ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا و ئێران

‌مەم بورهان قانع

ئێستا شتێک نەماوەتەوە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی؛ تاکو وڵاتانی ئەندامی ھەمیشەیی ئەم ئەنجومەنە، یان وڵاتانی زلھێزی نێو ئەنجومەنەکە، ھەر کات ویستیان، بتوانن لە چوارچێوەی پەرگێکی قانونیی ئەم ئەنجومەنەدا، سزا بەسەر وڵاتێکی "لاسار!"دا (لە دیدی ئەوانەوە) بسەپێنن (وەکچۆن پێشتریش چەندین جار ئەم ئەنجومەنە شکستیھێناوە لە ھەر ھەوڵێکی لەمجۆرە).

چیتر نە روسیا و نە چین و نە ئەندامە ھەمیشەییەکانی دیکەی نێو ئەم ئەنجومەنە، ناتوانن بە ھانای ئەو وڵاتانەوە بچن، کە بەر توڕەیی ئەمریکا دەکەون.

ئەگەرێکی بەھێز بەرێوەیە کە ئیتر ئەمریکا نەخشەی نوێی جیھان و ئەم ناوچەیەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست (زیاتر لە جاران) دادەرێژێتەوە و پێگە و کاریگەریی روسیا و چین-یش (وەک دو ھێزی رکابەری ئەمریکا) بەرەو ئاوابون دەچێت، بەتایبەتی دوای سەرقاڵبونیان بەو قەیرانە یەکلەدوای یەکانەوە کە ئەمریکا بۆیانی دروستدەکات.

توڕەبونی چەند رۆژی رابردوی ئەمریکا لە تورکیا (بەھۆی گرتنی قەشەیەکی ئەمریکییەوە) و ھەروەھا لە ئێران (بەھۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە)، گەورەترین زیانی ئابوریی بە ژێرخانی ئەو دو وڵاتە گەیاندوە و بەھای دراوەکانیانی (لە ماوەیەکی پێوانەیی کەم دا) بە رادەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزاندوە.

ئەمریکای ئێستا، دەیەوێت بەم پەیامانەی، بەو وڵاتانەی لەنێو بەرەیەکی دژ بە وڵاتەکەین، بڵێت: قۆناغی "ترەمپ"، جیاوازە لە قۆناغی سەرۆکەکانی پێشوی ئەمریکا و چیدیکە ھاوپەیمانە زەبەلاحەکانیشتان ناتوانن بە ھاناتانەوە بێن و ئەگەر داخوازییەکانمان جێبەجێنەکەن، زیاتر بەر توڕەییمان دەکەون و تەنھا لە قۆناغی یەکەمدا، ئابورییەکەتان سەراوژێر دەکەین و فشاری دیکەیشمان بەێوەیە.
 
ھەڵبەتە، ئەمەی ئەمریکا چەند رۆژێکە بەرانبەر بە ئێران و تورکیا گرتویەتییە بەر، تەنھا قۆناغی یەکەمی توڕەییەکانییەتی و ئەگەری ئەوە ھەیە ئەگەر ئەم دو وڵاتە سوربن لەسەر ھەڵوێستەکانیان و مل بۆ داخوازییەکانی ئەمریکا نەدەن، ئەوا ئەمریکا بەتەنھا دەتوانێت فشاری قورستریان بخاتە سەر و بەمەیش کێشەگەلێکی قوڵتر لەم دو وڵاتەدا بخاتەوە.

داھاتو، زۆری لە ھەگبەدایە و رۆژ بە رۆژ و ھەفتە بە ھەفتە، فشار و گۆڕانکاریی تازە لەم ھاوکێشە سیاسییەدا دەردەکەون و براوەی یەکەمیش، تەنھا ئەو وڵاتە دەبێت؛ کە توانای دروستکردنی فشار و قوڵکردنەوەی قەیرانەکانی ھەیە؛‌ بەرانبەر بە نەیارەکانی


PM:11:10:10/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 7152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی