كورد و به‌غداد.. له‌ عه‌ببادیی و مالكی-یه‌وه‌، بۆ پارتی و نه‌وه‌ی نوێ‌

‌مەم بورهان قانع

له‌ عیراقی ئه‌مڕۆدا و بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی عیراقیی، دو هێزی ركابه‌ر هه‌ن، كه‌ یه‌كه‌میان "حه‌یده‌ر عه‌ببادیی"، سه‌رۆكوه‌زیری ئێستای عیراق، سه‌رۆكایه‌تیده‌كات و هێزه‌كه‌ی دیكه‌یشیان، "نوری مالكی"، سه‌رۆكوه‌زیری پێشو و پێشوتری عیراق، سه‌رۆكایه‌تیده‌كات.

له‌ هه‌رێمی كوردستان-یشدا، دو ئاڕاسته‌ هه‌ن، كه‌ به‌ ئاشكرا گوتاری سیاسییان رونه‌ و له‌ ورده‌كاریی-شدا، ناكۆك و پێچه‌وانه‌ن، ئه‌وانیش حزبێكی 72 ساڵه‌یه‌ به‌ناوی "پارتی دیموكراتی كوردستان"، له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسیی چه‌ند مانگه‌دا، به‌ناوی "نه‌وه‌ی نوێ‌".

ئه‌م وتاره‌، هه‌وڵده‌دات، چه‌ند سه‌رنجێكی رۆژنامه‌وانیی بۆ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان دا، بخاته‌ڕو:

یه‌كه‌م/ له‌ عیراق دا:

هه‌ردو هێزی ركابه‌ر، كه‌ یه‌كه‌میان "عه‌ببادیی" سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و دوه‌میان "مالكی" سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، دو كاره‌كته‌ری كاریگه‌رن له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ند ساڵێك كاره‌كته‌ری پله‌ یه‌ك بون له‌سه‌ر ئاستی عیراق.

ئه‌م دو كاره‌كته‌ره‌ و لایه‌نگره‌كانیشیان، به‌سه‌ر دو به‌ره‌دا دابه‌شبون، كه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌ی "ئه‌مریكا" و به‌ره‌ی "ئێران"ن، وه‌كچۆن له‌دوای كه‌وتنی حزبی به‌عس-ه‌وه‌، ئه‌م دو وڵاته‌، هه‌ژمونیان به‌سه‌ر ئه‌م عیراق دا زاڵه‌.

له‌دوای قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان "ئه‌مریكا" و "ئێران" له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا و توندبونه‌وه‌ی ئابڵوقه‌كانی "ئه‌مریكا" بۆ سه‌ر "ئێران" و تێوه‌گلانی "عیراق"یش، كه‌ ده‌بێت به‌شێك بێت له‌م ئابڵوقانه‌، شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی ئه‌م دو وڵاته‌ له‌ عیراق دا، زیاتر په‌ره‌یسه‌ندوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی عیراقیی دا.

"حه‌شدی شه‌عبیی"، به‌ ئاشكرا لایه‌نگری "مالكی"یه‌ و ئه‌م به‌ره‌یه‌ش له‌سه‌ر به‌ره‌ی "ئێران" هه‌ژمارده‌كرێت، وه‌كچۆن "عه‌ببادیی"، كه‌ ملكه‌چی بڕیاره‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌دژی ئێران، ئه‌ویش له‌سه‌ر به‌ره‌ی "ئه‌مریكا" هه‌ژمارده‌كرێت. واتا: له‌ عیراقی ئه‌مڕۆدا، ته‌نها دو به‌ره‌ هه‌یه‌ و به‌ره‌ی سێیه‌میان نیه‌، یان به‌ره‌ی "موقته‌دا صدر" هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌ریك كه‌وتوه‌.

له‌ ئێستادا، هێزگه‌لێ‌ له‌ عیراق دا، به‌سه‌ر ئه‌م دو به‌ره‌یه‌دا دابه‌شبون و كورد-یش پریشكی ئه‌م دابه‌شبونه‌ی به‌ركه‌وتوه‌.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌:

ئایا سه‌ره‌نجام كام له‌م دو به‌ره‌یه‌ گه‌مه‌كه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی داهاتوی عیراقیی ده‌كه‌ن و كورد چ پێگه‌یه‌كی له‌م حكومه‌ته‌دا ده‌بێت؟

به‌ بڕوای من: چانسی "عه‌ببادیی" له‌ ئێستادا، به‌و پێیه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ پشتیوانیی لێده‌كرێت و ئێستاش له‌ هه‌ر كات زیاتر، هه‌ژمونی ئه‌مریكا له‌ عیراق- دا به‌هێزتره‌ (به‌به‌راورد به‌ ساڵانی پێشو)، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ له‌لایه‌ن "عه‌ببادیی" و راكێشانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی سونه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كان، به‌تایبه‌تی به‌ داگیرساندنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكییه‌وه‌.

دوه‌م/ كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان دا:

له‌ ئێستادا، چه‌ندهێزێكی سیاسیی هه‌ن، كه‌ به‌ره‌یه‌كیان پارتی و یه‌كێتیی-ن و راسته‌وخۆ "پارتی" سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات و له‌ به‌رانبه‌ریشدا، چوار حزبی سیاسیی هه‌ن، كه‌ وه‌كو ئۆپۆزسیۆن خۆیان ده‌ناسێنن. له‌ ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌یش دا، هێزێكی نوێی سیاسیی چه‌ند مانگه‌ هه‌یه‌، به‌ناوی "نه‌وه‌ی نوێ‌".

پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌:

ئایا كام له‌م هێزه‌ سیاسییانه‌ گوتاری سیاسییان بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی مانگی داهاتوی هه‌رێم، بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌ ركابه‌ره‌كانی عیراق و چونه‌ به‌غداد، بۆ چۆنێتیی ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان... هتد، رون و ئاشكرایه‌؟

له‌ ئێستادا، گوتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌م تازۆر رونه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌شداریی حكومه‌تی داهاتوی عیراق بكات و زۆرترین پۆستی كورد له‌و حكومه‌ته‌دا، بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام له‌ نێوان "مالكی" و "عه‌ببادیی"دا، گه‌مه‌ ده‌كات و سه‌ره‌نجام به‌ فشاری ئه‌مریكا، له‌سه‌ر به‌ره‌ی "عه‌ببادیی" یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

پارتی، گوتاری رونه‌ بۆ چونه‌ به‌غداد. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی 30ی ئه‌یلولی داهاتو. هه‌روه‌كچۆن گوتارشی رونه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت كابینه‌ی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان له‌لای خۆی بمێنێته‌وه‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ وه‌كو شاگرد قه‌بوڵ بكات.

له‌ به‌رانبه‌ردا، "یه‌كێتیی"، هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ "پارتی"دا بوه‌ و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیشی و هه‌روه‌ها یه‌كخستنی گوتاره‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ "پارتی"دا، كێشه‌ی نه‌بوه‌، هه‌رچه‌نده‌ جاروبار به‌هۆی هه‌ندێ‌ پێشهات و روداو و لێدوانی كارهبه‌ده‌ستانی هه‌ردولاوه‌، بۆ ماوه‌یه‌ك جۆرێك له‌ ساردو سڕیی له‌نێوانیان دا كه‌وتوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانیان، هه‌مو ئه‌وانه‌ی تێپه‌ڕاندوه‌.

چوار هێزه‌ سیاسییه‌كه‌ی دیكه‌ش (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، یه‌كگرتوی ئیسلامیی و هاوپه‌یمانیی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی)، كه‌ له‌ ئێستادا 11 كورسییان له‌ پارله‌مانی عیراق دا هه‌یه‌، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێشوی پارله‌مانی عیراق، كه‌وتنه‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ و رایانگه‌یاند: پارتی و یه‌كێتی ساخته‌كارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی عیراق دا كردوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری بایكۆتكردنیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراق دا، ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌ و ئێستاش ده‌ڵێن: ده‌رگایان كراوه‌یه‌ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ "پارتی" و "یه‌كێتیی" بۆ دروستكردنی گوتاری "یه‌كڕیزیی!" به‌ره‌و به‌غداد.

ئه‌م چوار هێزه‌ سیاسییه‌، گوتارێكی جێگیری سیاسییان نییه‌. هێشا دیدیان رون نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی مانگی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان. ئایا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنن، یان له‌ژێره‌وه‌ كار بۆ دواخستنی ده‌كه‌ن؟ هێشتا دیدیان رون نییه‌ له‌گه‌ڵ كام به‌ره‌ی عیراقیی دان، ده‌چنه‌ نێو حكومه‌تی داهاتوی عیراقییه‌وه‌، یان بایكۆت ده‌كه‌ن؟ هێشتا دیدیان رون نییه‌ كه‌ ده‌رگایان كراوه‌یه‌ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتیی بۆ چۆنێتیی چونه‌ به‌غداد، ئایا له‌سه‌ر چی رێكده‌كه‌ون و پێشمه‌رجیان چییه‌؟ له‌كاتێكدا ده‌شێ‌ یه‌كێك له‌ پێشمه‌رجه‌كانیان دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی كوردستان بێت، كه‌ سه‌ره‌نجام به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی "پارتی" ده‌شكێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ سه‌رجه‌می جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات راده‌ستی "پارتی" ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌كچۆن له‌ درێژكردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆر و هه‌ڵپه‌ساردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-یشدا، دوان له‌م چوار حزبه‌ سیاسییانه‌، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژییان كرد و پارێزگارییان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی "پارتی" و هه‌ژمونی "پارتی" له‌ هه‌رێمی كوردستان دا كرد.

دواجار، هێزێكی گه‌نجی چه‌ند مانگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش جوڵانه‌وه‌ی "نه‌وه‌ی نوێ‌"یه‌ و له‌ ئێستادا چوار كورسی له‌ پارله‌مانی عیراقیی دا هه‌یه‌.

ئه‌م جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌، گوتاری رونی هه‌یه‌، چ بۆ هه‌رێمی كوردستان، چ بۆ به‌غداد.

دوابه‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی عیراق، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ به‌یاننامه‌ ئیدانه‌ی ئه‌نجامه‌كانی كرد و نوێنه‌ریشی نارده‌ به‌غداد و له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ دادگای باڵای عیراق و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سكاڵای تۆماركرد، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و درێژه‌ی به‌ گڤتوگۆكانی دا له‌گه‌ڵ هێزه‌ عیراقییه‌كان و ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی خۆی بۆ كابینه‌ی حكومه‌تی داهاتوی عیراقیی رونكرده‌وه‌.

ئه‌م هێزه‌، دیدی رونه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستان له‌ 30 ئه‌یلولی داهاتودا و سه‌رسه‌ختانه‌ش پێداگریی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی و پێیوایه‌: ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ی یاسایی خۆیاندا، سوكایه‌تیكردنه‌ به‌ پایه‌كانی دیموكراسی و بێرێزیكردنیشه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ساده‌ترین مافی هاوڵاتیان و درێژه‌دانیشه‌ به‌ هه‌ژمونی دو حزبی بنه‌ماڵه‌ی حكومڕان له‌ هه‌رێمی كوردستان دا.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دیدی رونی ئه‌م جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌دا، ئاماده‌نییه‌ بچێته‌ نێو كابینه‌یه‌كی حكومه‌تییه‌وه‌ له‌ هه‌رێم دا، كه‌ "پارتی" هێزی یه‌كه‌م بێت و ده‌ڵێت: "شاگردیی قه‌بوڵ ناكه‌ین"، وه‌كچۆن له‌ راگه‌یاندنی لیسته‌كه‌شیدا بۆ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی وه‌كو كاندید بۆ سه‌ركوه‌زیری داهاتوی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكردوه‌. ته‌نانه‌ت به‌شداریی كابینه‌ی حكومه‌تی داهاتوی عیراق-یش ناكات، ئه‌گه‌ربێتو پارتی و یه‌كێتیی به‌شداربن تێیدا.

كه‌واته‌:

1- ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان دا، ته‌نها دو هێزی سیاسیی هه‌ن گوتاریان رون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام ئه‌م دو هێزه‌ سیاسییه‌ گوتاری توندی سیاسیی و میدیاییان به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتری هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وانیش "پارتی" و "نه‌وه‌ی نوێ‌"ن.

2- هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌: "یه‌كێتیی"، گوتاری نزیكه‌ له‌ "پارتی" و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌یش، هه‌ر جاره‌ی گوتارێكیان هه‌یه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیان كۆنكرێتیی نین.

3- له‌ عیراق-یشدا، رۆژ به‌رۆژ ركابه‌ریی نێوان "مالكی" و "عه‌ببادیی"دا، توندتر ده‌بێته‌وه‌ و به‌مه‌ش دابه‌شكاریی زیاتر له‌نێو ریزی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراقیی و تاراده‌یه‌كیش كوردستانیی دا دروست ده‌بێت، سه‌ره‌ڕای قوڵتربونه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی "ئه‌مریكا" و "ئێران" له‌م هاوكێشه‌ سیاسییه‌دا.


AM:08:33:26/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 3912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی