حكومەتی بێخاوەن

‌مەم بورهان قانع

ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مانا  یاسایی و عامییەكەی، حكومەتێكی "بێخاوەن"ی پێدەوترێت و ئەم "بێخاوەنیی"یەیش، لەروی چاودێرینەكردنییەوەیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە... وەكچۆن هەر حكومەتێك لەژێر چاودێریی پەرلەمان دا نەبێت، واتا حكومەتێكی بێخاوەن و بێ‌ لێپرسینەوەیە. لەبەرئەوە، ئەم كابینە حكومەتییەی ئێستا، كاربەڕێكەرە و لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، متمانەی پێنەدراوە. وەكچۆن ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، ناتوانین خاوەندارێتیی بكەین... كەمێك لەو مناڵانە دەچێت، كە باوكیان مردوە و كوڕە گەورە لاسارەكانیان كەوتونەتە دابەشكردنی میراتییەكانی باوكیان و  خوشك و برا بچوكەكانیشیان، لەو میراتییە بێبەشكردوە. بیزەبت وەك ئەو دابەشكردنی میراتییەیە، كە "قانع" لە شیعری "ماڵ بەشكردن لەگەڵ براكەم"دا، بە توانج باسی لێوە كردوە.

نزیكەی هەشت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە و هێشتا نەك كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكنەهاتوە، بەڵكو كاندیدی راسپێردراویش بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دیارینەكراوە و هەشت مانگە ئەم دۆخە بەمشێوەیە درێژەی پێدەدرێت و هیچ دەسەڵاتێك نییە لەم كابینە حكومەتییە بپرسێتەوە، وەكچۆن لە چەند ساڵی رابردوی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان-یشدا، دیسان بۆ ماوەیەك ئەم حكومەتە بێخاوەنیی كرا و پەرلەمان پەكخرا و  ئەم كابینە حكومەتییە، فرسەتی  هێنا و بڕیاری  بەنایاسایی "پاشەكەوتی موچە"ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دەركرد و هەرێمی كوردستانیشی روبەروی قەیرانێكی كوشندەی ئابوریی كردەوە و تا ئەمڕۆیش هێشتا ئەو قەیرانە بەردەوامە.

ئاخر بەغداد موچەی چوار مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ناردوە (وەكچۆن وەزیری دارایی عیراق جەختی لەسەر كردوە و ناوبراو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان-یشە). ئایا رەوایە بێ‌ خاوەنیی بگاتە ئەو ئاستەی لەو چوار موچەیە، دو موچەیان نەدرێتە موچەخۆرانی هەرێم؟! كە ئەمە سادەترین و رەواترین مافی هەر موچەخۆرێكە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەپێی بودجەی پەسەندكراوی عیراق بۆ ساڵی 2019، دەبو هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عیراقیی بكات، بەڵام چەند رۆژێكی دیكە دەچینە مانگی حوزەیرانەوە، كەچی هێشتا ئەم كابینە حكومەتییە "بێخاوەن"ە، بەرمیلێك نەوتی رادەستی بەغداد نەكردوە و بەمەیش جۆرێك لە ترس و دڵەراوكێ‌ لەلای موچەخۆرانی هەرێم، سەبارەت بە بڕینی موچەكەیان لەلایەن بەغدادەوە، دروستبوە.

بەرپرسیارێتیی پیشەیی و یاسایی و ئەخلاقیی هەر پەرلەمانتارێكە لە كوردستان (بە هەمو فراكسیۆنە جیاجیاكانەوە)، هەڵوێستی جدییان لەمبارەیەوە هەبێت و لە دینارێكی موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێم خۆشنەبن. دەبێت پەرلەمانی كوردستان، رۆڵی راستەقینەی بەرپرسیارانەی بەرانبەر بەم تاوانی حكومڕانیی و ئیدارەدانەی هەرێم هەبێت، كە بەرانبەر بە موچەخۆرانی هەرێم دەكرێت و ئەمڕۆ یان سبەی، ئەم پرسە لەگەڵ ئەم كابینەیە و كابینەكەی داهاتویشدا یەكلابكاتەوە و چیتر وا بە بێ‌ نرخیی لە ژیان و گوزەران و ئەم مافە رەوایەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، نەڕوانرێت.


PM:01:28:24/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی