له‌نێوان ئومێدی بووژانه‌وه‌و موزایه‌داتی سیاسی جیاواز
هه‌ڵگورد جندیانى
به‌ره‌به‌یانی 25-10-2018 خه‌ون و خه‌وی هه‌موو دوكاندارانی بازاڕی له‌نگه‌ی زڕا و بوو به دێوزمه كاتێك ئاگر له‌بازاڕه‌كه‌یان كه‌وته‌وه‌و سه‌رباری هه‌موو هه‌وڵه‌كانی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌رزی و ئاسمانیش تا نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ به‌رده‌وام بوو، ئیتر زۆربه‌ی دووكانه‌كان سووتان و بوونیادی بازاڕه‌كه‌ش زیانی زۆری به‌ركه‌وت و سه‌رمایه‌ی كاسبكارانیش بوو به خۆڵه‌مێش و دووكه‌ڵ.
ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی 55 كاتژمێر به‌سه‌ر ئه‌م رووداوه كاره‌ساتباره، وه‌كو هه‌ر رووداوێكی تری كوردستان، هه‌وڵی (ته‌وزیف)كردنی ئه‌م كاره‌ساته ده‌درێت بۆ مه‌رامه سیاسییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ جولاندنی سۆزی خه‌ڵك بۆ رووداوێك كه تاكو ئێستا ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان دیار نه‌كه‌وتووه ئاخۆ باو بۆرانی به‌هێزی هه‌مان شه‌و و شۆرتی وزه‌ی كاره‌با بووه یاخود ده‌ستكردی سه‌رمایه‌داره چاوچنۆكه ده‌ستڕۆیشتوه‌كانه.
من وه‌كو خۆم هه‌رگیز خۆم تووشی نه‌خۆشی ڤایرۆسی (بیردۆزی پیلان) ناكه‌م و زیاتر باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه ئه‌م رووداوه له‌ده‌ره‌نجامی شۆرتی كاره‌باییه‌وه بووه، ئینجا ئه‌گه‌ر خراپی دیزاینی بازاڕه‌كه بێت یاخود گوێپێنه‌دانی دوكاندارێكی ئه‌م بازاڕه بێت له‌خامۆش نه‌كردنی وزه‌ی كاره‌بای دواكانه‌كه‌ی دوای كۆتایی كار، هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌می دوكانداران به دابینكردنی تۆپی ئاگر كوژاكوژاندنه‌وه له‌ناو دوكانه‌كانیان و خه‌مساردی حكومه‌ت به‌دانانی سیستمێكی خۆجێی ئاگركوژاندنه‌وه له‌ناو بازاڕه‌كه‌ش هۆكارێكی رێخۆشكه‌ر بوون بۆ ته‌شه‌نه‌كردن و گه‌وره‌بوونی ئاگره‌كه.
ئیتر له‌وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌و كێشمه‌كێشمه‌و بێ متمانه‌ییه بۆته كه‌لتورێكی رۆژانه و بۆ هه‌موو پرسێك (بیردۆزی گومانكردن) شوێنی متمانه‌ی گرتۆته‌وه به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه مرۆڤی دڵپاك و ساده‌ن و هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی (له‌ده‌سه‌ڵات بێت یان له ئۆپۆزسیۆن) ده‌توانن زۆر به‌ئاسانی بیانكه‌ن به ئامانج و له‌خشته‌یان به‌رن و سۆز و هه‌ستیان بوروژێنن.
له‌نێوان هه‌ردوو چه‌مكی دژ به‌یه‌كی ئاماژه‌پێكراوی سه‌ره‌وه‌دا، پێویسته حكومه‌ت و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌لاری ئه‌م پرسه یه‌كلا بكاته‌وه‌و متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و سیاسی بگه‌ڕێنێته‌وه كه به‌بۆچوونی من و زۆرێك له‌كه‌سانی دڵسۆز به‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه ده‌بێت:
1- كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌لایه‌ن داواكاری گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان كه لێكۆڵینه‌وه‌كه ورد و پیشه‌وه‌ریانه بێت و هیچ كه‌س و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێك هه‌ژموونی له‌سه‌ر رێڕه‌وی لێكۆڵینه‌وه‌كان نه‌بێت.
2- بڕیاردانی حكومه‌تی خۆجێیی هه‌ولێر واته شاره‌وانی و پارێزگا به نوێكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كه‌و به‌رده‌وامبوونی گرێبه‌سته‌كانی، به‌مه‌ش رێگا له‌و ده‌نگۆیانه ده‌گیرێت كه گوایه باس له‌رووخاندنی بازاڕه‌كه‌و بونیادنانی مۆڵێك یان باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بازرگانی ده‌كرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارێكی ده‌ستڕۆیشتوو.
3- بڕیاری خێرای سه‌رۆكی حكومه‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دوكانداره‌كان به‌و بڕه‌ی كه له‌توانای حكومه‌تدا هه‌یه كارا بكرێت و بڕه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه زیانلێكه‌وتوان بتوانن له‌م شكسته‌یاندا هه‌ڵسنه‌وه.
4- پێدانی قه‌رزی بێسوود به دوكانداران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووه‌كه‌ی حكومه‌ت شوێنه‌كانیان نوژه‌ن بكه‌نه‌وه.
5- دانانی پلان بۆ سیستمێكی ئاسایشی پارێزراو له‌ئاگركه‌وتنه‌وه بۆ ئاینده‌ی بازاڕه‌كه.
6- پێكهێنانی باول(سه‌ندوق)ێكی كۆمه‌كردن به زیانلێكه‌وتووان له گشت بانكه نیشتمانییه‌كانی هه‌ولێر كه كه‌مترین بڕی به‌خشین تیایدا له‌هه‌زار دیناره‌وه ده‌ستپێبكات به‌ره‌و ژوور، (لای هه‌موو جیهانیش ئاشكرایه كه خه‌ڵكی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان، له‌كاتی ته‌نگانه‌و لێقه‌ومانی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌و نیشتمانه‌كه‌شیان هه‌میشه دڵفراوان و ده‌ستكراوه‌بوون له‌به‌خشین ئینجا چ جای هاوكاری و زباره‌كردنی خه‌ڵكانی خۆجێی شار بێت).
ئومێد ده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م هه‌له له‌بار و زێڕینه له‌ده‌ست نه‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و بردنه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك و كۆتاییهێنان به‌م ده‌نگۆ جیاواز و ته‌ماویانه‌ی كه خه‌ریكه ئاسایشی كۆمه‌لایه‌تی ئاڵۆز ده‌كات.
PM:05:15:27/10/2018
ئه‌م بابه‌ته 2758
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی