چی ئێمەی کۆکردۆتەوە؟!

‌هوشیار عه‌بدوڵا


ئێمە؛دەمانەوێت داهاتی نەوت بۆ خۆشگوزەرانی ژیانی ئێستای خەڵک،بۆ بونیادنانی ئایندەی نیشتیمانەکەمان بەکاربهێنرێت.

ئەوەی ئێمەی کۆکردۆتەوە ئەوەیە؛بەقوڵی هەست بە مەترسیەکانی ئێستا و ئایندەی قۆرغکاری نەوت دەکەین لەسەر ئایندەی هەرێمەکەمان.

ئیدارەدانی نەوت بەمجۆرەی ئێستا ، هەرێمی داوەتە دەست شکستێکی گەورەی کارگێری ، سیاسیی و کۆمەڵایەتی و دەبێ بوەستێنرێت !

هەتا نەوت لە داهاتی حزب و شەخصەوە لە بازرگانی گروپ و تاقمەوە نەکەین بە پرۆسە و داهاتی نیشتیمانیی ناتوانین برۆین بەرەو سەربەخۆیی نیشتیمانیی.

سەربەخۆیی ئابوری پایەی هەرە سەرەکی سەربەخۆیی نیشتیمانیە.کە ئێستا بەهۆی هەڵە ئیدارەدان و تاڵانی نەوتەوە ئەوەی پێیبگوترێت سەربەخۆیی ئابوری نیمانە،بەڵکو غەرقبون لە قەرز و رۆچون لە پاشکۆیەتی ئابوریی بەسەر خۆمان و نەوەکانماندا سەپاوە.

پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا هەرێمەکەمانیی قەرزارکردوە لە بەرامبەریشدا گروپێکی کردۆتە ملیاردێری دۆلار !

ئەوەی کۆیکردوینەتەوە ئامانجێکی نیشتیمانی باڵایە کە ئەرکی سەرشانمانە،نە منەتی تێدایە و نە پێفرۆشتنەوە.

تۆش هاونیشتیمانی بەرێزی ئەم هەرێمە ، لە هەر حزب و سەر بە هەر رەنگ و بۆچونێکی ؛ لەبری ئەوەی جنێومان پێ بدەیت و تۆمەتمان بدەیتە پاڵ و سەنگەرمان لێبگریت، هاوکارمانبە لەم ئەرکەدا . چونکە ئەم شەڕەی ئێمە لەگەڵ مافیاکانی نەوت لە پێناو ئایندەی مناڵ و نەوەکانی تۆشدایە .

گەلی ئێمە سەدان ساڵە بۆ ئەوە خەباتی نەکردوە،گروپێک هەمو پرسە ڕەواکەی لە نەوتدا بچوک بکەنەوە و داهاتەکەشی تاڵان بکەن!

ئەحمەدی حاجی رەشید
سەرکەوت شەمس
هۆشیار عەبدوڵا

بەغداد
شەقامی مەنصور




PM:08:30:16/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی