بەرهەم ساڵح؛ لە راگەیاندراوەكەی هێرۆ ئیبراهیم دا

‌مەم بورهان قانع

كەمێك لەمەوبەر "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و باڵادەستترین كارەكتەری ئێستای ئەو حزبە، بە بڵاوكردنەوەی راگەیاندراوێك، بە یەكجاریی دەرگای بەروی "بەرهەم ساڵح"دا داخست؛ بۆ چونەوەی بۆ نێو  ریزەكانی یەكێتیی، لە بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دا.

هەڵبەتە، هێشتا ئەو پرسە یەكلانەبوەتەوە كە پۆستی سەرۆككۆماری عیراق، ئەمجارەش بەر یەكێتیی دەكەوێتەوە، یان نا، بەلام لەو حاڵەتەدا ئەگەر ئەم پۆستە بۆ چوار ساڵی داهاتوش هەر لای یەكێتیی بمێنێتەوە، ئەوا "هێرۆ ئیبراهیم"، بەم راگەیاندراوەی، دەرگای بەروی "بەرهەم ساڵح"دا داخست، وەكچۆن چوار ساڵ لەمەوبەریش یەكێكبو لە كارەكتەرە بەهێزەكان بۆ رێگریكردن لە "بەرهەم ساڵح"، بۆ ئەوەی لەسەر كورسیی سەرۆككۆماری عیراق دا دانەنیشێت.

هەرچەندە تائێستا بە فەرمیی "بەرهەم ساڵح" باسی لەوە نەكردوە كە دەچێتەوە نێو ریزەكانی یەكێتیی و پۆستی "سەرۆك كۆماری عیراق"ی خراوەتە بەردەم (لە بەرانبەر چونەوەی دا بۆ نێو ریزەكانی یەكێتیی)، بەڵام دوای سەردانەكەی چەند رۆژی رابردوی "پافڵ تاڵەبانیی" (كوڕە گەورەی تاڵەبانیی و كارەكتەری بێ‌ ركابەر بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی لە داهاتودا) و شاندێكی باڵای ئەو حزبە بۆ لای "بەرهەم ساڵح"و دواتر داخستنی كەناڵی ئاسمانیی "خەندان" بە بڕیاری خودی "بەرهەم ساڵح"، ئێستا لە هەر كات زیاتر قسە و باس لەوە دەكرێت؛ كە پێشنیازێك لەلایەن ئەو شاندە باڵایەی یەكێتیی-یەوە خراوەتە بەردەم "بەرهەم ساڵح"؛ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ نێو ریزەكانی یەكێتیی و كاندید بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری داهاتوی عیراق.

"هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، بە دەربڕینی تەنها وشەیەكی نێو چەند دێڕێكی راگەیاندراوەكەی سەبارەت بەو كارەكتەرەی لە داهاتودا پۆستی سەرۆككۆماری داهاتوی عیراق-ی دەدرێتێ‌، "بەرهەم ساڵح" ی لە وەرگرتنی ئەو پۆستە كردە دەرەوە... وەكچۆن لە بەشێكی راگەیاندراوەكەی دا و سەبارەت بەوەی دەبێت لەنێو یەكێتیی دا چ كارەكتەرێكی سیاسیی ئەو پۆستەی بدرێتێ‌، ئەم دو دێڕەی نوسیوە:

"دەبێت سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەڤاڵێكی بە ئەزمون و مولتەزیمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلال-ی بۆ كاندید بكات...".

بە دانانی وشەی "دانەبڕاو"، ئیدی كۆتایی بە قسە و پرسی كاندیدكردنی خودی "بەرهەم ساڵح" بۆ ئەو پۆستە دەهێنرێت و، ئەمەش ئاماژەیەكی رونە كە خودی "هێرۆ ئیبراهیم"، دژی كاندیدكردنی "بەرهەم ساڵح"ە بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت دژی سەردانی چەند رۆژی رابردوی كوڕە گەورەكەی و شاندە باڵاكەی حزبەكەشیەتی بۆ لای "بەرهەم ساڵح"، وەكچۆن تەنانەت ئەگەر "بەرهەم ساڵح" بشگەڕێتەوە بۆ نێو ریزەكانی یەكێتیی، ئەوا وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ناوبراوەوە، لەلایەن "هێرۆ ئیبراهیم"ەوە، كراوەتە "هێڵی سور"، چونكە كارەكتەرێكی "دابڕاوە"، بەپێی راگەیاندراوەكەی "هێرۆ ئیبراهیم" و ئەم "دانەبڕاوییە"، كراوەتە پێشمەرجی ئەم خانمە كاریگەرەی نێو یەكێتیی، لە بەخشینی ئەو پۆستەدا بە كاندیدێكی حزبەكەی.

كەواتە:

1- سەرەڕای ئەوەی هێشتا پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتیی یەكلانەكراوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو پۆستە بۆ یەكێتیی-ش یەكلابكرێتەوە و تەنانەت ئەگەر "بەرهەم ساڵح"یش بگەڕێتەوە بۆ نێو حزبەكەی جارانی، ئاستەنگی گەورە لەبەردەمی دا هەیە ؛بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و، زەحمەتە بچێتە سەر كورسیی سەرۆككۆماری عیراق.

2- ئەم راگەیاندراوە، دەرگایەكی دیكەش بەروی هەر هەوڵێكدا دادەخات؛ كە بنرێت بۆ ئەوەی "بەرهەم ساڵح" بگەڕێتەوە بۆ نێو ریزەكانی یەكێتیی (تەنانەت ئەگەر كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی-ش تەبەنیی بكات).

3- لە دوای ئەم راگەیاندراوەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی و هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسیی و دادپەروەریی (ئەو حزبەی "بەرهەم ساڵح" سەرۆكایەتیدەكات)، دەچێتە قۆناغێكی نوێی ئاڵۆزبونی پەیوەندیی و زیاتر لێكدوركەوتنەوە و گۆشەگیرتركردنی ئەم هێزە سیاسییە نوێیە (لە لایەن یەكێتیی-یەوە) كە چەند مانگێكە "بەرهەم ساڵح" دایمەزراندوە و چەند رۆژێكیشە كەناڵە ئاسمانییەكەی داخستوە.

4- راگەیاندراوەكەی "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"، ئەوەشمان پێدەڵێت: هێشتا هەر خۆی كارەكتەری پلە یەكە و بڕیاری كۆتایی لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكانی یەكێتیی دا (لەدوای مەرگی تاڵەبانیی-یەوە)، هێشتا هەر لە دەستی خۆیدایە.


PM:10:05:01/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 12924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی