یەکێتی و گۆڕان فریای خۆتان بکەون

‌ڕێبوار عەبدولڕەحمان

ریفراندۆمەکەى ٢٥-٩، تێستێکى زۆر گەورە بوو بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان، لەو نێوەندەدا پارتى دیموکراتى کوردستان لەدوو رووەوە گرەوەکەى بردەوە:

١ـ هەموو حزبە سیاسیەکانى کوردستانى بەگەورەو بچووکەوە دواى خۆى خست، لانى کەم هەمووانى خستە خزمەتى پرۆسەیەکەوە کە دواجار تەنهاو تەنها خۆى تیایدا سوودمەند دەبێت.
٢ـ ئاستى جەماوەرى خۆى و هەموو حزبە رکابەرەکانیى تاقیکردەوەو لەوەشدا سەرکەوت.

بەگوێرەى ئەو زانیارییە نافەرمیانەى من بەدەستم گەیشتوون، گەورەترین رێژەى بایکۆت لەسلێمانى و هەڵەبجەو دەڤەرى راپەڕین و گەرمیان بووە، ئەم رێژەیە، زەنگێکى زۆر مەترسیدارە بۆ یەکێتى و گۆڕان.. دەبێ ئەو دوو حزبە لەئێستاوە بیر لەخۆیان بکەنەوەو لەوە بکۆڵنەوە کە خەڵکى ئەو دەڤەرە بۆچى عاجزە؟ بۆچى ناچنە سەر سندوق؟

ئەگەر سبەى پارتى دیموکراتى کوردستان فشار بکات بۆ سازدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم، قورسایى یەکێتى و گۆڕان چى دەبێت لەهاوکێشەى سیاسیى ئایندەدا؟ لەکاتێکدا ئەو رێژە گەورەیەى بایکۆت لەدەڤەرى ئەواندایە؟

پێم وایە لەئایندەدا یەکێتى و گۆڕانیش بەرامبەر پارتى دیموکراتى کوردستان بەشێوەیەک لاواز دەبن لەڕووى پێگەى سیاسییەوە، کە رەنگە تەواوى هاوکێشە سیاسییەکانى کوردستان لەبەرژەوەندى پارتى جێگیر ببن و چیدى دەنگێک نەمێنێت کە بەرامبەر هەژموونى بەهێزى ئەو حزبە بوەستنەوە. ئەگەر رێژەى بەشدارى لەهەڵبژاردنى داهاتوودا لە هەریەکە لەپارێزگاکانى (هەولێرو دهۆک) وەک ئەم ریفراندۆمە بێت، ئەوا بەمسۆگەرى پارتى گەورەترین کوتلەى پەرلەمان دەبێ و کاندیدەکەشى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم زۆر بەئاسانى سەردەکەوێت.


AM:11:27:26/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 78545 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی