دەربارەی پەیوەندی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان

‌هوشیار عه‌بدوڵا



بزوتنەوەی گۆڕان ، دوا پرۆژەی سیاسیی نەوشیروان مستەفایە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو پرۆژەیەی کە چەندین جار نەوشیروان مستەفا خۆی رایگەیاندوە کە ئەو نەشمێنێ بەردەوام دەبێت .

هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا،بەر لەوەی لێدان بێت لە گۆڕان هەوڵدانە بۆ لێدان لە نەوشیروان مستەفا وەک کەسێک کە چەندین جار بە دەنگ و رەنگ رایگەیاندوە کە بزوتنەوەکەی بە مردن یا دورکەوتنەوەی خۆی یا هاورێکانی کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت .

ئێستا دەستگرتنی گۆڕانخوازان بەو رێبازەوە بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری هەر سەرنج و رەخنەیەک ، لە بارە هەرە دیارەکەیدا بۆ پاراستنیی ئەو ئومێد و چاوەروانیەی نەوشیروان مستەفایە لە گۆڕانخوازان کە فیعلەن دوای وەفاتی خۆشی بزوتنەوە سیاسیەکەی گەش و بەردەوام دەبێت.

ئێستا هەن تەنها لەبەر ئەوەی خۆیان بە تەعبیرەکەی کاک نەوشیروان لە شانۆکە دەرچون ، دەیانەوێت بڵێن بە مردنی ئەو ، پرۆژە سیاسیەکەشیی مردوە بێ ئاگا لەوەی ئەوە وەستانەوەیە دژی تێروانینی نەوشیروان مستەفا کە پێی وابو ئەو بزوتنەوەیە بەهەمان نەفەس بەردەوام دەبێت .

گۆڕان لە دوای وەفاتی ئەو مرۆڤە مەزنەوە بێ کەموکوڕی نەبوە ، بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەکردوە کە لادانیی تەواوەتیی بوبێت لە رێبازەکەی ئەو ، لە مەترسی هەر لادانێکیش گۆڕانەکان دایم نوکیی رەخنەیان تیژ بوە بە روی بەرپرسانیدا ، بە شیوەیەک گۆڕان ئێستا خاوەنی هۆشیارترین قاعیدەی جەماوەریە کە بچوکترین لادان و خەلەل قبوڵ ناکات .

ئەو لە ژیاندا نەمابو بەڵام بە شوێن رێگەکەی ئەودا بوو گۆڕان رازی نەبو دان بنێ بە شەرعیەتی بارزانیدا،جڤاتە نیشتیمانیەکەی بەڵێی نەکرد بۆ ریفراندۆم،لە حکومەت کشایەوە،جەبهەیەکی لە دەرەوەی ینک وپدک پێکهێنا و لە ئاستی عیراق و هەرێمدا بەهەمان جورئەت و ئامادەییەوە بەردەوامە .

هەڵبەتە ئەوە بەمانای ئەوە نیە نەوشیروان مستەفا تەنها موڵکی بزوتنەوەی گۆڕانە ، نەخێر ئەو مەدرەسە و رەمزێکی نیشتیمانیی گەورەیە و دەشێ هەرکەس بە قەناعەتە سیاسیەکانی ئەو خەونیی گۆڕانکاری هەبێت و لەسەر ئەو نەهجە سیاسیە بروات بەڵام ؛ 
رۆیشتن لەسەر نەهجی ئەو تەنها ئەگەر بریتی بێت لەهەوڵدان بۆ وێرانکردن و دروستکردنیی پرسیار و شەرعیەت لەسەر ئەو بزوتنەوە سیاسیەی کە نەوشیروان مستەفا خۆی بە سیقە و متمانەیەکی زۆرەوە ئیعلانیی بەردەوامیی کردوە دوای خۆی، وەک وتم بەرلەوەی لێدان بێت لە گۆڕان وەستانەوەیە لە دژی قەناعەتێکی رونی نەوشیروان مستەفا.


PM:04:05:12/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی