بۆچی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر مه‌ترسیداره؟!
مەم بورهان قانع
ئه‌م وتاره، ئیستێ ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ندێ له مه‌ترسییه‌كانی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تۆقاندن (تیرۆر) له هه‌رێمی كوردستانی عیراق دا، كه یاسای ژماره (3)ی ساڵی 2006ی پارله‌مانی كوردستانه و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، له‌لایه‌ن پارله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی و گۆڕان و یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان-ه‌وه، بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار، كاركردن به‌م یاسایه درێژكرایه‌وه.
له‌م وتاره‌دا، ده‌رفه‌ت ناڕه‌خسێت رۆبچینه نێو كۆی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م یاسایه و رونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ماده و بڕگه و خاڵه‌كانی نێو یاساكه، به‌ڵكو ته‌نها ئیستێ له‌سه‌ر هه‌ندێ ماده و بڕگه و خاڵ و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م یاسایه ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر ئه‌و په‌راوێزی دیموكراسییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان دا باسده‌كرێت و، پێموایه: به جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تیی ئه‌م یاسایه، ده‌توانرێت هه‌رێمی كوردستان بكرێته گروتخانهیهكی گه‌وره.
ئه‌م یاسایه، كه له (18) ماده پێكهاتوه، زۆرینه‌ی ماده‌كانی، چه‌ندین بڕگه و خاڵیان له‌خۆگرتوه، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م به كورتی رۆبچمه نێو هه‌ندێ له ماده و بڕگه‌كانی ئه‌م یاسایه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌یوه‌ندییان به مافه‌كانی مرۆڤ و پرسی دیموكراسی و ئازادیی راده‌بڕینه‌وه هه‌یه.
به‌ر له‌وه‌ی شیكارییه‌كی رۆژنامه‌نوسیی بۆ ئه‌م یاسایه بكه‌م، ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه بونی یاسای تێرۆر له هه‌ر وڵاتێك دا، یه‌كێكه له پێویستییه‌كان، ئه‌مه‌یش بۆ به‌رگرتن له تێرۆر و پاراستنی سه‌لامه‌تیی گیانی هاوڵاتیان (بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س تۆمه‌تبارم نه‌كات كه من به‌گریی له "تێرۆر" ده‌كه‌م!)، به‌ڵام نابێت ئه‌م یاسایه، ببێته هۆی ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌ر ئازادییه‌كان و كه‌رامه‌تی هاوڵاتیان و پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دیموكراسیی.
ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه، ناساندنی "تێرۆر"ه، كه به‌شێوه‌یه‌كی لاستیكیی ئه‌م چه‌مكه به ئێمه ده‌ناسێنێت و ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تای هه‌ڕه‌شه‌كانی نێو ئه‌م یاسایه‌یه، كه: یان به‌سه‌ر زۆربه‌ی پارله‌مانتارانی كوردستان دا تێپه‌ڕیوه، یان له هه‌ڕه‌شه‌كانی تێنه‌گه‌یشتون، یاخود كۆده‌نگییه‌ك هه‌بوه له‌نێوان كۆی پارله‌مانتارانی كوردستان دا (صهفقهیهكی سیاسیی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی و گۆڕان و یه‌كگرتودا) بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌م یاسایه!
"تێرۆر"، له ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا، "به‌كارهێنانی توندوتیژیی سازدراوه، هه‌ڕه‌شه‌پێكردنیه‌تی، هاندانه بۆی، یان پیاههڵدانیهتی كه تاوانكار په‌نای بۆ ده‌بات بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌كی تاوانكاریی، كه‌سێك یان كه‌سانێك پێیهه‌ڵده‌ستن و تاكێك، یان كۆمه‌ڵه كه‌سانێك ده‌كه‌نه ئامانج، یان هه‌ر به ره‌مه‌كیی ئه‌نجامیده‌ده‌ن به‌نیازی نانه‌وه‌ی تۆقاندن و ترس و شڵه‌ژان و ئاژاوه‌نانه‌وه له‌نێو جه‌ماوه‌ردا بۆ ئه‌وه‌ی زیان به سیستمی گشتیی بگات، ئارامیی و ئاسایش و سه‌لامه‌تیی كۆمه‌ڵگا و هه‌رێم، ژیانی تاكه‌كه‌سان، سه‌ربه‌خۆییان، پیرۆزییان، ئاسایشیان، بخرێته مه‌ترسییه‌وه، یان بۆ زیانپێگه‌یاندن به ژینگه، به یه‌كێك له سه‌رچاوه گشتییه‌كان، به ده‌سگا، سامانی گشتیی، یان تایبه‌تییه‌كان، بۆ به‌دیهێنانی هه‌ندێ مه‌به‌ستی سیاسیی، هزریی، ئایینیی، تایه‌فه‌گه‌ریی، یان ره‌گه‌زیی".
دیققه‌تی وردی ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه بده‌ن، كه پارله‌مانتاران (نوێنه‌رانی گه‌ل!)ی چوار لیستی سه‌ره‌كیی پارله‌مانی كوردستان، متمانه‌یان پێبه‌خشیوه!
ئه‌م ماده‌یه، مه‌ترسیدارترین ماده‌ی نێو یاساكه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌كی لاستیكیی "تێرۆر" ده‌ناسێنێت و چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی ریزكردوه، كه سكاڵاكار و دادوه‌ریش ده‌ستیان واڵاده‌بێت بۆ تۆمه‌تباركردنی كه‌سێك، یان لایه‌نێك، یاخود گروپ و كۆمه‌ڵه و دامه‌زراوه‌یه‌ك كه تۆمه‌تباربكرێن به ئه‌نجامدانی تێرۆر و سه‌رئه‌نجام به‌پێی ماده‌كانی دوه‌م و سێیه‌م و چواره‌می یاساكه، چۆنیان ئارهزوكرد، له‌نێوان سزای له‌سێداره‌دان دا بۆ زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی، تا ده‌گاته زیندانیكردنی 15 ساڵ، كه‌سی تاوانباركراو سزا بده‌ن.
دیققه‌ت بده‌ن: هه‌ركه‌س و لایه‌نێك تۆمهتباربكرێت به "هاندان" (ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ته‌واو لاستیكییه) به‌نیازی نانه‌وه‌ی تۆقاندن و ترس (دیسانه‌وه ده‌كرێت لێكدانه‌وه‌ی جیای بۆ بكرێت)، به‌جۆرێ كه زیانی بۆ سه‌ر "سیستمی گشتیی" هه‌بێت، كه بۆ خۆی "سیستمی گشتیی" چ له‌م یاسایه‌دا، چ له هه‌ردو یاسای "رۆژنامه‌گه‌ریی له كوردستان/ یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی پارله‌مانی كوردستان" و هه‌روه‌ها "مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی له هه‌رێمی كوردستانی عیراق/ یاسای ژماره (11)ی ساڵی 2013ی پارله‌مانی كوردستان"، چه‌مكێكی لاستیكییه و بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی وردیی بۆ كرابێت، بوه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئازادییه‌كان و پایه‌كانی دیموكراسیی له هه‌رێمی كوردستان دا. یان: له‌رێی ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌لامه‌تیی كۆمه‌ڵگه و هه‌رێم"ه‌وه، ده‌توانرێت چه‌ندین نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس و دامه‌زراوه‌ی میدیایی و رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و گروپه‌كانی فشار، تۆمه‌تباربكرێن كه بونه‌ته هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر "سه‌لامه‌تیی كۆمه‌ڵگا و هه‌رێم" و به‌مه‌یش ده‌كرێت پاڵپشت به حوكمه سزاییه‌كانی ماده‌كانی "دوه‌م و سێیه‌م و چواره‌م"ی یاساكه، سزای توندیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، كه له سزای مه‌رگه‌وه بۆ سزای 15 ساڵ زیندانیكردن ده‌گرێته‌وه!
یان: زیانپێگه‌یاندن به "ژینگه" (ئه‌گه‌ر تۆمهتباربكرێیت ئاگرت به‌رداوه‌ته شاخێك و پوشهكهیت سوتاندوه!) به یه‌كێك له "سه‌رچاوه گشتییه‌كان"، ئه‌گه‌ر بوبێته هۆی ئه‌وه‌ی زیانت به به‌نداوێك گه‌یاندبێت، یان وشككردنی كانیاوێك، یاخود بیره نه‌وتێك، یان زانیارییه‌كت بڵاوكردبێته‌وه و هۆكاربوبیت بۆ زیانگه‌یاندن به بنكه‌یه‌كی گومرگیی و زیانپێگه‌یاندنی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی گشتیی! یان زیانگه‌یاندن به "سامانی گشتیی"، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی میدیایی راپۆرتێك بڵاوبكاته‌وه، كه گوایه بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بوه‌ستێت، یان هه‌نارده‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵیی بوه‌ستێت، یاخود داهاتی ناوخۆ كه‌مبكات... ده‌شێ ئه‌م حاڵه‌تانه، پاڵپشت به‌م ماده‌یه‌ی ئه‌م یاسایه، وه‌ها لێكبدرێته‌وه، كه بونه‌ته هۆی زیانگه‌یاندن به "سامانی گشتیی"، یان "تایبه‌تیی"، كه به پێی یاساكه، ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستی "سیاسیی، هزریی، ئایینیی، تایه‌فه‌گه‌ریی، یان ره‌گه‌زیی" بێت! دیقه‌تی ئه‌م هه‌مو مه‌به‌ست و ده‌سته‌واژه لاستیكییه بده‌ن. ئینجا زیانگه‌یاندنێك به سامانی گشتیی"، یان "تایبه‌تیی"، كه بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی، یان هزریی، یان ئایینیی، یاخود تایه‌فه‌گه‌ریی، یان ره‌گه‌زیی بێت، كه هه‌مویان بێئه‌ندازه چه‌مكێكی لاستیكین و ده‌شێ هه‌ر زیانێك كه سكاڵاكار، یان دادوه‌ر مه‌به‌ستییه‌تی، بیخاته چوارچێوه‌ی یه‌كێك له‌و مه‌به‌ستانه‌وه، ئه‌وا كه‌سی ئه‌نجامده‌ر، یان لایه‌نی ئه‌نجامده‌ر به "تێرۆر"، تاوانبار ده‌كرێت و سزاكانیشی پاڵپشت به ماده‌كانی دواتر، ریزبه‌ندكراون!
ماده‌ی دوه‌می یاساكه، تایبه‌ته به سزای "له‌سێداره‌دان" بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارده‌كرێن به "تێرۆر" و ئه‌م تێرۆرهیش، له‌چوارچێوه‌ی هه‌شت خاڵ دا ریزبهندكراوه، كه هه‌ندێ له خاڵه‌كانی چه‌ندین بوار و لایه‌نی جیاجیای له‌خۆگرتوه، كه ئه‌مه‌ش فراوانكردنی چوارچێوه‌كانی تایبه‌ت به تاوانی "تێرۆر"هو ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر دیموكراسیی و ئازادییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان دا. بۆ نمونه:
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م ماده‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ نمونه كه‌سێك رێكخراوێك، یان كۆمه‌ڵه‌یه‌ك، یاخود ده‌سته‌یه‌ك، یان بنكه‌یه‌ك، یاخود كۆمه‌ڵێك، دابمه‌زرێنیت، كه بۆ یه‌كێك له‌و تاوانانهبن، كه له ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه و ده‌سته‌واژه لاستییكییهكانی دا ریزبه‌ندكراون، ئه‌وا به سزای "له‌سێداره‌دان تا مردن" سزا ده‌درێت.
یان: له خاڵی حه‌وته‌می ماده‌ی دوه‌می ئه‌م یاسایه‌دا، هاتوه: "هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ وڵاتێكی بیانیی، هه‌ر رێكخراو، كۆمه‌ڵه، باند، بنكه، یان كۆمه‌ڵێكی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یان كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر یه‌كێكیان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی تاوانێك له‌و تاوانانه‌ی له‌م یاسایه‌دا دهقنوسكراوون، ئه‌نجامبدات".
واتا: كۆی ئه‌و ده‌سته‌واژه لاستیكییانهی له ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا خراونه‌ته‌ڕو و به تاوانی "تێرۆر" هه‌ژماركراون، ئه‌وا هه‌ر رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ته‌نسیقی بۆ نمونه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتێكی دراوسێ دا هه‌بێت، یان كونسوڵخانه، یاخود باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتانی جیهاندا له هه‌رێمی كوردستان و عیراق، بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی ویستی له‌رێی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتێكه‌وه له عیراق، پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێبكات و په‌یوه‌ندیداربێت به پێشیلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان، یان پێشێلكردنی مافه‌كانی زیندانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، یاخود هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر دیموكراسیی و ئازادیی راده‌ربڕین له هه‌رێمی كوردستان... هتد، ئه‌وا ده‌كرێت پاڵپشت به ده‌سته‌واژه لاستیكییهكانی ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه و سزاكانی ماده‌ی دوه‌می ئه‌م یاسایه، كه‌سی دیاریكراوی ناو رێكخراوه‌كان، سزای "ئیعدام"یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
ماده‌ی سێیه‌می ئه‌م یاسایه، هاوشێوه‌ی ماده‌ی دوه‌م، هه‌شت خاڵی له‌خۆگرتوه، كه تێیاندا، كۆی ئه‌و تاوانانه‌ی ماده‌ی یه‌كه‌م ریزكراون، كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك یان لایه‌نێك ئه‌نجامیبدات، ئه‌وا به زیندانیكردنی "هه‌تاهه‌تایی"ی سزاده‌درێن.
دیسانه‌وه به‌هۆی لاستیكییبونی ئه‌و تاوانانه‌ی له ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه‌دا ریزكراون، ئه‌مه‌ش وایكردوه، سكاڵاكار بتوانێت به‌رانبه‌ر به زۆر كار و روداو، سكاڵا له‌دژی كه‌سێك، یان كه‌سانێك تۆماربكات و تۆمه‌تباری بكات به كاری تێرۆر و ده‌ستی دادوه‌ریش واڵابێت (له‌دۆخێكی مه‌ترسیداری ئه‌مڕۆدا، كه به‌شێكی دادوه‌ره‌كان له‌ژێر هه‌ژمونی حزبیی دان) بۆ ئه‌وه‌ی حوكمی قورس به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا بسه‌پێنێت كه به تاوانی تێرۆر تۆمه‌تبارده‌كرێن و دواتر دادوه‌ر تاوانباریان بكات و له‌نێوان سزای "له‌سێداره‌دان"ی ماده‌ی دوه‌م و "زیندانیكردنی "هه‌تاهه‌تایی"ی ماده‌ی سێیه‌م و زیندانیكردنی "15" ساڵی ماده‌ی چواره‌م دا، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێردرێت!
بۆ نمونه: له خاڵی شه‌شه‌می ماده‌ی سێیه‌می یاساكه‌دا، هاتوه: "مه‌شقپێكردنی كه‌سێك، یان كه‌سانێك له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك، له‌سه‌ر هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردن، فێركردنی هونه‌ره جه‌نگییه‌كان، یان شێوازه‌كانی شه‌ڕكردن، به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنیان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانێكی تێرۆركاریی".
ئه‌م خاڵه‌ی ئه‌م ماده‌یه، دیسانه‌وه یه‌كێكه له مه‌ترسییه‌كانی ناو یاساكه، چونكه ئه‌وه كێیه ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه تۆمه‌تبارده‌كات كه ئه‌م فێركردنه‌ی هونه‌ری جه‌نگ و شاره‌زابون له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك، بۆ مه‌به‌ستی كاری تێرۆركارییه؟! داڕشتنه‌وه‌ی بڕگه‌یه‌ك، یان خاڵێك به‌مجۆره، ده‌بێته یه‌كێكی دیكه له مه‌ترسییه‌كانی نێو یاساكه و دیسانه‌وه لاستیكیبونی نێو یاساكه و، هه‌روه‌ها ئاوه‌ڵاكردنی ده‌ستی سكاڵاكار، یان ده‌سه‌ڵات بۆ شكاتكردن و دواتریش ئاوه‌ڵاكردنی ده‌ستی دادوه‌ر بۆ حوكمدان، كه ده‌شێ ئه‌م فێربونه له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك، یان هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، بۆ مه‌به‌ستی تێرۆر هه‌ژماربكرێت!
یان: خاڵی هه‌شته‌می ئه‌م یاسایه، كه ده‌قه‌كه‌ی به‌مجۆره‌یه: "دروستكردن، هاوردن، یان لهلابونی ته‌قه‌مه‌نیی، ئاگره تریشقه، ئامێری دروستكراو بۆ تێكدان، روخاندن، یان هه‌ر ماده‌یه‌ك له پێكهاته‌ی ئه‌وانه‌وه بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌زگا و ئامێر و كه‌ره‌ستانه‌ی له دروستكردنیان، یان له ته‌قاندنه‌وه‌یاندا به‌كاردێن، ئه‌گه‌ر به‌كارهێنانه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانێكی تێرۆركاریی بێت".
لێره‌دا: وشه‌ی "ئه‌گه‌ر"، زیانی به‌م بڕگه‌یه‌ی یاساكه گه‌یاندوه، به‌جۆرێ ده‌بو بنوسرایه: "ئه‌گه‌ر به‌به‌ڵگه سه‌لمێنرا تاوانه‌كه‌یان...
ئینجا وشه‌ی "ئه‌گه‌ر"، وشه‌یه‌ك، یان ده‌سته‌واژه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه نییه. به‌ڵكو ده‌شێ خه‌مڵاندنی سكاڵاكار، یان دادوه‌ر بێت و له‌راستیدا به‌وجۆره‌یش نه‌بێت.
ماده‌ی چواره‌می یاساكه، تایبه‌ته به حوكمی سزایی (15) ساڵ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌پێی شه‌ش خاڵی نێو ئه‌م ماده‌یه تاوانبارده‌كرێن.
ئه‌م ماده‌یه‌یش، چونكه پاڵپشته به ناساندنه‌كانی "تێرۆر" له ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه‌دا، كه پێشتر ئاماژه‌م پێكرد لێشاوێك چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی لاستیكین، ئه‌مه‌یش وایكردوه بشێ حوكمی 15 ساڵ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌پێی شه‌ش خاڵی نێو ئه‌م ماده‌یه تاوانبارده‌كرێن، سزای قورس بن، یان هه‌ندێ جار ناهه‌ق بن و به‌زیان بۆ سه‌ر پایه‌كانی دیموكراسیی و ئازادیی راده‌ربڕین و سه‌روه‌ریی یاسا له هه‌رێمی كورستان دا بشكێته‌وه.
خاڵی سێیه‌می ئه‌م ماده‌یه، به‌مجۆره‌یه: "به ئه‌نجامدانی تاوانێك له‌و تاوانه تۆقێنه‌رانه‌ی له‌م یاسایه‌دا هاتون ئاگاداربێت و ده‌زگا گشتییه‌كانی لێئاگادارنهكاتهوه و كه‌س له فه‌رمانی ئه‌م بڕگه‌یه بهدهرناكرێت".
یه‌كه‌م: ئه‌و تاوانه تۆقێنه‌رانه‌ی لێره‌دا باسیده‌كات، ئه‌و تاوانانه‌ن كه له ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتون و، پێشتر جه‌ختم له‌سه‌ر كردن، كه لێشاوێك ده‌سته‌واژه‌ی لاستیكیی-ن.
دوه‌م: ده‌بێت هه‌ر كه‌س گومانی له كه‌سێك كرد كه یه‌كێك له تاوانه لاستیكییهكانی ماده‌ی یه‌كه‌م ئه‌نجامده‌دات، ده‌بێت راسته‌وخۆ ده‌زگاكانی ئاسایشی لێئاگاداربكاتهوه، كه ئه‌مه‌یش به سیخوڕیكردنی كۆمه‌ڵگا هه‌ژمارده‌كرێت.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م گومانكردنه به‌رانبه‌ر به كه‌سێك ، كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه یه‌كێك له تاوانه ریزكراوهكانی ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه ئه‌نجامده‌دات و، ئه‌م وه‌كو كه‌سێك نه‌چو ده‌زگاكانی ئاسایشی لێئاگاداربكاتهوه، ئه‌وا به سزای (15) ساڵ زیندانیكردن حوكم ده‌درێت!
دیققه‌ت بده‌ن له مه‌ترسیداریی ئه‌م خاڵه‌ی نێو ته‌نها ماده‌یه‌كی یاساكه، سه‌ره‌ڕای كۆی ئه‌و خاڵ و مادانه‌ی له پێشتردا ئاماژه‌م پێكردن.
خاڵی چواره‌می ئه‌م ماده‌یه (ماده‌ی چواره‌م)ی یاساكه، یه‌كێكی دیكه‌یه له خاڵه مه‌ترسیداره‌كانی نێو یاساكه و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئازادیی راده‌ربڕین و پێشێلكردنی به‌ند و حكوكمهكانی "یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی له كوردستان/ یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی پارله‌مانی كوردستان".
ده‌قی خاڵی چواره‌می ماده‌كه، به‌مجۆره‌یه: "به ئانقه‌ست، هه‌واڵ، رونكردنه‌وه، یان پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی تۆقێنه‌ر بڵاوبكاته‌وه، هۆیه‌كانی راگه‌یاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو، یان ئه‌لكترۆنیی به هه‌ل وه‌ربگرێت، یان به‌كاریانبهێنێت، له ئینته‌رنێت به‌یاناتی ئه‌وتۆ بڵاوبكاته‌وه، كه راسته‌وخۆ بگاته راده‌ی هاندان بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی تێرۆركاریی وه‌ها، كه ئاسایشی گشتیی بخاته مه‌ترسییه‌وه و ترس بخاته نێو هاوڵاتیان و هه‌ڕه‌شه له قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێم بكات".
ئه‌م خاڵه، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به ده‌زگاكانی میدیاوه هه‌یه، بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێك هه‌واڵێك، یان رونكردنه‌وه‌یه‌كی له كه‌ناڵێكی میدیاییه‌وه، چ بینراو، چ بیستراو، یاخود چاپكراو، یان ئه‌لكترۆنیی دا بڵاوكرده‌وه و لایه‌نی سكاڵاكار و دواتریش دادوه‌ر ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی تێرۆركارییه و "ئاسایشی گشتیی" (كه چه‌مكێكی ته‌واو لاستیكییه) خرایه مه‌ترسییه‌وه، یان ترس بخاته نێو هاوڵاتیان و هه‌ڕه‌شه‌ی له قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێم بكات (كه ئه‌مه‌یش ده‌توانرێت به چه‌ندین شێواز میدیا و میدیاكارانی پێ تۆمهتباربكرێت)، ئه‌وا سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
بۆ نمونه: رۆژنامه‌نوسێك روماڵی خۆپیشاندانێك بكات و یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران بڵێت: "داوا له هاوڵاتیانی كوردستان ده‌كه‌م بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌م گه‌نده‌ڵكارانه و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێم ژێراو ژور بكه‌ن". یان: رۆژنامه‌نوسێك له كاتی خۆپیشاندان دا، لێدوانی خۆپیشانده‌رێكی توڕه وه‌ربگرێت و خۆپیشانده‌ره‌كه بڵێت: "داواده‌كه‌م سنورێك بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دابنرێت"... هتد. دیقه‌ت بده‌ن، ئه‌وانه رسته‌ی زۆر ئاسایین و به‌رده‌وام له میدیاوه، به‌تایبه‌تیی له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كان دا به‌رگوێمان كه‌وتون، به‌ڵام به پێی ئه‌م خاڵه‌ی یاساكه بێت، ده‌شێ ئه‌وكات میدیاكاره‌كه و كه‌ناڵه میدیاییهكهیش، به‌پێی ئه‌م خاڵه‌ی ماده‌ی چواره‌می یاسای "تێرۆر"، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و تاوانباربكرێت به‌وه‌ی: "ئاسایشی گشتیی خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه"، یان "ترسی خستوه‌ته نێو هاوڵاتیان"، یاخود "هه‌ڕه‌شه‌ی له قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێم" كردوه!
له بڕگه‌ی (أ)ی ماده‌ی پێنجه‌می ئه‌م یاسایه‌دا، هاتوه: "هه‌ركه‌سێك ده‌ستبكات به ئه‌نجامدانی تاوانێك له‌و تاوانانه‌ی له ماده‌ی دوه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتون (كه له هه‌شت خاڵی نێو ماده‌كه‌دا، لێشاوێك ده‌سته‌واژه‌ی لاستیكیی وه‌كو تاوان ریزكراون-مهم)، سزاده‌درێت به زیندانی هه‌تاهه‌تایی".
واتا: ده‌ستبكات به ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه! هێشتا رون نییه تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه یان نا؟! ده‌شێ تۆمهتباربكرێت كه به‌نیازی ئه‌نجامدانی بوه، یان ده‌ستده‌كات به ئه‌نجامدانی! ئه‌وكات بێ هیچ كه‌ند و كۆسپێك، به سزای زیندانیكردنی "هه‌تاهه‌تایی" سزا ده‌درێت.
بڕگه‌كانی (ب) و (ج)ی هه‌مان ماده، جه‌ختده‌كه‌ن له‌سه‌ر "ده‌ستبكات"، كه ئه‌مه‌یش مه‌رجنییه به‌ته‌واوی ئه‌نجامیدابێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌نیازبێت، یان ده‌ستی پێ بكات!
واز له ماده‌ی شه‌شه‌م و حه‌وته‌می یاساكه ده‌هێنم، به‌ڵام ماده‌ی نۆیه‌می یاساكه، ئیشكالییه‌تێكی دیكه‌ی تێدایه، كه ئه‌ویش ئه‌گه‌ر پێش ئه‌نجامدانی تاوانێكی تێرۆركاریی، ئه‌و كه‌سه‌ی به‌نیازی ئه‌نجامدانییه‌تی و پێشوه‌خته ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی لێئاگاداربكاتهوه و ببێته هۆی ده‌ستگیركردنی تاوانباران، یان نه‌یهێشت كاره‌كه ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وا له سزادان ده‌بورێت.
ئه‌مه لێبوردنه له تێرۆرست.. ده‌شێ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌زگای تایبه‌تمه‌ند له رودانی ئه‌نجامدانی تاوانێكی تێرۆرستیی ئاگادارده‌كاته‌وه، بۆ خۆی داڕێژه‌ری تاوانه‌كه‌یش بێت، به‌ڵام بیه‌وێت "ته‌سفییه‌ی حسابات"ی خۆی له‌گه‌ڵ تێرۆرستێكی هاوپیشه‌یدا بكات و ده‌شێ له دۆخێكی له‌مجۆره‌دا، ئه‌و كه‌سه‌یش كه ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی ئاگاداركردوه‌ته‌وه، لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵدا بكرێت. واتا: ناكرێت ئیدی ته‌نها به‌هۆی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه بۆ رێگریكردن له ئه‌نجامدانی تاوانێك، ئیتر ئه‌و كه‌سه له پلان داڕشتن و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كارێكی تێرۆستیی ببه‌خشرێت.
ماده‌ی ده‌یه‌می یاساكه، به‌مجۆره‌یه: "هه‌ركه‌سێك هاوكاریی بكات وه‌ك بكه‌ر، به‌شدار یان هانده‌ر بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه تێرۆركارییانهی له‌م یاسایه‌دا هاتون، به هه‌مان سزا، كه بۆ تاوانه‌كه دیاریكراوه، سزا ده‌درێت".
ده‌سته‌واژه‌كانی "به‌شدار"، یان "هانده‌ر"، یاخود "هاوكاریی"، ده‌سته‌واژه‌گه‌لێكی لاستیكین و ده‌شێ رۆژنامه‌نوسێك، یان كه‌ناڵێكی میدیایی، به‌پێی ئه‌م ماده‌یه‌ی یاساكه تۆمه‌تباربكرێن، كه هاوكارییان كردوه و به‌شداربون، یاخود هاندهربون بۆ ئه‌نجامدانی تاوانێكی تێرۆكاریی، له‌كاتێكدا ته‌نها هه‌واڵێكیان له‌سه‌ر روداوێكی دیاریكراو بڵاوكردبێته‌وه. ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه‌یه بۆ سه‌ر میدیا و میدیاكاران و ئازادیی بڵاوكردنه‌وه و مافیزانین، وه‌كچۆن ته‌نانه‌ت له یاسا خراپه‌كه‌ی "مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی له هه‌رێمی كوردستانی عیراق"یشدا، جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه.
ئه‌نجام
ئه‌م یاسایه، كه له چه‌ند رۆژی رابردودا، پارله‌مانتارانی پارتی و یه‌كێتیی و گۆڕان و یه‌كگرتوی ئیسلامیی یه‌كده‌نگ كرد و، پێكه‌وه بڕیاریاندا له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه به كاركردنی بۆ ماوه‌یه‌كی دیارینه‌كراو، مانای وایه:
1- به‌م ده‌نگدانه هاوبه‌شه‌یان، گورزێكیان له پایه لهقهكانی دیموكراسیی له هه‌رێمی كوردستان دا، وه‌شاند.
2- گورزێكی دیكه‌یشیان له پایه لهقهكانی ئازادیی بڵاوكردنه‌وه و ئازادیی كاری رۆژنامه‌نوسیی له هه‌رێمی كوردستان دا، وه‌شاند.
3- ده‌سه‌ڵات، ده‌توانێت له‌رێی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌وه، هه‌رێمی كوردستان بكاته گروتوخانهیهكی گه‌وره بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی.
4- به‌م ده‌نگدانه به درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه به‌مجۆره‌ی ئێستا، سه‌لمێندرا كه له دوای راپه‌ڕینه‌وه، خراپترین یاسا و مه‌ترسیدارترین یاسا له‌لایه‌ن ئه‌م خوله پارله‌مانییه‌وه، بۆ جارێكی دیكه، ڤیزای كاركردنه‌وه‌ی پێبه‌خشرا.
5- ئه‌م یاسایه، گورزێكی گه‌وره ده‌وه‌شێنێت له سه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م و دیموكراسیی و پێكه‌وه‌ژیان له هه‌رێمی كوردستان دا.
PM:02:18:06/07/2018
ئه‌م بابه‌ته 3953
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی