بۆچی كۆنگرە ناكرێت؟

‌سه‌رتیب قه‌شقه‌یی‌

دواجار لە غیابی مام جەلال یەكێتیی نیشتمانی كوردستان نەیتوانی مۆتەكەی ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم تێبپەرێنێت، دوێنێ شەو مەكتەبی سیاسی كۆنگرەی دواخست و چاوەڕێش دەكەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شەرعیەت بە بڕیارەكەیان بدات.

بۆچی كۆنگرە ناكرێت؟

لەسەردەمی مام جەلال یەكێتیی سێ كۆنگرەی ئەنجامدا، كۆنگرەی یەكەم بۆ یەكخستنی ناوی یەكێتیی و كۆكردنەوەی ئاڕاستەكان بوو لە ژێر یەك چەتر و یەك ناو، كۆنگرەی دووەم كە لەسەرەتای ساڵی دوو هەزارەكان ئەنجامدرا، تەنها بۆ ئیبرازكردنی بەرهەم ساڵح بوو لەلایەن مام جەلال بۆ لێدان لە كۆسرەت رەسوڵ و جەبار فەرمان، كۆنگرەی سێهەمیش لە ساڵی 2010 بۆ بڕانەوەی كلكی گۆڕان و جیابوونەوەی نەوشێروان موستەفا بوو.

هەتا مام جەلال مابوو كۆنگرە دەكرا، چونكە مام جەلال خۆی بێ ركابەر سكرتێر بوو، مام جەلال جێگری دادەنا، مام جەلال، مەكتەبی سیاسی دادەنا، مام جەلال بەشێك لەسەركردایەتی دادەنا، مام جەلال راپۆرتی گشیتی دەنووسیەوە، مام جەلال خەڵكی بە تەسكیە دەهێنا كۆنگرە، بەڵام ئێستا كەس نازانی كێ دەبێتە سكرتێر، كەس نازانێ كە دەبێتە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كەس نازانی كێ دەبێتە جێگر، كەس نازانی راپۆرتی گشیتی كێ بینوسێتەوەو بیخوێنێتەوە، كەواتە كۆنگرە چۆن دەكرێت؟!

مەكتەبی سیاسی بڕیارەكەی داوەتە سەركردایەتی بۆ دواخستنی كۆنگرە بە بیانوی نەبووی سازان و تەوافوق لە نێوان باڵەكان، ئەو سەركردایەتیەی ئێستاش زۆربەیان پشتگیری ئەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی دەكەن، لەبەرئەوەی زۆربەیان باش دەزانن كە دەرناچن و پێگەی زۆربەیان لە خەتەرە.

جگە لە باڵی لاهور شێخ جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی سەرجەم باڵەكانی دیكەش بە بەرهەم ساڵحەوە، كە لەلایەن عدنانی حەمەی مینە سەرۆكایەتی دەكرێت، پاشگەزبوونەتەوە لە ئەنجامدانی كۆنگرە، چونكە ماڵی مام جەلالیش پشتیان لە بەرهەم ساڵح كردووە بۆ بوون بە سكرتێر.

بەشێكی زۆری مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجامنەدانی كۆنگرەن و شێخ جەعفەریش لەم ڕۆژانە بە ئاشكرا ئاماژەی بەوەكردووە ئەگەر كۆنگرە بكرێت بەو بارودۆخەی ئێستا هەڵدەكوتێتە سەر ماڵی مام جەلال.

كۆنگرە كەی لە نێو یەكێتیی دەكرێت؟

ئەگەر هەموو لایەنەكان رێكبكەون ئەوكات دەبێتە كۆنگرەی شانۆگەری؟
ئەگەر رێكنەكەون و بچنە كۆنگرە، ئەوكات كۆنگرەیەكی پر لە كێشمەكێش و ئینشیقاق روودەدات؟
كەواتە یان دەبێ رێكبكەون كۆنگرەی شانۆگەری بكەن، یان دەبێت كۆنگرەی جیابوونەوە ئەنجامبدەن، ئەوانیش نە رێكدەكەون و نە لەگەڵ جیابوونەوەش، بۆیە نە كۆنگرەیان پێدەكرێت و نە دەشتوانن بڕیار بدەن.


PM:01:33:04/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 62320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی