کەس هەڵەبجەی لەبیر نیە!

‌هوشیار عه‌بدوڵا

لە رەشنوسی ئەو یاسا نوێیەی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەکراوە،گومانم نەبو لەوەی لە دابەشکردنی کورسی پارێزگاکان هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی نوێ جیادەکرێتەوە و پشکی سەربەخۆی خۆی دەبێت کەچی بەداخەوە هەلەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە.

لە روی یاساییەوە هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق کێشەی نیە((لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە،پەرلەمانی عێراق خستویەتە بەردەست هەرێمی کوردستان وەک پرسێکی پەیوەست بە ناوخۆی هەرێم و لە هەرێمیش حکومەت و پەرلەمان حەسمیان کردوە کە هەڵەبجە پارێزگایە))،ئیدی بۆ چی لە سەرۆکایەتی کۆمار پشکی کورسیەکانی هەڵەبجە جیانەکراوەتەوە؟!

ئەوە جیا لەوەی زیاد لە جارێک لە پرۆژە یاسای بودجەی ئیتیحادیدا هەڵەبجە وەک پارێزگا ناوی هاوتوە.

سەرۆکی کۆمار و راوێژکار و بەرپرسەکوردەکانی تری سەرۆکایەتی کۆمار لەو ڕوەوە چیانکردوە؟ئایا هەوڵیانداوە رێگری هەبوە؟ ئایا رێگری یاسایی هەیە؟یا لە بنەمادا بیری لێنەکراوەتەوە و بەسەریاندا تێپەڕیوە؟!

پاشان لە ئەنجومەنی وەزیران کە سێ کوردی تێدایە و جێگری سەرۆک وەزیران کوردە بۆ هەڵەبجەیان نەخستۆتە ناو رەشنوسی یاساکە پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدەن و بینێرن بۆ پەرلەمان.

نەک لەم پرۆژە یاسایە تەنانەت ساڵانە لە یاسای بودجەش بۆچی هەمو ئەو شەڕانە بۆ نوێنەرانی کورد جێدهێڵن؟!
بۆ هەلەبجە وەک پارێزگای سەربەخۆ لە رەشنوسی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان مامەلەی لەگەڵدا نەکراوە؟
ئایا گرفتی یاسایی هەیە؟

یا هەڵەبجەیان بیر نەبوە؟
ئەگەر گرفتی یاسایی هەیە با بۆ خەڵکی رون بکەنەوە.

ئەگەر بیریان چوە با داوای لێبوردن بکەن.
بە دیدی من دەبێ جیاکردنەوەی كورسی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەناو ئەو یاسایەدا مەرجی سەرەکی نوێنەرانی کورد بێت بۆ دەنگدان بەو یاسایە.

هەڵەبجە رەمزێکی تەنها ناوخۆیی هەرێم یا عێراق نیە،بەڵکو سیمبولێکی جیهانیە و دەبێ ئینصاف بکرێ.

هیوادارام کوتلە عێراقیەکان بە گشتی و کوردیەکان بە تایبەتی پرسی هەڵەبجە پێش مەرجێکی سەرەکیان بێت بۆ دەنگدان بەو یاسایە بێگومان لە پاڵ سەرنجی زۆری تر لەسەر رەشنوسی ئەو پرۆژە یاسایە کە پێویستە گۆڕانی تێدا بکرێت.


PM:01:30:17/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی