چی لە کورسیی کەمینەکان بکەین؟

‌ڕێبوار عەبدولڕەحمان

چەند رۆژى رابردوو قسەو باسێکى زۆر دەربارەى کورسیى کەمینەکان لەپەرلەمانى کوردستاندا کرا، لەهەندێک وێستگەدا قسەکردنەکە گەیشتە ئەو ئاستەى کە باس لەبەکارهێنانى ئەو کورسییانە کرا لەبەرژەوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان.

ناکرێت نکۆڵى لەمافى کەمە نەتەوەکان بکرێت لەکوردستاندا، پێویستە لەهەموو دام و دەزگایەکى رەسمی و دەوڵەتیى مافیان پارێزراوو رێزلێگیراو بێت، نابێت پاش هەڵوێستێک، یان هاوپەیمانێتى لیستێک یان نوێنەرێکى کەمینەکان لەگەڵ حزبێکى دیاریکراو، ئەو راستییە لەبیر بکرێت.  

ئەوەى ئێستا پێویستە لایەنە سیاسیەکانى تر، بەتایبەتى ئەوانەى لەحکومەت بەشدارن کار لەسەر ئەوە بکەن کە نوێنەرى کەمینەکان لەناو پەرلەماندا بەراستیى نوێنەرایەتیى خەڵکى خۆیان بکەن و نەبنە بەشێک لە ناکۆکى و ململانێ سیاسیەکان، ئەوەى گرنگە بەداتا و ژمارە یەکلابکرێتەوە ژمارەى راستەقینەو مەشروعى کورسیى کەمینەکانە لەکوردستانداو بۆ ئەمەش دەکرێت حزبەکانى ترى ناو حکومەت هەنگاوى عەمەلى و جددى بنێن، بەتایبەتیش یەکێتى.

چارەسەرى ئەو کێشەیە رەنگە کارێکى سەخت نەبێت لەئێستادا، بەتایبەتى کە زیاتر لە ٢ ساڵ ماوە بۆ هەڵبژاردنێکى ترى پەرلەمانى کوردستان.

ئەگەر یەکێتیى بەراستیى سوود لە تەزویر نابینێت لەهەڵبژاردنەکاندا، ئەوا ئێستا وەزارەتى پلاندانان بەدەست ئەوانەوەیەو دەتوانن فشار بکەن و جیاواز لەعێراق لەماوەى ئەم دوو ساڵەدا لەهەرێمى کوردستان ئامارێکى گشتیى بکرێت و بەوەش سەرلەنوێ کورسییەکانى پەرلەمان دەستکارى بکەن و لەنێویشیاندا کورسیى کەمینەکان، ئەگەر زیاد بوو، لێى کەم بکەنەوەو ئەگەر کەمیش بوو بۆیان زیاد بکەن.

ئەنجامدانى ئامارێکى گشتیى دانیشتوان لەکوردستان زۆر سوود بە پرۆسەى هەڵبژاردن دەگەیەنێت، جگە لەوەى ئەم بابەتە جێ مشتومڕەى ئێستا یەکلادەکاتەوە، ئەوا دەتوانرێت تۆمارەکانى دەنگدانیشى پێ پاک بکرێتەوە. 

جگە لەهەموو ئەمانە، گلەیى کردن لە کەمینەکان لەم کاتەدا لەجێى خۆیدا نییە، چونکە کەمینەکان بەدواى ئەو لایەنەدا دەگەڕێن کە بەشدارى دەسەڵاتیان پێ بکات و لەپاڵیدا لەدڵنیاییدا بژین، ئێستا پارتى ئەو کەشوهەوایەى بۆ رەخساندوون تەنانەت ئەگەر بەروخساریش بێت.

دەبێ لایەنەکانى تر راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان، ئایا ئەگەر پۆستى سکرتێرى پەرلەمان بەر یەکێتى بکەوتایە، ئامادەبوو بەسەر کادیرێکى خۆیدا مەسیحیەک یان تورکمانێک بکاتە سکرتێرى پەرلەمان؟ یان ئەگەر هەمان پۆست بەر بزووتنەوەى گۆڕان بکەوتایە، ئامادەبوو کەسێک لەکەمینەکان بێنێت و بیخاتە ئەو پۆستەوە؟ بەڵام پارتى لەبەرژەوەندى خۆى، بەسەر ئەو هەموو کادیرەى خۆیدا تورکمانێکى لەکەمینەکان کردووەتە سکرتێرى پەرلەمان، کەواتە بەم هەنگاوە روکەشەش سۆزى تەواوى کورسى کەمینەى تورکمانى بەلاى خۆیدا رادەکێشێت، لەپشکى خۆى وەزیرێکى مەسیحى داناوە (گەرچى دەوترێت بەرپرسى ناوچەى پارتى بووە)، بەڵام بەم هەنگاوە سۆزى هەموو کورسى کەمینەى مەسیحى راکێشاوە.. ئێستا کاتیەتى ئێوەش ئەم سیاسەتە بەکاربێنن.


PM:11:17:11/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی