بە بۆنەی هەڵویستە نوێکەی ئەمریکاوە لەسەر ڕیفراندۆم ، چەند سەرنجێک

‌هوشیار عه‌بدوڵا

ئەمریکا بەتوندی دژی ڕیفراندۆم ئەوەستێتەوە و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەست جورئەت ناکەن بڵێن بارزانی تۆ نیشتمانەکەمان لە هەڵدێرانێکی حەتمی نزیک دەکەیتەوە ، بوەستە .

لوتکەی لاوازی سیاسی و وێرانەیی فکری سیاسی و دڵسۆزی نیشتیمانیی و بەخەمەوە بونی هاونیشتمانیانە ، کاتێک ئەبینن دونیا دژی ئەو ڕیفراندۆمە شکلیە ، بێ ناوەرۆکە ، بێ ئەنجامەیە کەچیی لە ترسی بارزانیی و تاوانبارنەکردنیان بە دژایەتیکردنی دەوڵەتی کوردی گوێ بەو هەمو مەترسیە چاوەڕوانکراوە نادەن و دەڵێن بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ..

ئەو سیاسی و حزب و لایەنانەی تا ئەم لەحزەی بەڵێ ئەکەن بۆ بارزانی لە بارزانی تاوانبارتر ئەبن هەرچیەک بەسەر هەرێمدا بێت .

زۆرینەی حزبەکان بە بەرپرسانی پارتی و یەکێتیشەوە ئەزانن بارزانی هەڵەیە ، باش ئەزانن ڕیفراندۆم سەربەخۆیی لەبەر ئەبا کەچیی ئەڵێن بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆییە .. کام سەربەخۆیی ؟! مەگەر هەر ئەوانەی ئێستا بونەتە دەموچاوی ئەو ڕیفراندۆمە هەمو پایەکانی سەربەخۆییان وێران نەکردوە ؟

ئەم گروپە سیاسیە مشەخۆرە ، ترسنۆکە ، بێ ڕوئیایە لەبری هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی بارزانی لەو هەنگاوە هەڵانەی ئەینێت ( وەک ئەوەی گۆڕان و کۆمەڵ ئەیکەن، و زیاد لە جارێک داوای دواخستنیان کردوە و سەرەی ڕای قسەی ئێرە و ئەوێ هەندێ دەنگیان تا ئێستا بەفەرمی پشتیوانیان بۆ ڕیفراندۆم دەرنەبڕیوە ) ، ئەو گروپە سودمەندە بۆ بەرژەوەندی شەخصی هاتون بارزانی بکەن بە قارەمانی نەتەوەیی و ئەیانەوێ تا چەندین دەیەی تر بارزانی لەسەر ئەو بەڕەنەتەوەییە دابنیشێ و بەناوی دروستکردنی دەوڵەتەوە ئەم هەرێمە بدات بە داروبەرد و دەردەسەریا و کەسیش بۆی نەبێ پێی بڵێ هەڵەی .

حزبێک ، کەسێک ، گروپێک ، لەم ڕیفراندۆمەیا جورئەتی ئەوەی نەبوبێ بە بارزانی بڵێ بوەستە ، ڕایگرە ، دوایبخە ، کاتیی نیە ، هەڵەی ، وێرانمان ئەکەی ، مەترسی هەیە ، هیی ئەوە نیە هیچ کات متمانەی پێ بدەی ، حزبێک هێندە ترسنۆک و بەرژەوەندی ویست بێ بارزانی لە کۆمەڵگەی کوردستانی پێ گرنگتر بێ ، کەی هی ئەوەیە متمانەی بدرێتێ .

ئەوەی بەناو ڕۆشنبیری کورد ، دوای ئەو هەمو رسواکردنەی پرۆسەکە وڕەخنەگرتن لە کات و شێوەی ڕیفراندۆم ، هاتن و وتیان ئێمەش دەڵێین بەڵێ ، ئەوە لە کارەساتیی سیاسیەکان زۆر گەورەترە .

خوالێخۆشبو کاک نەوشیروان ناحەقی نەبو کە زۆرجار دەیگوت بە گشتی زۆرینەی ڕۆشنبیری ئەو ناوچەیە ڕاهاتون لەگەڵ دەسەڵات بن نەک خەڵک ، دەیگوت ؛ ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستانی ئەو هەمو ڕۆشنبیر و ڕوناکبیرەی هەیە حاڵی بۆ وایە ؟!



PM:01:21:21/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 11267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی