەئاسانی بۆی پڕنەدەکرایەوە.
بۆیە هەموو ئەوانەی چ لەحیزبی دیموکراتەکان و چ لەکۆمارییەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ جەنگی عێراق نەبوون، پرسی شکستی ئەمریکایان لەجەنگی عێراق ڕاگەیاندو پێیانوابوو ئەمریکا نەک نەیتوانیوە دەسەڵات و حکومڕانی لەعێراقدا بگۆڕێت بەدەسەڵاتێکی دیموکراسی. بەڵکو بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەمریکا ڕێگەخۆشکەربووە بۆ دابەشبوونی عێراق و لێکتر هەڵوەشانەوەی بۆ سێ هەرێمی "کورد، شیعەو سوننە".

لەدیارترین پلەباڵاکانی لوتکەی ئەم بۆچونانەیش بریتیبوو لە "جۆن مەکین و کۆندالیزاڕایس و کۆڵن پاوڵ"

دوا ڕووداو، پرسی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ. پاشان خۆئامادەکردنی ئایکۆنەکانی سوننەیش "لەنمونەی ئوسامە نوجێفی کە ناوبەناو دەیگوت عێراقی دوای کورد، عێراقی سوننەیش نییەو پێویستە چاوبە دراوسێ تازەکانماندا بخشێنینەوە" بۆ جیاکردنەوەی هەرێمەکەیان لەهەرێمی شیعی، فۆکسی وڵاتانی بۆسەر ئەمریکا زیادکردبوو کە دابەشبوونی عێراق دەرئەنجامی لاوازی سیاسەت و توانای ئەمریکایە لەعێراقداو ناتوانێت ڕێگە لەو دابەشبوونە بگرێت.

بۆیە ئەمریکایش بەجدی کەوتە بەرگریکردن لەعێراقی یەکپارچەو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان نەبوو.

یاریکردنی ئەمریکا لەیاریگایەکدا کە ناوی عێراقە، گەلێک گرنگەو نایەوێت بچوکترین دەرفەتی تێدا لەدەست بدات، تەنانەت بەهەموو هێزیشی دژی هەر هێزو وڵات و کەسایەتییەکیش دەبێتەوە ئەگەر ئیش لەسەر ئەم دابەشبوونە بکات. چونکە لەلایەک نایەوێت عێراق هەڵبووەشێتەوەو پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا ڕابکێشرێت وەک خەتاباری یەکەمی دابەشبوونەکە. لەلایەکیتریشەوە چاودێری جوڵەکانی ئێران دەکات لەعێراقدا بۆ ئەوەی عێراق لەژێردەستی ئەمریکا دەرنەهێنێت و دیسان ببێتەوە خەڵاتێکیتر بۆ عێراقییەکان بەڵام ئەمجارەیان بۆ لایەنی شیعە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، پشتیوانینەکردنی ئەمریکا لەڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و پێشوازی ئەمریکا لەبڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی و جیابوونەوەی هەرێمی عەرەبی سوننە. پێماندەڵێت ئەمریکا ناچێتەژێر باری چاککردنی هەڵەیەک کە بەریانیا نزیکەی سەدەیەک پێش ئێستا کردوویەتی و لەچەند پێکهاتەیەکی ناچونیەک عێراقێکی پڕ قەیران و پڕ لەجەنگی دروستکردووە. بەڵکو ئەمریکایش دەیەوێت عێراق هەربە یەکپارچەیی بمێنێتەوەو هیچ کەسێک هەوڵی لێکترازانی خاکی عێراق نەدات.

لێرەدا پرسیاری جدی ئەوەیە: ئایا ئەمریکا پشتی لەکورد کرد؟
ئەوەی ئەمریکا لەپرسی ڕیفراندۆمدا و هاتنەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی پێش ساڵی 2014 کردی، پشتکردن نییە لەکورد. کوردو مەسعود بارزانی دوو شتی جیاوازن بۆ ئەمریکا. ئەوەی ڕوویدا پشتکردنە لەهەوڵی تاکە کەسێک بۆ دابەشبوونی عێراق. وەک بینرا ئەم پرۆسەی ڕیفراندۆمە هێندە بەپەلەو خێرا ئەنجامدرا ئەمریکای خستە دۆخێکی پڕ گومان و دوودڵییەوە کە هەربەو خێراییەیش دەوڵەتی کوردی دروست بکرێت و عێراق دابەش ببێت. بۆیە لەکەمترین ماوەدا ئەمریکا هەموو هەوڵەکەی لەناوبردو عێراقی بەیەک پارچەیی هێشتەوەو سوننە عەرەبەکانیش چونەوە بەخۆیانداو پرۆژەی هەرێمی سوننەیش لەگۆڕنرا.

دیسان ئەوەیشی خێرایی بەخشیبوو بەپرۆسەی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ئەو ڕاوێژکارە ئەمریکییە نزیکانەی مەسعود بارزانی بوو کە لە2003دا لەگەڵ جەنگی عێراق نەبوون و ڕەخنەیان لێگرتبوو کە ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ عێراقی دابەشکردووە

ئەمریکا پشتی لەکورد نەکردووەو نایشیکات. چونکە لەلایەکەوە لەچەند وێستگەی جەنگی کەنداو، جەنگی عێراقی 2003و جەنگی تیرۆری داعش لەساڵی 2014، کورد یەکێکبووە لەهاوکارە دڵسۆزەکان بۆ ئەمریکا.

لەلایەکیتریشەوە، باشترین بەڵگە ئەو بەیاننامەیەیە کە ئەمریکا لە30ی مانگی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردووەتەوە. زۆر بەڕونی پێمان دەڵێت با مەسعود بارزانی بڕوات و پێشوازی لەدەستلەکارکێشانەوەکەی دەکەین، بەڵام پشتیوانی لەحکومەتی هەرێم دەکەین باحکومەتی هەرێمیش "سەرۆک و جێکری سەرۆک" بچنەوە بەغدادو ڕێکبکەونەوە لەگەڵ بەغدادو کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەهاوکاری ئەمریکا !


AM:11:52:31/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 7157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی