سەرۆككۆمار لەنێوان كورد و ئەوانی تردا

‌خانم ره‌حیم

فەزاری سیاسی لەكوردستان تا ئێستا ئەو دۆخەی تێنەپەراندوە كە میراتی شەری ناخۆیە، بۆیە ئەو تێگەیشتنە تێكەڵ بەهەموو شتێك كراوەو بازنەی لێكدانەوەو هەڵسانگاندنی هەموو شتێك بەرتەسك بوەتەوە، بۆ دیدگایەك كەسەر بەكام كەمپی، ئەم تێگەیشتنەش وادەكات تەنها قبوڵ و رەتكردنەوە شك ببات و دنیا بەرەش و سپی ببینێت.

عیراق لەدۆخێكی ناهەموار و شپرزەدا ژیانی سیاسی بەسەر دەبات، بەڵام جیاواز لەهەرێمی كوردستان خاوەن فەزایەكی سیاسی كراوەترن، باری خزمەتگوزاری لەئاستێكی نزمدایە، دیاردەی گەندەڵی زۆرە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا لێپرسینەوە هەیەو دەسەڵات چەقی نەبەستوە لەدەست لایەنێكدا بۆیە هێشتا ئومێد بەگۆرانكاری و چاككردنی دۆخەكە بوونی هەیە.

لەعیراق بەدەر لەئینتمای حزبی و نەتەوەیی چاو لەسەر ئەوەكەسانەیە خاوەن جوڵەیەكی جیاوازن، بۆنمونە جوڵەكانی ئەم چەند مانگەی سەرۆككۆمار كەتوانیویەتی عێراق لە پەرتەوازەیی و دورە پەرێزی دبلۆماسی رزگار بكات و گرنگی بدات بەدۆخی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرسی خێزان و ژنان، ئومێدێكی زۆری لای شەقامی عێراق دروست كردوە، بەدەر لەوەی كە ئەو پۆستە لای سەركردەیەكی كوردە، ئێستا پێگەی سەرۆككۆمار جێگەی بایەخێكی زیاترەو هیوا دەخوازرێت زیاتر سەرۆكایەتی كۆمار ببێتە سەكۆیەك بۆیەیكگەیشتنی لایەنەكان و دروستكردنی دیالۆگێكی سودمەند بۆ نزیك بوونەوەی لایەنەسیاسیەكان و دۆخی خراپی ئێستای عیراق.

ئەمەش جیاوازی ئەو تێروانینەیە كە لەلای زۆربەی حزبە كوردیەكان بۆ حوكرانی هەیە، چونكە دیدی ئەوان بۆ حوكمرانی ئیدارە زیاتر چردەبێتەوە لەبەدەستهێنانی پۆستەكان نەك كردار و ئەنجامدانی كاری بكەرەكان.
لەعێراق و تارادەیەكیش دەرەوەی وڵات، بەپێچەوانی هەرێمەوە، میدیاكان بەوردی چاودێری جوڵە نەوعییەكانی سەرۆككۆمار دەكەن، بایەخی پێدەدەن و روناكی دەخەنە سەر، لایەنە سیاسییەكان رووی لێدەنێن و سوپاسگوزارن تا بەشدار بێت لەگفتوگۆكانیان.

ژنان و لاوان بەبیستنی ئەوەی دیدگایەكی جیاوازتری خستۆتە رووو بۆ پرسەكانیان، هانایان بۆهێناوە تاكۆڵ نەدات، بۆ ئەو مەبەستە دەیان پرۆژەیان خستۆتە بەردەم سەرۆكایەتی كۆمار تا كاری لەسەر بكات، نەتەوە جیاوازەكان، ئاینە جیاوازەكان، تەنانەت ئەو ژنانەش كە سەر بەدەزگا حزبی ئیسلامین، بەسفور محاجەبەوە زۆربەیان دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت و بەشداربن لە پێشخستنی پرۆژەكانی سەرۆككۆمار، چونكە لەنەتیجەدا ئەوان ژیانی خۆیان و ئایندەی ماڵ ومنداڵیان زیاتر بەلاوە گرنگە لە پرسە سیاسی و حزبیەكان، ئەمەش جیاوازی ئەو فەزا گشتیەیە كە لەنێوان هەولێر و بەغداد دروست بووە.

بەپێی مادەی 60 لە دەستوری عیراق، سەرۆكایەتی كۆمار بۆی هەیە پرۆژە یاسا بنێرێت بۆ پەرلەمان و پیشتیوانی بكات، لەسەر ئەو بنەمایە هەرلەسەرەتایی دەستبەكار بوونی سەرۆككۆمارەوە، ئامادەكاری كراوە و چەند پرۆژەیەك تاوتوێكراوە، لەوانە، ئەولەویەت بەو پرۆژانە دراوە كە كاریگەریان لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیان دەبێت و دەبنە هۆكارێكی گرنگ بۆ كەمكردندنەوەی نیگەرانی كەمایەتیەكان و ستەمی سەر ژنان و منداڵان و دەستەبەر كردنی مافەكانیان بەپێی دەستور و یاسا، هەربۆیە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی و قەرەبووكردەنەوەی قوربانییەكانی توندوتیژی و تیرۆر، بەتایبەت كچان و ژنانی ئیزدیی.

ئەوانە بەشێك لەوكارانەن كە لەبەردەستدان، دیارە ئەمانەش ئەو گرنگی خۆیان هەیە بۆ رێكخستنەوەی سیمای مەدەنیانەی حوكمرانی و پارستنی مافی ئەو توێژانەی كە تارادەیەك پشتگوێ‌ خراون، ئەمەش بە دەركردنی یاسای نوێ‌ و هەموراكردنەوەیان لەرێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە. هەربۆیە دەستپێكی ئەوكارانە دەتوانێت ئاراستە جیاوازەكانیش لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە و سەرۆكایەتی كۆمار ببێتە چەتری كۆكەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان، بەتایبەت گرنگیدان بەو توێژانەی كە تارادەیەك خراونەتە پەراوێزی دنیای سیاسەتەوە.

بەرگرتن بە توندوتیژی خێزانی رەنگە سەرەتایەكی باش بێت بۆ دورخستنەوەی كۆمەڵگە لە كردەی توندوتیژی، هەرچەندە ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام موستەحیلیش نییەو دووری هەرێگایەكیش سەرەتا لەهەنگاوێكەوە دەستپێدەكات، وا ئێستا ئێمە بەپشتیوانی هەموو ئەوانەی بەدوای دادپەروەری وئاشتی كۆمەڵایەتیەوەن، لەسەرەتای ئەو هانگاوەداین، كە بەداخەوە تا ئێستا بایەخ وگرنگی دانی هەرێم لەهەموو رویەكەوە وەك پێویست نییە بۆ ئەم هەنگاوانە.


PM:08:41:23/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 2520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی