گرێ كوێره‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا
یاسین ته‌ها
گفتوگۆكانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عه‌بادی له‌ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپییه‌كان و به‌پاڵنه‌ری هه‌ڵبژاردن له چه‌ند رۆژی رابردوودا له زۆر بواردا به‌ره‌و پێشچوون و ئاساییبوونه‌وه‌ی به خۆوه دیوه، هه‌ندێك پرسیش وه‌ك گرێ كوێره ماونه‌ته‌وه‌و ده‌كه‌ونه پاش هه‌ڵبژاردن و یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی عه‌بادی له‌لایه‌ك و پێگه‌ی پارتی و یه‌كێتی له لاكه‌یتر و ده‌كرێت پرسه‌كان به‌م شێوه‌یه پۆلێن بكرێن:
_ فڕۆكه‌خانه‌كان:
بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا به ده‌رچوونی فه‌رمانێكی دیوانی سه‌رۆك وه‌زیران بكرێنه‌وه به ڕووی گه‌شته نێوده‌ڵه‌تییه‌كاندا پاش گرتنه‌به‌ری ئه‌م رێوشوێنانه: چیتر ڤیزای تایبه‌تی هه‌رێم نامێنێت و یه‌كده‌خرێت له‌گه‌ڵ هی عێراق، به‌غدا چاوه‌دێری ده‌بێت به‌سه‌ر هاتن و ڕۆشتی گه‌شتیاران و داتابه‌یسی فڕۆكه‌خانه په‌یوه‌ست ده‌كرێت به هی هه‌موو عێراقه‌وه. ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری ئه‌منی كورد میلاكیان ده‌چێته سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ند و ده‌بنه پارێزه‌ری ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌كان.
_ موچه:
تا ئێستا زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ن كه به‌غدا یارمه‌تی هه‌رێم ده‌دات له دابینكردنی مووچه‌ی هه‌ندێك له فه‌رمانبه‌ران (په‌روه‌ردو ته‌ندروستی)، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت موچه‌ی ئه‌وانیتر بدات له‌و 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته رۆژانه‌ی هه‌نارده‌ی ده‌كات تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی دۆسییه‌ی نه‌وت و بودجه:
_ نه‌وت:
له‌هه‌موو پرسه‌كان ئاڵۆزتره‌و یه‌كلابوونه‌وه‌ی دواخراوه بۆ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان چونكه هه‌موو رێگاكانی ئه‌م دۆسیه‌یه ده‌چێته‌وه سه‌ر ئاشتی هه‌ورامی، به‌غداش گه‌شتۆته قه‌ناعه‌ت ناتوانێت به‌م ده‌ست و ده‌مه لێی تێ بگات، چونكه هه‌رێم داوای قه‌رزه‌كان و هه‌قده‌ستی كۆمپانیاكان و پشكه نه‌وتییه‌كیان ده‌كات له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی بكات. توركیا تا ئێستا ئاماده نییه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕاگرێت به پاساوی قه‌رز (باسی 4 ملیار دۆلار هه‌یه)، به‌ڵام ئاماژه‌كان ده‌ڵێن هۆكاره ڕاسته‌قینه‌كه خواستی ئه‌نقه‌ره‌یه بۆ بوونی هه‌رێمێكی دۆست و ئاتاجی توركیا له عێراق.
ئه‌نقه‌ره چاوی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شه له داهاتوو گازی سروشتی به هه‌رزانتر له هه‌رێم بكڕێت به‌به‌راورد به بازاڕه جیهانییه‌كان و هه‌رێمی كوردستانیش به‌دیلی توركیایه بۆ pkk.
ڕوسنه‌فت:
كۆمپانیای ڕوسنه‌فتی ڕوسی كه سه‌ر به حكومه‌تی مۆسكۆیه و نفوزی زۆری هه‌یه له ناوچه‌كه بایی 3 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانی كردوه له‌كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمداو قه‌رزی زۆری له ئه‌ستۆی هه‌رێمه‌و به عێراق دابین ناكرێت.
نه‌وتی كه‌ركوك:
له دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر كێڵگه‌كانی هاڤاناو بای حه‌سه‌ن له ده‌ستی هه‌رێم ده‌رهێنران، به‌ڵام عێراق نه‌یتوانیوه تا ئێستا نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده بكات چونكه بۆڕی هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ی له كوردستانه‌و بۆڕییه عێراقییه‌كه‌ی داعش زیانی زۆری پێ گه‌یاندوه‌و به كه‌ڵك نه‌ماوه.
ئێران كه له ڕێگای قاسم سلێمانی و گروپی 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه یارمه‌تیده‌ربوو بۆ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك چاوی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه نه‌وتی ئه‌م شاره له رێی خۆیه‌وه هه‌نارده‌ی كه‌نداو بكات بۆ عێراق و گوشاری زۆر ده‌كات ببێته به‌دیلی توركیا، عه‌بادیش ناچاربووه رازی بێت، به‌ڵام ده‌ستی ده‌ستی ده‌كات چونكه هاوكاری نه‌وتی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌یخاته ریزی بێزراوانی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا.
بۆڕی توركیا:
هه‌رێم پێشنیازی كردوه بۆ به‌غدا نه‌وتی كه‌ركوكی بۆ هه‌نارده بكات له‌و بۆرییه‌ی كه به‌شێكی هی ڕوسنه‌فته، عێراقیش له ڕوی مه‌بده‌ئییه‌وه ڕازییه‌و عه‌بادیش خۆی ئه‌مه‌ی راگه‌یاندوه له یه‌كێك له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان، به‌ڵام له ترسی هه‌ڵبژاردن و له ترسی ئێران ناوێرێت زۆر له‌سه‌ری بڕوات.
ئه‌مه‌ریكا:
ناوه‌نده‌كانی په‌یوه‌ست به بڕیار له ئه‌مه‌ریكا گوشار ده‌كه‌ن واشنتۆن به‌غداو هه‌ولێر بگه‌یه‌نێته رێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه ئه‌گینا ئێران ده‌بێته بازاڕكه‌ری نه‌وتی كه‌ركوك و له كیسی توركیاش ده‌ڕوات.
فیشخابوور:
مانه‌وه‌ی له ده‌ستی پارتی یه‌كێكه له مه‌راقه‌كانی هێزه شیعییه‌كان و هی حكومه‌تی عێراق. ئه‌م گیرفانه سنوورییه په‌یوه‌سته به هیلالی شیعی و رۆژئاوای كوردستان و تاقه ده‌رچه‌یه‌كه ده‌شێت بیكاته ده‌روازه بۆ توركیا‌و رێگای وشكانی په‌یوه‌ستبوون به كیشوه‌ری ئه‌وروپا.
به غدا له‌پاش كه‌ركوك هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی خوێناوی كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فیشخابوور و له یه‌ك رۆژدا 60 كه‌س له هه‌ردوولا تێدا كوژرا كه هه‌ندێكیان فه‌رمانده بوون، به‌ڵام گوشاری هاوپه‌یمانان رایگرت و به‌مه‌ش وه‌ك كارت لای پارتی مایه‌وه‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی خاڵه سنوورییه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌رچۆنێك بێت به زۆر به دڵی به‌غدا نابێت كا داینابوو به هێزی سه‌ربازی تا سنووری توركیا بڕوات.
PM:08:42:12/03/2018
ئه‌م بابه‌ته 2829
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی