مافی شۆڕشکردن

‌ئاسۆ کەمال

مافی شۆڕشکردن وشیاری چینێکە بەوەی کە سیستەمی زاڵی ئابوری و سیاسی ئێستا ناڕەوایە. ئەم شۆڕش و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانەی دنیای ئەمڕۆی سەدەی ٢١ی گرتۆتەوە لە فەرەنسا و ئیسپانیا، بەرازیل و چیلی، جەزائیر و سودان ، لوبنان و عیراق و زۆر شوێنی تری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکا، نیشانەیەکن لە وشیاری چینایەتی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان بەوەی ئەم سیستەمە نیولیبرالی و سەرمایەداریەی ئێستا ناڕەوایە و دەبێ شۆڕشی لەدژ بکرێ.

شۆڕش بە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک و چەند جارێک چونە سەر شەقام دەست پێ دەکا بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە تیایدا هێزە شۆڕشگێڕەکان هەژمونی فکری و پراتیکی سیاسی خۆیان نمایش دەکەن. شۆڕش ئەوکاتە دەست پێدەکا کە چینی کرێکار  و چەوساوە بەو ڕاستیە دەگا کە مافی شۆڕشکردن مافێکی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگرە. بەڵام پەیداکردنی هەژمونی و دەسەڵاتی شۆڕشی کرێکاری لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەم چینە خۆیان بەساحێبی کۆمەڵگە دەزانن نەک سەرمایەداران و بورژوازی و حکومەتەکەی بەڕێگری بەردەم ژیان و گوزەرانی شایستەی ئینسانی دەزانن. هەربۆیە سەرەتا بە داوای لابردنی سەرۆکێک و حوکەمەتێک  و چەند داواکاریەکی چاکسازی دەست پێ دەکا و لەم ڕیگەیەوە ئەم چینە دەیەوێ مافی شۆڕشکردنی بەسەر بورژوازی و یاسا و دامودەزگاکانیدا بسەپێنێ.

لە ئێستادا تارمایی شۆڕش بەسەر جیهانی سەرمایەدا جارێکی تر لەهاتوچۆدایە . ئەم هەموو ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە گەورە و ملێونی و سەراسەریانە نیشانی دەدا کە بەشێوەیەکی خۆبەخۆیی مافی شۆڕشکردن بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا بوەتە وشیاریەکی گشتی و لێرەشەوە بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکانی چینی کرێکار هەنگاو بۆ سەپاندنی هەژمونی شۆڕش بەسەر چینی دەسەڵاتداردا دەدا. دوای شکستی بەهاری عەرەبی هەستانەوەی بزوتنەوەی داگیرکردنی گۆڕەپانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەریهەڵدا و دوای چەند ساڵی تر  شەپۆلی شۆڕش لە پاریسەوە بۆ چیلی و بۆ ئێران و سودان و جەزائیر و عێراق و لوبنان گەڕایەوە. ئەمە نیشانی دەدا کە ئەم چینە جیهانیە ئەمڕۆ مافی شۆڕشکردنی خۆی وەک مافێکی سروشتی خۆی سەیردەکا. لە یەکەم هەنگاودا جارێکی تر خەریکە مافی شۆڕش کردن بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا دەسەپێنین. بورژوازیش لە سەدەی ١٧ەوە کاری کرد بۆ ئەوەی مافی شۆڕشکردن بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا بکاتە مافێکی دەستوری تا لە ڕیگەی شۆڕشەکانی بەریتانیا وفەرەنساوە ئەم مافەی سەپاند.

چینی ئێمەش لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە کە لە شۆڕشی دیموکراتی بورژواکاندا بەسەر پاشماوەکانی دەرەبەگایەتیدا بەشداریکرد هەوڵی داوە ئەم مافی شۆڕشکردنە بکاتە مافێکی یاسایی و دەستوری . کرێکاران زۆر زوو فێربوون کە شۆڕش تەنیا بەسەر ڕابردوودا یەکسانی و مافی کرێکاران بەدەست ناهێنێ ، بەڵکو شۆڕشێکی بەردەوام و ڕادیکاڵ دژی سیستەمی نوێی سەرمایەداریش پێویستە تا بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بگەین . لێرەوە مافی شۆڕش کردن بوە تەوەرەیەکی بنەڕەتی لە فکری کۆمۆنیزم و کرێکاراندا. لە پرۆسەیەکدا ئەم چینە مافی شۆڕشکردنی لە ڕای گشتیدا جێگیرکرد و شۆڕش بوە فکرەیەکی خاوەن هەژمونی لە کۆمەڵگەدا. ئەم پرۆسەیە لەکۆمۆنەی پاریس ١٨٧١ دا بەشیوەی غەریزی و خۆبەخۆیی دەستی پێکرد.  کرێکارانی پاریس  مافی شۆڕشکردنیان بەسەر دەسەڵاتی بورژوازی فەرەنسیدا و دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاریان بەڕەوا لەقەڵەمدا. دواتر حزبی بەلشەفی لە ساڵی ١٩١٧ لەڕێگای ڕاپەڕینێکی چەکدارانەوە لە ئۆکتۆبەردا ڕەوایەتیدا بە مافی شۆڕشکردنی بەسەر دەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری کرنسکیدا و حکومەتی حزبێکی کرێکاری خستە جێگای حکومەتی سەرمایەداران. بەمەش مافی شۆڕشکردنی کرێکاران لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەی ئینسانیدا جێگیربوو .

لەسەرەتادا کاردانەوەی هەموو حکومەتە بورژوازیەکان هەوڵدانە بۆ سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران بەڵام ئەمەش سنوری هەیە. کاتێک دەزانن سەرکوت داد نادات ،لە کۆتاییدا ناچارن سازشێک بکەن لەگەڵ ناڕەزایەتیەکاندا تا کارنەگاتە شۆڕش.هەموو ڕیگایەکی بەڵێندان و فریودانی شۆڕشگێڕان ودواتریش  لۆمەی سەرکوتگەری خۆیان دەگرنەبەر تا ڕێگەیەک پەیدابکەنەوە بۆ قەناعەت پێ هێنانەوەی جەماوەر بە دوبارە شەرعیەت وەرگرتنەوەی دامودەزگای پەرلەمان و پۆلیس و سوپا و دادگا و ئیدارەکانیان. بەڵام کاتێک کە کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو دەزانن هیچ ڕیگەچارە و ریفۆرمێک کێشەی هەژاری و بێکاری و بێ مافی ئەوان چارەسەر ناکا، ئەوکات ئەوە مافی خۆیان دەزانن کە شۆڕش بەسەر هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی سەرمایەداریدا بکەن و شۆڕش بەسەر هەموو حزب و پەرلەمان و حکومەت و پۆلیس و ئیدارەی بورژوازیدا دەبێتە تەنیا ڕێگەچارە.

 لەم کاتەدا هەموو هەوڵی فەیلەسوف و سیاسی وڕۆشنبیرەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەتی مافی شۆڕشکردنی چینی کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکانە. بەتایبەت نیولیبرالیزم هەرچی بنەماکانی شۆڕشگێڕێتی و ئایدیای ئینسانی کۆلیکتیڤە گۆڕی بە تاکگەرایی و بەنگەشەی پوچی ئایدیا و ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێڕانە و یەکسانی خوازی و کۆمۆنیستی کرد تا بتوانێ سەرمایەداری لەدەست شۆڕشی کرێکاران ڕزگاربکا.

بەڵام ئەم هەوڵانە ناتوانێ ناکۆکی و کێشەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری بۆ هەمیشە داپۆشێ و کپ بکاتەوە. هەربۆیە دەبینین ئەم نیولیبرالیزمە و تەواوی مانگەکانی تری دەوری ئەم هەسارەی نیولیبرالیزمەی بورژوازی، لە حکومەتەکانی لە ئەمریکا و بانکی جیهانیەکەیەوە بگرە تا عێراق و پرۆژەکانی خسوسیکردنەوەی سەرمایە، ئێستا لە سایەی ناکۆکیەکانی دنیای سەرمایەدا ئیعتباری خۆی لای جەماوەری کرێکار و چەوساوە لەدەستداوە. لەدنیایەکدا کە چڕبونەوەی سەرمایە لە ١٠ ساڵی تردا واتە لە ٢٠٣٠ بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەری لێ دێت کە ٢/٣ هەموو داهاتی کۆمەڵگەی ئینسانی لەدەستی لە ٪١ ی چینی سەرمایەداردا کۆدەبێتەوە و ڕێژەی هەژاری وبێکاری و جیاوازی چینایەتی دەگاتە ئەوپەڕ و سەرمایەداران لەسەر ترلێۆنەها دۆلاری کەڵەکەبوو دادەنیشن. ئەم هێزی کارە خوێندەوار و ئەو هەموو ئامڕازەی بەرهەمهێنان کە دەتوانن بەهەشت لەسەر زەوی دروست بکەن بەڵام لەلایەن سەرمایەوە بێکاردەکرێ و پەراوێزدەخرێ. هەربۆیە ئەم چینە چیترناتوانێ ئەم سیستەمە قبوڵ بکا. ئەم توڕەوییەی خەڵک دەبێ بەرەو شوێنێک بچێ. هەردوو سیناریۆی چەپ و ڕاست لێرەدا مومکینە. سیناریۆی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی کۆمەڵگە و توڕەیی و ناڕەزایەتی بەلای پۆپۆلیزمی قەومی و دینی و فاشستیدا ،وەیان وەرچەرخان بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. کاری چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار ئەوەیە کە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بەرەو ڕادیکالیزمی چەپ و سۆشیالیستی بەرن. بەڵام چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم کارە بکەن پێویستە لە مێژووی کەموکوڕی و لاوازیەکانی پێشووی خۆیان و چینی کرێکار تێبگەن تا بتوانن ڤێرژن ومۆدێل و ئاسۆیەکی نوێی شۆڕش بنەخشێنن و بزانن ئامڕازەکانی سەرکەوتنی شۆڕش و بنیاتنانی کۆمەڵگەی نوێی بێ چین و چەوسانەوە چین؟

 شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەرچەند بەم ئومید و بانگەشە سۆشیالسیتیەوە دەستیپێکرد بەڵام نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالسیتی بەرێت. ئەمەش پرسیاری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشی سۆشیالیستی کرێکاران دروستکرد. کە ئایا ئەو گۆڕانکاریەی شۆڕش دەیەوێ لە سیستەمی ئابوری و سیاسی سەرمایەداریدا بیکا چیە؟ کرێکاران چۆن دەتوانن شۆڕشێکی سەرکەوتوانە بەسەر شیوازەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی ودەوڵەت و چینەکاندا بکەن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ ئێمە لەو نمونەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە دەستپێبکەینەوە تا بزانین کە هۆی شکستی ئەو جۆرە لە شۆڕشی سۆشیالیستی چی بوو؟ چۆن شۆڕشی ئێستا دەتوانێ تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات لە حزبێک ودەسەڵاتێکی کەمینەوە بۆ دەسەڵاتی حزب و کەمایەتیەکی تر نەبێ؟ شۆڕشی کرێکاری شۆڕشی زۆرینەی کۆمەڵگەیە نەک هەر بۆ گۆڕینی ڕژێم و چونە سەرشەقام بەڵکو لە دامەزراندنی سیستەمی ئابوری و سیاسیشدا لەسەر بنەمای پەیوەندی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگە لە بەرهەمهێان و بەڕیوەبردندا و موڵکایەتی گشتی بنیات دەنرێ . ئەمە مانای واقعی شۆڕشە بەسەر شێوەی ژیان و ئیدارەی کۆمەڵگەدا. بۆئەوەی بتوانین متمانە و باوەڕ بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی لەمڕۆ بگێڕینەوە و تێگەیشتنێکی نوێ بخەینەڕوو لە ڕەوایەتی و ئایندەی سۆشیالیستیانەی شۆڕش پێویستە شۆڕشی سۆشیالیستی وەک کاری هەموو چینەکە و ڕیکخستنی هەموو چینەکە و دروستکردنی دەسەڵاتی زۆرایەتی کۆمەڵگە نیشان بدەین و نمونەی حزبی سەرکردە و تاقانەی دەسەڵات و دەسەڵاتی کەمایەتی بەجێبێڵین . لەجیاتی مۆدیلی شۆڕش لەسەرەوە و دامەزراندنی سۆشیالیزم لەلایەن حزب و دەوڵەتێکی حزبیەوە واتە سۆشیالیزمی دەولەتی لە نمونەی بەلشەفی ، پیویستە ئەمڕۆ مۆدیلی شۆڕش و سۆشیالیزم لە خوارەوە و لەلایەن هەموو هێزی سیاسی و جەماوەریەکانی چینی کرێکار و خەڵکی چەوساوەوە بخەینەڕوو. مۆدێلێک لەو کارە هەرەوەزیانەی لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکاندا سەرجەم هێزی ئەم چینەیە دێتە مەیدانی شەڕەوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە. ئەم هێزە چینایەتیە بەرفراوان وڕەنگاوڕەنگە سیاسیە دەبێ دەسەڵات و ئیدارە ببێتە بەدیلی حکومەتی کەمایەتی بورژوازی. پێویستە بەشی ڕۆشنبیر و کۆمۆنیست و پێشڕەوی ئەم چینە خۆی نەکاتە قاڵبێکی کەمایەتی و توانای شۆڕشگێڕانەی ئەم چینەی تێدا قەتیس بکرێ بەڵکو ئەم بەشە ڕوناکبیر و پێشڕەوە دەبێ هەموو چینەکە بۆ ئاستی گرتنە دەستی دەسەلات و بەڕیوەبردن گەشەپێبدا. هەژمونی ئەم زۆربەی کۆمەڵگەیە بەسەر کەمایەتی چەوسێنەردا دەبێ نەک لە پێش شۆڕش بەڵکو لە کاتی شۆڕش و لەدوای شۆڕشدا بتوانێ بەردەوام بێ ئەگەر نا دیسانەوە لە نمونەی شۆڕشی کەمایەتی و دیکتاتۆریەتی حزبی و بیرۆکراسی و سەرمایەداریەکی دەوڵەتی تر پیادە دەکرێ و لە گۆڕینی ئەم سیستەمە سەرمایەداریەدا شکست دێنین. دەبێ لە قوتابخانەی شۆڕشدا فێری ئەم دەرس و نەخشانە بین و لە مەیدانی شۆڕشیدا لەلایەن هەموو جەماوەری کرێکار و چینە شۆڕشگێڕەکانەوە ڕاستی و دروستیان بسەلمێنین.

لە تەجروبەی شۆڕشی بەلشەفیدا دەتوانین ٣ دەرس وەرگرین.

یەکەم؛ لینین لە فەلسەفەی ڕەوایەتی مافی شۆڕش و هەژمونی دەسەڵاتی کرێکاران بەسەر سەرمایەداراندا پێشڕەوی کرد. هەروەک گرامشی دەڵێ ئەم” گەشەی سیاسی فکرەی هەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسیشە”. بە هەنگاوی شۆڕشی سۆشیالیستی حزبی بەلشەفی نیشانیدا کە چینی کرێکار تائاستی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی گەشەی کردوە و دەتوانێ ئەم هێز و هەژمونیە بەرامبەر بە چینەکانی تر نیشان بدا. چینی کرێکار دەتوانێ ڕیکخراوترین بەشی بورژوازی کە حکومەت و دەوڵەتە لە دەسەڵات بخات و لە ڕێگەی چەکەوە ئۆتۆریتە و دەسەڵات و بەرنامەی خۆی بسەپێنێ. ئەمە مانای پڕاوپڕی حزبی سیاسی چینی کرێکارە ، حزبێک کە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ بورژوازی چەکدار و ڕیکخراودا بکا و بەسەریدا سەرکەوێ. حزبێکی کرێکاری کە بتوانێ ئەم کارە بکا واتە چینی کرێکار تا ئاستی مۆدێلی دەوڵەت گەشەی کردوە. دەوڵەت واتە چینێکی ڕیکخراو کە بەزۆری هێز و هەژمونی خۆی دەسەپینێ بەسەر کۆمەڵگەدا. مۆدیلی حزبی بەلشەفی نەک لەم بارەیەوە جێگای ڕەخنە نیە و نە ئەمەش خاڵی لاواز و هۆکاری شکستی ئۆکتۆبەرە بەڵکو بەپێچەوانەوە بەبێ تێگەیشتن لەم خاڵە بەهێزەی بەلشەفیەکان ناتوانین لە گەشەی سیاسی و فکری چینی کرێکار تێبگەین لە چۆنیەتی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری و شۆڕشی سیاسی بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا. بەڵام ڕەوایەتی شۆڕش شتێک سەبارەت بە ئایندەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی نوێ ناڵێت، ئەگەر شۆڕشێک بەسەر دەسەڵاتی کەمینە و خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا نەهێنێ.

دووەم؛خاڵێکی تریش کە حزبی بەلشەفی پێشڕەوی تێدانواندوە کە ئەوەیە کە لە ساتەوەختی فرسەتی گرتنی دەسەڵات و شۆڕشی چەکداری بۆ گرتنی دەسەڵاتدا، ناتوانێ بەپێی پێوەری زۆرینە و کەمینەی ڕای کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار دیاری بکرێ ، بەڵکو پێوەری سەرەکی ئەوەیە ئایا لەتوانادایە دەسەڵات لە دەست بورژوازی دەربهێنرێ لە کاتی گونجاودا ؟ وە ئایا بەم هەنگاوە دەتوانرێ هەموو هێزی چینی کرێکار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر سەرمایەداریدا ئامادەبکا و بهێنێتە مەیدان؟  دیالەکتیکی گەشەی خەباتی چینایەتی و فراوانی جۆر و شێوەی ڕیکخراوبونی سیاسی و جەماوەری کرێکاران لەوانەیە چەندین حزب و ڕێکخراو و ناوەندی جیاجیای کرێکاری لێ پەیداببێ ، شۆڕشی کرێکاری بریتیە لە کۆکراوەی سەرجەم ئەم هەوڵە چینایەتیە بەرفراوانە و سەرکەوتنی شۆڕشیش لە گرەوی ئەم کۆکردنەوە و یەکگرتوکردنی هێزە چینایەتیەیە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە، بەڵام مەرجی دەستبردن بۆ دەسەڵات ڕیکەوتن و یەکگرتوبونی لە پێشەوەی هەموو ئەم هێزانە نیە لە ساتەوەختی گرتنی دەسەڵات و بە لوتکە گەیشتنی قەیرانی دەسەڵاتی بورژوازی.

سێهەم ؛لەپاڵ ئەم دوو حوکمەدا دەبێ حوکمێکی لەمانە گرنگتریش بڵێین ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو کەمایەتیە لە چینی کرێکار و حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە شۆڕشی چەکدارانە بەسەرکەوتن دەگەیەنێ ، نەتوانێ سەرجەم هێزی چینی کرێکار بۆ دەسەڵات و بەڕیوەبردن و بەرنامەداڕشتن، یەکگرتوبکا و بخاتەگەڕ و ئەم کەمایەتیە نەگۆڕێ بە زۆرایەتی و لە کەمایەتیدا بمێنێتەوە ئەوا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕوبەڕوی شکست دەکاتەوە. لەبەرئەوەی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی کەمینە و جێگرتنەوەیدایە بە بەشداری هەرەوەزیانەی هەموو هاوڵاتیان لە بەرهەمهێنان و بەڕیوەبردندا. بەداخەوە ئەمە ئەو شکستەیە کە مۆدیلی حزبی بەلشەفی لە شۆڕشی کرێکاری ڕوسیادا هێنای و نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو دامەزراندنی سیستەمێکی  سۆشیالسیتی و هەرەوەزی بەرێ . بێگومان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم ڕەخنەیە لە مۆدیلی سیاسی حزبی بەلشەفی پێویستە مێژووی ئەم حزبە لە پێش ئۆکتۆبەر و لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لە دوای دەسەڵاتدا باس بکەین، تا بزانین دەبێ چ بکەین تا شۆڕشەکانی سەدەی بیست بەو ئامانجە سۆشیالیستیانەی خۆیان بگەن.

بورژوازی هەوڵدەدا ئەم مێژووەی چینی ئێمە لە پێناو سەپاندنی مافی شۆڕشکردن بەسەر سەرمایەداریدا لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەدا بسڕێتەوە، ئێمەش بە ناسینی ئەم مێژووە خەباتکارانەی چینەکەمان جارێکی تر ئاڵای مافی شۆڕشکردن لە گۆڕەپانەکانی ئازادی و التحریر دەشەکێنینەوە.
ئاسۆ کمال
*ئەم وتارە بەشی ٩ یە لە کتێبی "کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم و سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ"
http://www.asokamal.com/index/wp-content/uploads/2019/04/kteb-hizb.pdf
 


AM:08:28:03/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی