ڕونكردنەوەكەی ئەمڕۆی فراكسیۆنی گۆڕان!

‌مەم بورهان قانع

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەوە دەچێت زیاتر لە راگەیاندراوەكانی دا، سەرقاڵی رونكردنەوەبێت؛ لەسەر هەڵوێست و ئەدا و لێدوانی پەرلەمانتارەكانی!

لە خولەكەی پێشودا، چوار پەرلەمانتاریان ئیمزایان كرد؛ بۆ وەرگرتنی شوقە و، دواتر بە نامەیەكی رێكخەری گشتی ئەو كاتە، ئاگاداركرانەوە لە وەرنەگرتنی شوقە و دواتریش دوانیان لە بزوتنەوەكە دەركران. لەم خولەیشدا و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر و بێگەڕانەوە بۆ فراكسیۆنەكە و بزوتنەوەكە، پەرلەمانتارێكیان چووە ریزی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم" و، دواتر رونكردنەوەیەكی فراكسیۆنەكە بڵاوكرایەوە؛ كە ئەمە هەڵوێستی كەسیی خۆیەتی. 

چەند سەعاتێك لەمەوبەریش، فراكسیۆنەكە رونكردنەوەیەكی دیكەی بڵاوكردوەتەوە؛ لەسەر پەرلەمانتارێكی دیكەیان، كە ئەو قسانەی لە كەناڵەكانی NRTو Kurdistan24 دا كردونی (كە من گوێم لە وشەیەكیشی نەبووه)، قسەی خۆیەتی و ناڕاستن و گوزارشت لە فراكسیۆنەكەیان ناكات.

بەكورتی
١-  وا پێدەچێ‌ ئەم بزوتنەوەیە بڕیاری ناوەندیی (مركزیی) تێیدا كاڵبوبێتەوە و، بەشێكی پەرلەمانتار و ئەندامانی دیكەیان لەسەرەوە، پابەندی سیاسەتی مەركەزیی بزوتنەوەكەیان نەبن (یان ئەم سیاسەتە مەركەزییە هەر بوونی نەبێت)، یاخود هەر ئاگادار نەبن.

٢-نەبونی بەرچاورۆشنیی لەلایەن پەرلەمانتار و بەرپرسانی سەرەوە و كادیرە پێشكەوتوەكانیان، وەكچۆن هەندێ‌ جار قسەیان كردوە، قسەكانیان ناكۆك بون لەگەڵ ئەجێندا و سیاسەتی بزوتنەوەكەیان.

٣-حەزكردن بە قسەكردن؛ لەلایەن پەرلەمانتار و كادیرە پێشكەوتوەكانیان! ئاخر بزوتنەوەیەك، یان حزبێك، یاخود وتەبێژی فراكسیۆنێك كە قسەیكرد (وەكچۆن زۆر كەمیش قسەدەكەن!)، ئیتر ئەم هەموو كەسە چییە بەدوایان دا (هەندێ‌ جاریش لە غیابی قسەكردنی وتەبێژەكان دا)، قسەی دیكە دەكەن؟! واپێدەچێ‌ قسەكردن، بوبێتە بەشێك لە كولتوری كاری پارلەمانیی و "لێپرسراوێتیی!".

ئەنجام

بۆ ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە و فراكسیۆنەكانی (لە هەولێر و بەغداد) توشی ئەم حاڵەتانە نەبنەوە (كە وەختە ببێتە نیمچە دیاردەی بزوتنەوەكە و فراكسیۆنەكانی) و زیاتر سەرقاڵی رونكردنەوە نەبن لەسەر ئەندامەكانیان، دەكرا هەفتانە وتەبێژی بزوتنەوەكە و، وتەبێژی فراكسیۆنەكانی و، هەروەها وتەبێژی جڤاتەكانی، بە راگەیاندراوی فەرمیی، هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسەكانی رۆژ بۆ رایگشتیی بڵاوبكەنەوە و، هەفتانەیش، هەر ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی پەیوەنددار بە فراكسیۆنەكان، یان جڤات، یاخود كاروباری خەڵك، یان ژورەكان... هتد، بە نوسراوی فەرمیی، هەڵوێستی بزوتنەوەكە و "خانەی راپەڕاندن" (وەك یەكەمین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانیی)، لەسەر دۆخی هەرێم و دوایین پێشهاتەكان، بە ئیمەیڵ رەوانەی تەواوی پارلەمانتار و ئەندامانی جڤاتەكان و هەروەها كادیرە پێشكەوتو و میدیاییەكانیان بكەن و، بەمەیش كەمێك ناوەندێتیی لە بڕیاردان و قسەكردن دا بۆ ئەم بزوتنەوەیە و، فراكسیۆن و ژور و میدیاكانی دەگەڕایەوە.


PM:09:19:02/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 7149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی