ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان کەمبکرێتەوە

‌دڵشاد حسێن

قۆناغی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و ڕیفراندۆم قۆناغێکی ترە و دەبێت لە ھەموو ڕوەکانی حوکمڕانی و دەسەڵاتداریەوە پێداچونەوە بکرێت، یەکێک لەو دامەزراوانە پەرلەمانی کوردستانە، کە لەڕوی بودجە و ژمارەی ئەندامانیەوە لەم دۆخە ئابوریەی دێتە پێشەوە زیادەخەرجی ھەیە کە بەپێی دۆخی نوێ دەکرێت پێداچونەوەی پێدا بکرێت و لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان دوو خاڵی گرنگ ھەموار بکرێتەوە:

١.ژمارەی کورسی پەرلەمان کەمبکرێتەوە بۆ نزیکەی ٥١ کورسی، بەمجۆرە ھەم ھەندێک خەرجی کەمدەکرێتەوە و ھەم بۆ ئیستقڕای کاری یاسادانان و چاودێری ئەکتیڤ تر دەبێت، چونکە ئەگەر بە پێی ڕێژەی دانیشتوانیش پێت کە عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران دایناوە بۆ ١٠٠ ھەزار ھاوڵاتی کورسیەک، بۆ نزیکی ٥ ملیۆن ھاوڵاتی ھەرێم لۆژیک ئەوەیە نزیکی ٥١ کورسی ھەبێت.

٢.بەپێی ئەزمونی خولەکان لیستی کراوە و لیستی داخراو بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێم زۆر سەرکەوتوو نەبوو لەوەی کاندیدی شارەزای جۆرا و جۆر و سەرکردە بڕیاربەدەستی حیزبیەکان نەچنە پەرلەمان، کە ئەگەر سەیری عێراق و وڵاتانی پێشکەوتوو بکەیت سەرکردەی حیزبەکان ھەموو لە ناو پەرلەمانن، کە ئەمە ئەرێنیە بۆ پرۆسەی بڕیاری سیاسی لە ناو پەرلەمان، لە جیھان چەندەھا جۆری لیست ھەیە، شتێک نیە ئەمەیان دیموکراتی تر بێت لەوی تر، ھەر جۆرێکی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە، بۆیە ئێمە دەبێت ئەوە ھەڵبژێرین کە لایەنی ئەرێنی زۆر ترە، بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێم و بەھێزکردنەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان باشترین ئەوەیە لیستی کراوەی مەرجدار ھەڵبژێرین، بە جۆرێک ھەرکاندێک نرخی کورسی بەدەستھێنا، ئەوا دەبێتە ئەندام و ئەوانی تر بە پێی ریزبەندی دەچنە پەرلەمان، کە ھەم بوار بە کاندید دەدات کە دەنگی نرخی کورسی بێنێت و ھەم بوار بەوە دەدات بە پێی ئەوەی حیزب پێی باشە بە پێی ڕیزبەندی بچیتە پەرلەمان، ئەم جۆرە لە سوید و چەند وڵاتێکی پێشکەوتوو پیادە دەکرێت.



PM:08:31:12/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 2067 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی