قسەیەکی پێویست دەربارەی مووچەی فەرمانبەران

‌هوشیار عه‌بدوڵا

حکومەتی هەرێم، دەتوانێت مووچەی تەواو بداتە تێکرای فەرمانبەران بەڵام نایدات.

بە قسەی حکومەتی هەرێم بێت حكومەتی عیراق بڕی 317 ملیار دیناری ناردوە بۆ هەمو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا هەرێم پێویستی بە 900 ملیارە تا بتوانرێ مووچەی تەواو بدرێت!

دەشڵێت ئەو پارەیە هی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە  نیە هی هەمو ووەزارەتەکانە ئەوەش پێویستی بە هەڵوەستە و لێکۆلینەوە هەیە، چونکە بەو پێیە بێت عەبادی چەند مانگێکە قسەی ناراست لەگەڵ رایگشتی خەلکی هەرێم دەکات و لە قسەکانی پەشیمان بوەتەوە کە وتی وەزارەت بە وەزارت سەرفی دەکەین!

جارێ با بپرسین ئەو 900 ملیار دینارە چیە وا کردوتانەتە ماڵ بەسەر ژیانی ئەو خەڵکەوە ئەی سیستمی بایۆمەتری بندیوار و دوبارەی سڕیەوە یا زیادی کرد، کاک قوباد با پێمان بڵێ ئەو هەمو وەصفەی بۆ سیستمی بایۆ مەتری چی لێهات، دەبێ خەڵکی کوردستان بزانێ ئەو 900 ملیارە درۆیە و رێژەیەکی زۆری ساختەیە.

گریمان وتمان 900 ملیارمان پێویستە باشە بە داهاتی ناوخۆی تێکرای وەزارەتەکان کە ملیاران دینارە، بە داهاتی نەوتی هەرێمەوە کە فلسێکی ناڕواتەوە بۆ بەغدا لەگەڵ ئەو پارەیەی نێردراوە ناتوانن فەرقەکە پڕ بکەنەوە و موصچەی تەواو بدەن نەک بە سیستمیی بەناو پاشەکەوت کە سیستمیی چەتەیی جوتحیزبەکەیە؟!

ئەو هەموص باجەی نادەستوری و نایاسایی زیادتان کرد و لەو  خەلکەی  کۆدەکەنەوە  چی لێدەکەن؟

هێشتا نازانرێت بە چ ئیتیفاقێک و چۆن لەگەڵ عەبادی رێککەوتون کە جارێکی تر حکومەتی هەرێم خۆی سەرپەرشتی دابەشکاری مووچە بکات بە تایبەت کە بریار بو وەزارەت بە وەزارەت بدرێ و بەغدا خۆی سەرپەرشتی بکات وەک عەبادی زۆر سێشەممە لە کۆنگرە رۆژنامەییەکان وتی، نازانرێت چ صەفقەیەکیی ژێر بەژێریتر کراوە چونکە هەمووتان لە عەبادی خۆیتان بیست کە سیقەی نیە کە مووچە بگاتە دەستی هاولاتیان بە قسەکانیی خۆشیی ماوەیەکی زۆر پارەکەی لەبەر ئەو هۆیە دوا خست، ئێستا چیی گۆڕاوە نازانرێ؟! وەعد و وعودە بۆ دوای ئینتیخابات یان چی؟ جارێ دیار نیە، بەڵام زۆر دەمێکە ئەوەم بۆ ڕایگشتی ئاشکرا کردوە کە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم بۆیە ئیتیفاق ناکەن و داهات ناگەرێیننەوە و ناڕۆنە پێشەوە بە جدی مەبەستیانە وا مەسەلەکە کۆتایی پێ بهێنن کە خۆیان تەسەڕوف بە داهاتی نەوت و ناوخۆوە بکەن، وا  خەریکە راستیەکە رونتر دەبێتەوە.

ئەو کاتەی وتمان حکومەتی هەرێم نایەوێ سیستمی پاشەکەوت کۆتایی پێ بهێنێت و داوامان کرد کە بە هیچ شیوەیەک مووچە نەخرێتەوە بەردەستی ئەو حکومەتە زۆر کەس و پەرلەمانتار ئێمەیان بە دوژمنی حکومەتی هەرێم ناوبرد و تەخوینیان کردین، بفەرمون بۆ ئەوانەی داکۆکیان دەکرد کە دەبێت حکومەتی هەرێم سەرپەرشتی دابەشکاری موچە بکات، وا عەبادی خواستەکەی ئێوەی هێنایە دیی و پارەکەی نارد بۆ حکومەتە حزبیەکەی پارتی و یەکێتی، دەی بوێر بن،نوێنەری خەڵک بن نەک محامیی نێچیرڤان بارزانی و بڵێن، چۆن ناتوانن بە پارەی داهاتی ناوخۆ و نەوت، فەرقی نێوان 317 ملیار و 900 ملیار دابین بکەن و مووچەی تەواو بدەن نەک چارەگە مووچە کە بێگومان لە 900 ملیار کەمترە.

هەر پرسیارێکی سادەبکەن لەو جوتحیزبە، پێیان بڵێن، ئێوە ناڵێن ئێمە تا ئێستا توانیومانە بە سیستمی پاشەکەوت نیو مووچە بدەین بە داهاتی خۆمان، باشە وا عبادی شتێک کەمتر لە نیوەکەی تری ناردوە دەی مووچەی تەواو بدەن ئەگەر راستگۆن!

سورم لەسەر ئەوەی سیستمی مووچە لە ئاستیی عیراقدا هەمووی بکرێتە یەک و سوریشم لەسەر ئەو قەناعەتەی کە ئەم حکومەتەی نێچیرڤان بارزانیی و قوباد تاڵەبانیی پارەیان هەرچەند لەبەردەست بێت کێشەی مووچە چارەسەر ناکەن، ئەگەرنا با هەموو خەلکی هەرێم بزانن، پارتی و یەکێتی بە  پارەکەی بەغدا و داهاتی ناوخۆ و نەوت دەتوانن بە ئیسراحەت مووچەی تەواو بدەن نەک چارەگە مووچە.

هەتا ئەو کاستە سیاسیەی هەرێم دەسەڵاتدار بن، ناهێڵن خەڵک باش بژی، دەیانەوێت خەڵک موحتاجی دەستی حزبەکانیان بێت بۆیە ناهێڵن بژێویان سۆگەر بێت، دەبێت خەڵک بزانێ کاتێک هەناسەیەک بۆ ژیانیان دەگەرێتەوە کە لەوانە رزگاریان بێت، پشتیوان بە خوا و خەڵكی زوڵملێکراوی هەرێم ئەو رۆژە دور نیە و دەیبینین.


AM:10:19:19/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 4466 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی