بە هیوای ئەوەی لە ساڵی نوێدا مەنهجیەتی بیرکردنەوەمان بگۆڕین
هوشیار عهبدوڵا
لە گفتوگۆی نێوان عەرەبێک و یابانیەکدا، عەرەبەکە پێی دەڵێ سەرم لە شتێکی ئێوەی یابانی سوڕماوە، ئێوە کە ئەمریکا هێرۆشیمای بەسەر هێنان و بە چەکی نەوەوەی و زەڕە لێیدان کەچی نابینم لە پەروەردەی مەکتەبا لە دژی ئەمریکا نەوەکانتان پەروەردە بکەن ، یا کتێبیان لە دژ بنوسن، یا بە شیعر و سرود و گۆرانی دژی ئەمریکا ئەو کارەساتە باسبکەن !
یابانیەکە دەڵێ هۆکارەکەی ئەوەیە جۆری بیرکردنەوە و مەنهەجیەتی لێکدانەوەی ئێمە بۆ ڕوداوەکان جیاوازە.
یابانیەکە دەڵێت ئێمە کە ئەمریکا بەو چەکە لێیداین ، بیرمان لەوە کردەوە کە ئەو خەلەل و کەموکوڕیە چیە کە لە ئێمە خۆماندا هەیە کە ئەمریکا بە نەوەوەی لێمانبدات و دونیا لامان لێنەکاتەوە؟!
یابانیەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت ؛ پاشان بیرمان لەوە کردەوە ئێمە بۆ ناغافڵ بوین لەوەی غەیری ئێمە بتوانێ چەکی زەرەی هەبێت بەڵام ئێمە نەمان بێت یا نەتوانین خۆمان بپارێزین کەواتە خەلەلەکە لە خۆماندایە !
دەڵیت ؛ جیا لەوە بیرمان لەوە کردەوە ئەو کەموکوریەی تر چیە لە ئێمەدا کە ئەمریکا بە چەکی نەوەوی لێمان ئەدات و کەچی لە دونیادا بە قەڵای دیموکراسی و ئازادی ناسرا و ئێمە کە قوربانی گەورەماندا نەمان توانی ئەو مەکانەتە وەربگرین .
یابانیەکە دەڵێت هێندەی ئەوەی خەریکی چارەسەری کەم و کوریەکانی خۆمان بوین بەهۆی ئەو کارەساتەوە بۆ ئەوەی هەڵەکان راسبکەینەوە و پێشبکەوین نە کاتمان هەبو بۆ قسەگوتن بە ئەمریکا و نە بۆشمان گرنگبو.
پوختەی ئەم باسەم بۆ ئەوەیە کە بڵێم کاتێک گەلێک کارەسات و ناخۆشیی و جینۆسایدی بەسەر دێت لە گریان و کروزانەوە و گوتاری عاتفی دوردەکەوێتەوە و بە فکرێکی مەوزوعی و عەقڵانی خۆی پێشدەخات .
گوتاری سیاسیی کوردی دوای ئەو هەمو کارەساتە یەک شت دەزانێت بڵێت خەتای بەرامبەرە تاکە یەکجار بیر لەوە ناکاتەوە خەلەلەکانی خۆی چیی بو ؟!
کاتێک بەندە رەخنە لە هەرێم دەگرم ، زۆرێک دەڵێن تۆ بۆ دوژمنی هەرێمی ؟! لە کاتێکا جیاوازیەکە تەنها جۆری بیرکردنەوەیە ، من پێم وایە دڵسۆزی لەوەدانیە هەمو کێشەیەک بە دەرەوەی خۆماندا هەڵبواسین ، دڵسۆزی ئەوەیە خەلەلەکانی خۆمان ببینین و چاکیان بکەین بۆ ئەوەی لەو فەشەلەی سەد ساڵە کورد تیایدا مەلە دەکات دەربچین .
هەڵبەتە ئاسان نیە مەنهەجیەتی بیرکردنەوەیەک بگۆرێن کە سەد ساڵە ئێمەی پێ گۆشدەکرێت و پێمان دەڵێت هەمو دونیا دوژمنمانە و خۆمان فریشتەی ئاسمانین ، بەلام دەبێت رۆژێک بێت بگەینە ئەو باوەرەی ، پێش هەر کەس بزانین خەلەلی خۆمان چیە ئەوسا رو بکەینە دەرەوەی خۆمان .
بۆ ساڵی نوێ و دەیان ساڵی تریش هەمو تەمەننام ئەوەیە گەلی کوردستان بە قیادە و قەواعدیەوە مەنهەجیەتی بیرکردنەوەی خۆمان بگۆڕین ، خەلەلەکانی خۆمان ببینین بەر لەوەی هەمو دونیا بکەینە دوژمن .
لە دڵەوە تەمەننای ساڵێکی جیاواز و سەرکەوتو بۆ هەموان دەخوازم، جگە لە خۆشەویستی و رێز هیچ جۆرە تێروانینێکم بۆ هیچ تاکێکی ئەم کوردستانە نیە بە جیاوازی هەمو حزب و رەنگ و دین و مەزهەبێکەوە .
دەبێ خۆشەویستی نیشتیمان و خەمخۆری بۆ هاونیشتیمانیەکانی وامان لێبکات گوتاری رەخنەیی و خۆخوێندنەوە بکەینە مەنهەجیەتێکی نوێی بیر کردنەوە !
بەو ئومێدەوە هیوای ساڵێکی نوێ و جیاواز و سەرکەوتو و ئاسودە بۆ هەموان بە ئاواتدەخوازم .
PM:05:15:31/12/2018
ئهم بابهته 2048
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی