‌رەخنە لە سەرۆک کۆمار
AM:09:38:28/10/2018
هوشیار عه‌بدوڵا

چاوەرێ بوم وەک بۆ تازیەکەیان نەهاتەوە، لە گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی یەکەم شوێن سەردانی ئەو دو ماڵە بکات کە کۆستیان کەوت بەهۆی تەقەی بەناو خۆشیەوە  بۆ وەرگرتنی کورسیەکەی کاک بەرهەم.

هەفتەی رابردو لە خزمەتی ماڵی  سەلام محەمدئەمیندا بوم، باوکی ئادەم، یەکێک لە شەهیدەکانی تەقەی خۆشیی، زانیم کە لە رێگەی نوێنەرێکەوە لێی پرسیون و بەڵێنی هاوکاری پێداون  بەڵام چاوەرێ بوم لە مەتارەوە راستەخۆ سەر لەو دو ماڵە شەهیدە بدات.

ئەو دو شەهیدە دو کارەساتی ناخۆش و دڵتەزێن بون بۆ سلێمانی، ئەو دو ماڵە هەتا سەرۆک کۆمار ببینین لەسەر شاشە برینیان دەکوڵێتەوە، بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و ویژدانیە کە سەرۆک کۆمار بەشیكی ئەو برینە تیمار بکات و سەردان و هاوکار و دڵنەوایی ئەو دو خانەوەدایە بکات.

هەر لەگەڵ رودانی کارەساتەکە وتمان  و بە کوردی و عەرەبی بڵاومانکردەوە ئەو حەق و مافە لە ئەستۆی یەکێتی و سەرۆکی کۆمارە و دەبێت هەمو واجبێکی پێویست لەوبارەیەوە بگرنە ئەستۆ.

ئەو سەرنج و رەخنەیە هیندەی داکۆکیە لە مافی دو خێزانی جەرگ سوتاو هەرگیز هیچ رەهەندێکی سیاسیی و حزبی نیە و وەک نوینەرێکی خەلک ئەو رەخنەیە ئاراستەی سەرۆک کۆمار دەکەم و هیوادام بە جواب و پەیام ناردن لە کۆڵی نەکاتەوە و خۆی بروات لە ماڵە هەژارەکانیاندا  دابنیشێت و سەردانیان بکات و بزانێت ژیان و گوزەرانیان چۆنە؟!


ئه‌م بابه‌ته 6315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.