دز ئاوا خاوەن ماڵ دەگرێت!

‌كاوە محەمەد


کاوه‌ محه‌مه‌د
ئێمە لەگەڵ هەندێ لەهاوڕێکانمان لەپەرلەمانی عیراق بەرگریی سەرسەختانە لەماف و مووچەی خەڵکی هەرێم دەکەین و بە پلەی یەکەم بە هەوڵ و هیممەتی ئێمەومانان مووچەی خەڵکی هەرێم لەململانێکانی نێوان بەغدا و هەولێر دوورخرایەوە و ئەمەمان لەیاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩)دا جێگیرکرد، چونکە دەمانزانی و پێشبینیماندەکرد کە حکومەتی هەرێم بۆ درێژەدان بە سیاسەنی تاڵانفرۆشیی نەوت. بەپێی یاساکە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تەسلیمی بەغدا ناکات، هەروایشی کرد، چونکە باکیان بە مووچە و ژیانی خەڵک نیە و گرنگ لای ئەوان نەوت و بۆریبەکان و گرێبەست و شیرینییەکان و ئەو قەرزانەیە کە کۆتاییان نایەت و لەپەنابانەوە گبرفانە بێ بنەکانی حزب و بەرپرسانی پڕ لەدۆلار دەکەن.

هاوشانی ئەوەش لێرە بەرگری لەوە دەکەین کە ئەو پارەیەی لەبەغدا بۆ هەرێم دەنێردرێت. تەنها و تەنها هی مووچەیە و دەبێت بگاتە دەستی خەڵک، نەک ئەمەش دەسکاری بکرێت و لێی کەمکرێتەوە  بە (چل پەنجا) رۆژ مووچەیەک بدرێت بە فەرمانبەران، کەچی ئەوانەی بە ئاشکرا و رۆژی رووناک چەندین ساڵە دزی لەماڵی خەڵک دەکەن، دێن پەلاماری ئێمەی خاوەن ماڵ و بەرگریکاریی مافی خەڵک دەدەن و بە هەندێ شێوازی سووکی موخابەراتییانە و وەک پیشەی ناشیرین و مەکشوفی هەمیشەییان، پەیج و ئەکاونتی ساختەمان بۆ دروستدەکەن و هەوڵدەدەن خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و راستیبەکان هەڵگێڕنەوە کە گوایە ئەوە ئێمەین لەبەغداوە هەوڵی بڕینی مووچەی خەڵکی هەرێم دەدەین، نەک ئەاون کە لەبەغدا شەڕی پۆست و پارە بۆ خۆیان دەکەن و لەهەرێمیش بوونەتە مۆتەکە بۆ مووچە و ژیان و ئازادیی خەڵک.

 

کورد بە هەوەنتە نەیوتووە؛( تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت).


PM:02:16:05/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی