ئەمڕۆ گەورەترین هەڵبژاردن لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت!!!

‌کارۆخ خۆشناو


کۆنگریسی ئەمریکا لە دوو ئەنجومەن پێکدێت، ئەنجومەنی نوێنەران (٤۳٥) ئەندامن کە هەر ولایەتێک بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی ئەندامی هەیە لەم ئەنجومەنەدا، هەروها ئەنجومەنی پیران کە (۱۰۰) ئەندامن و بەیەکسانی هەر ولایەتێک لە (٥۰) ولایەتەکە، دوو ئەندامی هەیە، کۆی گشتی ئەندامانی کۆنگریس لە (٥۳٥) ئەندام پێکهاتووە.

لە ناوەڕاستی هەموو خولێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەڵبژاردنێکی گەورە بۆ (کۆنگرێس) بەڕێوەدەچێت پێ دەگوترێت (Midterm Election) لەم هەڵبژاردنەدا (٤۷۰) ئەندامی کۆنگرێس لە کۆی (٥۳٥) ئەندام هەڵدەبژێردرێن بەم شێوەیەی خوارەوە:

تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە (٤۳٥) ئەندامن لەگەڵ یەک لەسەر سێی (۱/۳) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کە (۳٥) ئەندامن هەڵدەبژێردرێن، هەروها (۳۹) حاکمی ولایەت و چەندان کاربەدەستی تری حکومەتی وولایەتەکان و فیدڕاڵ هەڵدەبژێردرێن.

لە مێژووی زۆربەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگریسی ئەمریکادا، ئەو پارتە براوە بووە کە ئۆپۆزۆسیۆن بووە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆدا دیموکراتەکان زۆربەی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ببەنەوە، واتە چاوەڕواندەکردێت پارتەکەی تڕەمپ (کۆماریەکان) بدۆڕێن.

ئەم حالەتەش بە پێچەوانەی زۆربەی ووڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکانە کە هەمیشە حیزبە دەسەڵاتدارەکان براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانن، پێموایە بەم شێوازە دەنگدەری ئەمریکی دەیەوێت باڵانسێک ڕابگرێت لە نێوان دەسەڵاتەکان، بۆ ئەوەی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بەدەست سەرۆک و حێزبەکەی سەرۆکەوە نەبن.

لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەری زۆرە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران براوە و باڵا دەست بن، لەم حاڵەتەشدا تارادەیەک بەربەست بۆ سەرۆک تڕەمپ دروست دەبێت و هەندێک کۆسپ و تەگەرە دەکەونە بەردەم هەندێک لە پڕۆژەکانی تڕەمپ، چونکە دەسەڵاتەکان لە ئەمریکادا بە شێوەیەک دابەش کراوەن هەمیشە هاوسەنگیەک هەیە لە نیوان هەرسێ دەسەتەکەدا:

(دەسەڵاتی دادوەری یان دادگاکان - دەسەڵاتی یاسا دانان یان کۆنگریس - دەسەڵاتی سەرۆک یان حکومەت و جێ بەجێ کردن) بۆیە لە هەندێک پرسی چارەنوسساز و گرنگدا تڕەمپ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆنگریس بۆ نموونە (بەیاسا کردنی بەڵێن و پڕۆژەکانی هەڵبژاردن و پرسی هەڵگیرساندنی شەڕ یان وەشاندنی گوزی گەورەی سەربازی یان هەندێک ڕێکەوتننامەی گەورە ....هتد) 

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ناوەندەکانی ڕاپرسی ئەمریکا نزیکەی (۷۰٪)ی کاندیدانی کۆنگرێس یاساناسن و دەرچووی کۆلیژی یاسان، ئەم هۆکارەش نهێنی سەرکەوتنی کۆنگریسی ئەمریکا بووە لە مێژووی خۆیدا، چونکە کۆنگرێس کۆمەڵێک ئەرکی لە ئەستۆدایە وەک: داڕشتن و دەرکردنی یاسا و ڕێساکان و چاودێریکردنی سەرۆک و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن (حکومەت) هەروەها پەسندکردنی بوجەی ئەمریکا کە زەبەلاحترین بوجەیە لەسەر ئاستی جیهان، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەرکی تر.

لە ئەگەری گرتنەدەستی جڵەوی کۆنگریس لە لایەن دیموکراتەکانەوە (وەک چاوەڕواندەکرێت) ئەوا تڕەمپ وەک پێشتر دەست کراوە نابێت لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا، چونکە دیدگای دیموکراتەکا لەگەڵ دیدگای تڕەمپ و کۆماریەکان جیاوازن، بەڵام لەم حاڵەتەشدا سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی کەمپینی هەڵبژاردن و چونکە سەرۆکی ئەمریکا خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانە، لە دوو ساڵی ڕابردووشدا تڕەمپ توانیویەتی تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری بەڵێنەکانی، چونکە تڕەمپ لە ئێستاوە چاوی بڕیوەتە خوڵی دووەم و دەیەوێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندید بکاتەوە.

پێموایە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ هەر چۆنێک بێت، تڕەمپ بەردەوام دەبێت لە شێوازە تایبەت و ناوازەکەی خۆی و بە دیدگای (سیاسەت لە خزمەتی ئابووریدا) درێژە بە سیاسەتی دەرەوە دەدات لەمەر کێشەکانی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، لەو باوەڕەشدا نیم کە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی ڕووبدات بەسەر شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا.


PM:05:20:06/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 4288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی