دەنگدانی تایبەت و كاریگەرییەكانی

‌مەم بورهان قانع

ئەمڕۆ  (28/ 9/ 2018)، هەڵبژاردنی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانتارانی خولی پێنجەمی پارلەمانی كوردستان بەرێوەچو.

بەپێی راگەیاندراوی فەرمیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، رێژەی دەنگدانی تایبەت 91% بوە و بە پێی چەند داتایەكیش، كە لە چوار بنكەی جیاجیای دەنگدانەوە  لە هەولێر و سلێمانی ئاشكراكراون، لیستی "نەوەی نوێ‌" لەسەر ئاستی دو بنكەی هەولێردا، بە پلەی دوەم هاتوە و لە دو بنكەی سلێمانی-ش دا، بەهەمانشێوە، بە پلەی دوەم هاتوە، كە جیاوازییەكی زۆر هەبوە لەنێوان دەنگەكانی دوەم و سێیەم دا، لەسەر ئاستی هەر چوار بنكەكە.

ئەوەی لە دەنگدانە تایبەتەكەی ئەمڕۆدا تێبینیدەكرێت، ئەوەیە: سەرەڕای ئەو هەمو فشارانەی خراونەتە سەر پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس، بەڵام یەكێتیی و پارتی دەنگێكی زۆری ئەو هێزانەیان دۆڕاندوە، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا، ژمارەی دەنگەكانیان لەنێو ریزەكانی هێزە تایبەتییەكان دا (بە ساختەكارییەوە)، دەگەیشتە سەروی 90%ی دەنگدەرانی تایبەت.

ئەنجامە بەراییەكانی هەندێ‌ بنكەی دەنگدانی تایبەت، پێمانیدەڵێت: ئەگەری پاشەكشێی پارتی و یەكێتیی لە هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلول دا، ئەگەرێكی بەهێزە، بەتایبەتی ئەگەربێتو زۆرترین خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەرفەتی تەزویركردنیان لێبسەننەوە.

هەر بە پێی ئەنجامە بەراییەكانی نێو هێزە تایبەتییەكان، هێزێكی مەدەنیی وەكو "نەوەی نوێ‌"، كە هیچ هێزێكی چەكداریی نییە و لە هیچ حزبێكی سیاسیی و چەكدارییش جیانەبوەتەوە، دەنگێكی زۆری هێناوە و لە چەند بنكەیەك دا لەسەر ئاستی هەولێر و سلێمانی، پلەی دوەمی لەنێو ریزەكانی هێزە چەكدارەكان دا، بەدەستهێناوە و ئەمەش ئەگەری زیاتر سەركەوتنی ئەم لیستە نوێیە بەهێزتر دەكات، كە بۆ یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان دەكات و یەكەمجارە بۆ نوێنەرایەتیكردنی خەڵك لە پارلەمان، وەكو هێزێكی نوێی سیاسیی مەدەنیی تاقیدەكرێتەوە.

ئەنجامە بەراییەكانی چەند بنكەیەكی دەنگدانەكەی ئەمڕۆ، كە مشتێكن لە خەروارێك، ئەو ئەگەرە بەهێزتر دەكەن كە لیستی "نەوەی نوێ‌"، لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی 30ی ئەیلول دا، سەركەوتنی گەورە تۆماردەكات.

هەر ئەنجامە بەراییەكانی ئەمڕۆی ئەو چەند بنكەی دەنگدانە، پێمانیدەڵێت: ئەگەر پارتی و یەكێتیی بەو هەمو فشارەوە بۆ سەر هێزە تایبەتییەكان، بەمجۆرە پاشەكشێیان كردبێت، ئەوا لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی 30 ئەیلول دا، پاشەكشێی زۆر گەورتر بەخۆیانەوە دەبینن و ئەمجارە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكەی 30 ئەیلول، توشی شۆكیان دەكات و شكستی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.

ئەگەر 30 ئەیلول، زۆرترین هاوڵاتی دەنگدەر بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئومێد هەیە پارتی و یەكێتیی شكستی گەورە بەخۆوە ببینن و هەڵبژاردنیش هاوسەنگیی هێز لە كوردستان دا بهێنێتە ئاراوە.

ئیدی تۆپەكە لە گۆڕەپانی هاوڵاتیانی دەنگدەردایە، بۆ ئەوەی یەكشەممەی داهاتو، بەجۆرێك شەقی تێهەڵبدەن، كە گورزی جەرگبڕ بوەشێنن لە ئەندازیارانی ئەم نەهامەتییانەی 27 ساڵە بەسەر خەڵكی باشوری كوردستان دا سەپێنراون و رۆژ بەرۆژیش قەیران و كارەساتی نوێتریان بەدوای خۆیاندا هێناوە.


AM:09:49:29/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4057 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی