‌تیرۆرکارییەک، مەترسیداتر لەگەندەڵی..
PM:02:36:22/10/2020
كاوە محەمەد



هێشتا (شێروان شێروانی)ی چالاکوان ئازادنەکراوە، کەچی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی حکومەتە پۆلیسیەکەی هەرێم، چوونەتە سەر ماڵی مامۆستا (شڤان سەعید بەروشکی) و لەناو ماڵەکەی خۆی و بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانی لەگەڵ خۆیان راپێچکردووە..

ئەم رەشبگیرییەی ئێستای بادینان و هەولێر، زنجیرە تیرۆرکارییەکانی ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانمان بیردێنێتەوە کە لەبادینان هەرچی دەنگێکی جیاواز و رەخنەگر هەبوون  تیرۆریان دەکردن و تەواوی دەڤەرەکەیان پڕکردبوو لەترس و تۆقاندن؛ ئەوەی ئێستا لەوێ بەڕێوەدەچێت، هەمان عەقڵیەت و حزب و دەسەڵانە کە لەنەوەدەکاندا (رەئوف ئاکرەیی و رێناسی زەحمەتکێشان و یوسف تۆما شابۆ) و چەندین ئازادیخوازی دیکەیان بە کوشتن و سەرکوتکاری بێ دەنگ کرد..

بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە؛ ئەوسا لەدەرەوەی هێزە سەرکوتکارەکەی بادینان، هێز و حزبی دیکە هەبوون دژ و ناڕازی بوون و چەند دەنگێک هەبوون کە بەرەنگارییەکیان نیشاندەدا، بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە هیچ دەنگێکی بەرز و جدیی دژ بەو کارە دژە ئازادییانە نابیسترێت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، وەک رووداوی زۆر ئاسایی، بەدیاریدا دەستیان بەخۆیاندا شۆڕکردۆتەوە، بۆیە ئەمڕۆ تەواوی حزبە بەشداربووەکانی حکومەت لەوەدا بەرپرسیارن و هەرگیز ناتوانن شانی ئارداوی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بتەکێنن..ئاخر ئەم کارە سەرکوتکارییانە زۆر لەو گەندەڵی و راوورووتە مەترسیدارترە کە ئەو دەنگە ئازادانە و هی دیکەش بەردەوام قسەیان لەسەردەکەن، چونکە کە ئازادی نەما، دەبێ نوێژی مردوو لەسەر لاشەی چاکسازیی بخوێنین..
کاوە محەمەد


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.