"نەوەی نوێ‌" و بایكۆت

‌مەم بورهان قانع

بڕیارەكەی ئەمشەوی جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌" بۆ بایكۆتكردنی بەشداریكردنی پەرلەمانتارە دەرچوەكانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دا، بۆ ئێمە وەكو كاندیدەكانی ئەو لیستە، كە هێشتا ناوی دەرچوەكانی رانەگەیاندراوە و دەسكاریی كۆی دەنگەكانی كراوە و یاریی بە دەنگی كاندیدەكانیشی كراوە، بڕیارێكی ئاقڵانە و دروست بو، ئەمەیش لەبەر ئەوەی:

1- دەسكاریی ژمارەیەكی زۆری دەنگەكانی لیستەكەمان كراوە و بە ئارەزوی خۆیان ژمارەیان بۆ لیستەكەمان و ژمارەی كورسییەكانیشی داناوە، كە ئەمەش هەم بێرێزییە بەرانبەر بە سندوقەكانی دەنگدان، هەروەها ئیهانەكردنه بۆ دەنگی هاونیشتمانیان و پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و درێژەدان بە ساختەكاریی دەنگدان.

2- دەسكاریی دەنگەكانی چەند كاندیدێك كراوە و یاریی بە دەنگەكانیان كراوە، بۆ نمونە: من خۆم لە تەنها وێستگەیەكی چەند بنكەیەكی دەنگدانی ناو شاری سلێمانی دا، لە نێوان نۆ دەنگ و 11 دەنگ و 13 دەنگم هێناوە، كەچی كاتێ‌ كۆی دەنگەكانم لە هەریەكێك لەو بنكانەدا كە ئەو وێستگانەی تێدایە و دانراون، زۆر كەمتر بون لەو ژمارەیە، لەكاتێكدا ئەوانە تەنها ژمارەی یەك وێستگە (سندوق)ی بنكەیەكیان بون. ئاخر مەنتق نییە لە وێستگەیەك دا بە تەنها 9 دەنگم هێنابێت، كەچی لەو بنكەیەدا (كە پێكهاتوە لە چەند وێستگەیەك)، كۆی دەنگەكانم (8) دەنگ بوبێت! هەروەكچۆن پێشتر ژمارەیەكی بێشوماری سندوقەكانی دەنگدان ئامادەكراون و یاریی بە رێژەی دەنگەكانی لیست و بەشێكی كاندیدی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات كراوە.

3- چونە ناو پەرلەمانێكەوە، كە بەمجۆرە سوكایەتیی بە دەنگی راستەقینەی نوێنەرەكانی و فراكسیۆنەكانی بكرێت، شایستەی ئەوە نییه نەك قەبوڵ بكرێت، بەڵكو دەبێت سەرلەبەری رەتبكرێتەوە و كۆتاییش بەم گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دا، بهێنرێت.


AM:10:07:02/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 8006 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی