لە دیداری بارزانیدا!

‌د.سەروەر عبدالرحمن عمر


لە دیدارێكدا كە بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆدا سازیدابوو، كۆمەلێك باسوخواس سەبارەت بە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان تاوتوێ‌ كران، وەك هەمیشە سەرەتا بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، دواتر ئامادەبوان راو سەنجەكانی خۆیان خستە روو.

مامۆستایەكی بەشی مێژوو وتی: دروستكردنی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی هەنگاوێكی گرنگە ناوتانەو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێكی بوێرانەیە، پێم وانیە كوردێك هەبێت ئەگەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی هیواو ئامانجیش نەبێت لەلای خەونی پێوە نەبینێت، ساڵەهایە ئەم میللەتە هەشبەسەرە بۆی تێدەكۆشێ و قوربانی بۆ دەدات. بەتایبەت كوردی باشور كە نزیكەی سەدەیەك دەبێت بەزۆر ئاخنراوەتە نێو ئەو قەفەسە جەهەننەمیەی بە عیراق ناسراوە، كە هیچ مەرج و رێكارێكی ژیانی مرۆڤانەی تیادا نەبووەو نیە، بەبێ جیاوازیی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی، بەوەی ئێستاشەوە، بۆیە تاكە رێگە تەنها و تەنها جیابوونەوەیە. ئەوە ئێوەن كە دەتوانن خەونەكانی شێخ مەحمود و بارزانی و تاڵەبانیش وەدی بێنن.

لەو لاوە مامۆستایەكی بەشی كارگێڕی هەلسایەوەو وتی: بەڵام بۆ دروستكردنی دەوڵەت دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە پرەنسیپ و رێ و شوێن و تەدارەكی خۆی گەرەكە، ئامادەكاریی ناوخۆو دەرەكی پێویستە، بەر لە هەر هەنگاوێك دەبێت بگیرێنەبەر. بەڕێز بارزانی هیوادارین بیرت لەوە كردبێتەوەو بەرنامەڕێژییت بۆ كردبێت و هەنگاوت بۆی نابێت. چونكە دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بە شەفافیەت هەیە، پێویستی بە ئیدارەیەك هەیە كە بایی ئەوەندە دەستپاك بێت خەڵكی متمانەی پێ بكەن كە سەرەتایی ترین مافەكانیان پێشێل ناكرێت و پارووی دەمی منداڵەكانیان ناڕفێنرێت.

لەم لاوە دكتۆرێكی كۆلیژی یاسا پێی وابوو: دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بەوە هەیە كە زۆرترین دۆستی بەهێزی دەرەكی و نێو دەوڵەتی هەبێت تا پشتگیریی لێ بكەن لەدوای راگەیاندنیدا، درێژەی پێداو وتی دروستكردنی دەوڵەت بەپێی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێویستی بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی هەیە تا بەفەرمی دانی پێدابنرێت. دەوڵەت دروستكردن پێویستی بەوە هەیە كە مافە مەدەنیەكانی خەڵكەكەی پارێزراوبێت، ئازادیان بۆ دابین بكات و لەسەر وتارێك رۆژنامەنوسەكانی تیرۆر نەكرێن، پێی وابوو دەبێت بەڕاستی پەرلەمانی هەبێت نەك لەلایەن دوو چەكدارەوە سەرۆكی پەرلەمانەكەی رێگریی لێ بكرێت و پەرلەمانتارەكانی سوكایەتی و هەڕەشەیان لێ بكرێت و هۆڵی پەرلەمانیش ببێت بە كارگەی پینەكردنی كارە نایاساییەكانی حكومەت، وتی دەولەت پێویستی بەوە هەیە كە دادگاكانی سەربەخۆ بن نەك كەسانێك لەسەر دزینی مریشكێك چەندان ساڵ زیندانی بكرێن و ئەوەی بیرەنەوت و بۆریی نەوتیشی دزیوە خەلات بكرێت!

مامۆستایەكی ئابووری رای خۆی دەربڕی و وتی: دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بە ئابوورییەكی بەهێز هەیە كە بەلای كەمەوە تا ساڵێك ئیحتیاتی پێداویستیە ناوخۆییەكانی خۆی خستبێت و گەلەكەی برسی نەبێت و موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت و پشت بەتەنها یەك سەرچاوەی داهات نەبەستێت، پێویستی بە دەرەتانێك هەیە بۆ پەیوەندی كردن تا لە دنیای دەرەوە دانەبڕێت، پێویستیی بە دامودەزگەو دامەزراوەی یاسایی و نیشتیمانی هەیە تا ژیانی رۆژانەی دانیشتوانەكەی لەسەر رێچكەیەكی مەدەنیانە بەڕێوە ببات، دەوڵەت دروستكردن پێویستی بەوە هەیە كە دەسەلات بتوانێت سادەترین مافی هاولاتیان موچەیە لەبەرامبەر ئەو خزمەتەی دەیكەن بۆیان دابین بكات.
عەمید روكنێكی كۆلیژی سەربازیی وتی: دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بەهێزێكی سەربازیی پۆشتەو پەرداخی یەكگرتووی نیشتمانی هەیە كە لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی مەترسیدا بتوانێت بەرگری لە خاكەكەی بكات، نەك هەر چاوی لە سوپا و فرۆكەی دەرەكی بێت بیپارێزیت.

پرۆفیسۆرێكی كۆلیژی پەروەردە وتی: دەوڵەت دروستكردن پێویستی بە سیستەمێكی پەروەردەی پێشكەوتووی نیشتمانی هەیە كە نەوەیەك پەروەردە بكات خۆی بەخاوەنی داهاتووی ئەم ولاتە خێرلەخۆنەدیوە بزانێت، نەك بلێت تەنها پێلاوەكانم بەم خاكەم دەبەستنەوە! دەوڵەت دروستكردن پێویستی بە دەسەلاتێك هەیە خائین و نیشتیمانپەروەر لەیەكتری جیابكاتەوەو ئەوانەی رۆژێك لەڕۆژان دژی میللەتەكەیان دەستیان لەگەڵ سوپای داگیركەران تێكەلاوكردووە ریسوایان بكات و رێگە نەدات دەسەلات بگرنەدەست، چونكە هەمووكات ئامادەن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دووبارەی بكەنەوە، دەولەت پێویستی بەوە هەیە یەكسانی هەبێت و نێرو مێ بەیەك چاو تێیان بڕوانرێت و رۆژانە ژنان خۆیان نەسوتێنن و نەكوژرێن، دەوڵەت دروستكردن پێویستی بەوەیە لەم سەردەمی زانست و تەكنەلۆجیایەدا زانكۆكانی پێشەنگ بن و كانگەی پێگەیاندنی زانست و زانستەوانان بن نەك بكرێن بە دووكانی لاكۆلان بۆ كۆكردنەوەی پارەو فرۆشتنی بڕوانامەی بێ ناوەڕۆك.

دكتۆرێكی بەشی زمانی كوردی كە تەمەن برستی لێ بڕیبوو بە ناڵە ناڵەوە وتی: جەنابی سەرۆك ئەگەر نەتوانیت زمانی كوردی بپارێزی لە بڕیاری نابەجێی بڕیاربەدەستانی حكومەتەكەت كە لە پەروەردەو فێركردندا بێ نرخیان كردووە، ناتووانی نەتەوەكەشت بپارێزی، ئیتر چۆن دەولەت دروستدەكەی!

لە كۆتایی دا، مامۆستایەكی بەشی كۆمەڵناسی هەلساو وتی: جەنابی سەرۆك... دەوڵەت دروستكردن پێویستی بە سەرۆك و رێبەری بوێر و چاونەترسە، نەك كەسانێك كە لەبەرامبەر میللەتی خۆیاندا شێرن و لەهەمبەر دوژمنانیشدا مەڕی لەڕ. دەوڵەت دروستكردن پێویستی بەوە هەیە كە دز و گەندەڵ و مافیاكان ئەگەر نەشدرێن بەدادگا دەسەلاتیان لێ وەربگیرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی سادەو رەشوڕوت و و دڵسۆز بۆ تەنها جارێك هەناسەیەكی بە ئیسراحەت بدەن. لەدرێژەیدا وتی: مەلا مستەفای رەحمەتی شۆڕشێكی لەسەر كەركوك داناو سازشی نەكرد، دەوڵەتی كوردی بەوە سەركەوتوو دەبێت كە كەركوك نەدۆڕێنن و بەشێك بێت لەو دەوڵەتەی دروستی دەكەن.
مام بۆرە كە پێشمەرگەیەكی كۆن بوو، سەرباری ئەوەی بەتەمەندا چووەو سالانێك پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، كارگوزاری سەرۆكایەتی زانكۆ بوو و چای دەهێنایە ژوورەوە، لە عانی چاداناندا وتی با منیش قسەیەك بكەم: دەوڵەت دروستكردن بەوە دەبێت كە دوای ریفراندۆم سەرۆك و رێبەرانی كورد نەكەونە تەنازولات، بە توركیا و ئیران و عیراق نەڵێن ئەم ریفراندۆمەمان بۆ سەربەخۆیی نەبووە، سوربن لەسەر داواكارییە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و بەپشكی سەدا حەڤدە و پۆستی سەركۆمار و بۆڕیی نەوت و بودجەی زەبەلاحی نادیار، میللەتەكەیان نەگۆڕدرنەوە.

مام بۆرە لە درێژەی قسەكانیدا وتی: دەستت خۆش كەلەم چەند رۆژەدا هەموو حزبەكانت تێك شكاند و كردتن بە پاشكۆ، كەسیان نەیانتوانی لە فەرمانت دەربچن، حزب هەیە لە شەو و رۆژێكدا چەندین بەیاننامەی دژبەیەكی دەركرد و دواتر هاتە سەر راكەی تۆ، حزب هەیە لە دووا كاتژمێردا بەخەلك دەلێت ئازادن لەوەی دەنگ بە بەلێ دەدەن یا نەخێر، وەك ئەوەی خەلك ئازاد نەبێ و چاوەڕێی ئەوان بكات! جا خۆ باسی ئەو بەناو حزبانەش ناكەم كە پاشكۆن یا رەگەڵت كەوتوون! بۆ یە دەڵێم پێشمانكەوە بارزانی!

منیش لە كۆتاییدا هەلسام و بە حەماسەتەوە كەوتمە قسەو وتم: جەنابی سەرۆك... ئەگەر ئەوانە بكەی، هەموو میللەتی كوردت لەپشتەو هەر هەموومان پڕ بە قوڕگمان هاوار ئەكەین: بژی بارزانی... دامەزرێنەری دەوڵەتی كوردستان، بژی بارزانی، بژی ی ی... (لە هاوار هاواری بژی بژی خۆم لەو خەوە خەبەرم بوویەوە! بینیم كاتژمێر (8)ی سەرلەبەیانی رۆژی 25/9/2017 یە و بەپەلە هەلسام خۆم ئامادە كرد، وەك هەموو خەلكی تر بەرەو بنكەی دەنگدان چووم تا بە (بەڵێ‌) دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەم بەلام بەداخەوە لە بێ سەروبەرەیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا دەنگم لە تۆماری دەنگدەراندا نەبوو و رێگەم پێ نەدرا دەنگ بدەم!).


PM:03:19:25/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 4204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی