چەند قسەیەکی حەق لەسەر ئەمەریکا و ڕیفراندۆمی کوردستان!

‌کارۆخ خۆشناو

ئەمەریکا بە ڕوون و ڕاشکاوی ئامانجی هەنوکەیی و ستراتیژی خۆی لە سەرتاسەری دونیا دیاریکردووە و بەردەوام تاکیدیان لێ دەکاتەوە و نەیانشاردۆتەوە کە هەموو هەوڵەکانیان لەپێناو بنیاتنان و پاراستنی بەرژەوەندیە (سیاسی و سەربازی و ئابوریەکان)ی خەڵکی ئەمەریکایە، ئەگەرجی هەندێک جار بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەشیان لە سەر حیسابی پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێت!

ئەمەریکا لە ئەمڕۆدا دژی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستانە، چونکە ئەوان وای دەبینن کە پڕۆسەی ڕێفراندۆم کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکیەکەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش لە ناوبردنی داعشە، ئەگەرچی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چەندین جار تاکیدیان کردۆتەوە کە ڕیفراندۆم کاریگەری نەرێنی دروستناکات، بەڵام دوێنێ بە ڕاشکاوی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نین.

ئێستا کورد حەقی خۆیەتی چوار پرسیار لە ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات:
۱ـ بۆچی مافی خاوەنداریەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ژیانێکی ئازاد و سیستەمێکی دیمکراسی بۆ خۆتان ڕەوایە و بۆ کورد ناڕەوایە؟

۲ـ  ئایا کورد خاوەن ماف و ئیڕادەی خۆیەتی یان سەرباز و دەستکەلا و بەکرێگیراوی ئەمەریکا و ووڵاتانی زلهێزە؟

۳ـ ئەگەر ڕیفراندۆم مافێکی دانپێدانراوی میللەتان بێت بە گوێرەی *[په‌يمانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا له‌ مادده‌ 1 بڕگه‌ى 2 و مادده‌ 55ى په‌يمانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، له‌ بڕيارى 1514 و 1541ى كۆمه‌له‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و مادده‌1ى هاوبه‌شى هه‌ردوو رێككه‌وتننامه‌ى نێوده‌وله‌تيى مافه‌ مه‌ده‌نى و سياسييه‌كان و رێككه‌وتننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى بۆ مافه‌ ئابوورى و كۆمه‌لايه‌تى و كولتوورييه‌كان، له‌ بڕيارى 2625ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى، له‌ به‌ياننامه‌ى هلسنكى 1975، له‌ جاڕنامه‌ى ڤێننا 1993 چه‌سپێنراوە...]، بۆچی ئەو مافە بۆ کورد بە ڕەوا نابینن؟
٤ـ ئەگەر بۆ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ئاسایی بێت بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەون، بۆچی بۆ کورد ئاسایی نەبێت بەدوای بەرژەوەندیاکانی خۆی بکەوێت؟

ئێستا مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی نۆی و سەدەیەکی نوێ و سەردەمێکی نوێدایە "کە سەرەتای سەدەی بیست و یەک و سەردەمی گڵۆبالیزەیشن و جیهانگیریە"، بۆیە زۆر گرنگە کورد لەم قۆناغەدا زۆر هۆشیارانە مامەڵە بکات، چونکە کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵێک هەڕەشە و دەرفەت! بەتایبەت حاڵی حازر پڕۆسەی ڕیفراندۆم ئیڕادەی سەرکردەکان و خەڵکی کوردستانی خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و نابێت چیتر ڕێگا بدرێت کەسایەتی کورد تێکبشکێنرێت و مافەکانی زەوت بکرێت، بەڵکو پێویستە کورد بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بسەلمێنێت کە هاوشێوەی ووڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان خاوەن ماف و ئیڕادەیەکی بەهێزە و چیتر ژێردەستەیی قبوڵ ناکات و بە هیچ شێوەیەک مێژووی (۱۰۰) ساڵی ڕابردووی دووبارە ناکاتەوە و ناگەڕێتەوە ژێر دەستەڵاتی بەغدا.

*بەشێکی ئەم تێکستەم لە نوسینێکی نوسەر و ڕوناکبیر مامۆستا ئاسۆ کەریم وەرگرتووە.


PM:09:07:16/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 5951 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی