ترمپ بۆ ئەردۆگان "سوریا بۆ تۆ، من دەڕۆم"

‌ڕێبوار عەبدولڕەحمان


رۆژنامەی‌ واشنتۆن پۆست بەشێک لەوردەکاری‌ گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی‌ نێوان ترەمپ و ئەردۆگانی‌ بڵاوکردۆتەوە.

بەپێی‌ زانیارییەکانی‌ ئەو رۆژنامەیە رەجەب تەیب ئەردۆگانی‌ سەرۆکی‌ تورکیا، لەگفتوگۆ تەلەفۆنیەکەدا هەمان ئەو رستەیەی‌ ئاڕاستەی‌ ترەمپ کردۆتەوە کە لەدوایین دیداریاندا لەلوتکەی‌ وڵاتانی‌ (G20) لەئەرجەنتین ئاڕاستەی‌ کردبوو، کاتێک سەرسوڕمانی‌ خۆی‌ دەربڕیبوو لەوەی‌ کە "بۆچی‌ ئەمریکا بەردەوامە لە پڕ چەککردن و پشتیوانی‌ جەنگاوەرە کوردە سورییەکان بۆ ئەنجامدانی‌ جەنگی‌ زەمینی‌ دژی‌ داعش".

لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆگان بەترەمپی‌ وتووە "داعش هەرەسی‌ هێناوەو سوپای‌ تورکیاش زۆر بەهێزە، بەشێوەیەک کەدەتوانێت بەرپرسیارێتی‌ لەناوبردنی‌ هەر پاشماوەیەکی‌ چەکدارییان لەئەستۆ بگرێت، بۆچی‌ تائێستا ٢ هەزار سەربازی‌ ئەمریکی‌ لەو ناوچەیەدا هەن (مەبەست رۆژهەڵاتی‌ فوراتە)".

ترەمپیش لەوەڵامی‌ ئەردۆگاندا وتوویەتی‌ "دەزانی‌ بۆچی‌؟ ئەوێ (سوریا) بۆ تۆ، من دەڕۆم.

ئەوەی‌ واشنتۆن پۆست بڵاویکردۆتەوە، تەواو وەک ئەوە وایە کە رۆژنامەی‌ حورییەت و ئاژانسی‌ ئەسۆشیتد پرێس بڵاویانکردبۆوە.

بەگوێرەی‌ رۆژنامە تورکییەکە، ترەمپ لە ئەردۆگانی‌ پرسیوە "ئێوە کۆتایی‌ بە پاشماوەکانی‌ داعش دەهێنن ئەگەر ئێمە لەسوریا بکشێینەوە؟".

لەوەڵامدا ئەردۆگان وتویەتی‌ "ئەو ئەرکە لەئەستۆ دەگرین"، بەبیری‌ هاوتا ئەمریکیەکەی‌ هێناوتەوە کە تورکیا لەمیانی‌ ئۆپراسیۆنی‌ قەڵغانی‌ فوراتدا، ٤هەزار چەکداری‌ داعشی‌ لەناوبردوە.

بەڵام ترمپ بیری‌ لەوە نەکردۆتەوە کە ئۆپراسیۆنی‌ قەڵغانی‌ فورات تەنها لەدژی‌ هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکرات و پەیەدە بوو بەتایبەتی‌، چونکە هەر لەو چوارچێوەیەدا تورکیا هێرشی‌ کردە سەر عەفرین و شارەکەی‌ داگیرکرد.


PM:12:15:23/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3471 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی