خاوەندارێتی لە پەیامی نەوشیروان مستەفا

‌د.ئارام ڕەفعەت

هێڵی سێیەم لەپرسی سەربەخۆییدا:  خاوەندارێتی لە پەیامی نەوشیروان مستەفا

سیاسەتی تا ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان لەمەڕ پرسی ریفراندۆم دوو لایەن (دوو دیو)ی هەیە.
بەدیوێکدا، بزوتنەوەی گۆڕان تا رادەیەک لۆژیکانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ریفراندۆمدا کردووە. ئەو بزوتنەوەیە نە تەبەنی ریفراندۆمەکەی حیزب و بنەماڵە حاکمەکانی کردووە و نە خۆی لە پەیامی دژە سەربەخۆیی عێڕاقچییەکان کردۆتە خاوەن.

بەدیوەکەی تردا، گۆڕان لەپرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیدا هێشتا نەیتوانیوە بەدیل و کارنامەی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئاماژەکان وا پیشان دەدەن، کە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام درا، گۆڕان لایەنگر و هەڵسوڕاوانی لە نێوان بەشداریکردن و نەکردن وە دەنگدان بە بەڵی یان نەخێر لە پرۆسەی ریفراندۆمدا سەرپشک دەکات.
بەکورتی، بەهەردوو دیودا، گۆڕان زیاتر مەیلی بێلایەنی و پاسیڤی هەیە.

بەڵام، ئەم بێلایەنی و پاسیڤییە بەدەردی بزوتنەوەیەک ناخوات کە خۆی بە رابەری بەرەی چاکسازی و نارازی دەزانێت. لەم پرۆسەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستی چاوەروانی ئەو سەدان هەزارکەسە بێ ئومێد و بەشخوراوەدا نەبووە کە ئومێدی خۆیان لەسەر بزوتنەوەکە هەڵچنیوە.گۆڕان،  لەم پرۆسە و کێشمەکێشەدا، تا رادەیەکی زۆر کورتی هێناوە و بێهودە لەناوەراستی رێگادا وەستاوە.

گۆڕان نابێت لە ناوەراستی رێگادا بوەستێت. لەم دوو ریانە مێژووییەدا نە دەبێت گۆڕەپان بۆ گەندەڵچییە ریفراندۆمخوازکان و نە عێڕاقچییە دژە سەربەخۆییەکان چۆڵ بکات وە نەدەشێت بچێتە پاڵ هیچ کام لەم دوو بەرەیە.

پێویستە گۆڕان بە پشت بەستن بە پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا دەسبەجێ هێڵی سێیەم رابگەیەنێت. هێڵی سێیەم بەمانای ئەوەیە کە بەدیلی گۆڕان نەک هەر جیاوازە لە ریفراندۆمی بنەماڵە و حیزبە میرنشینخوازەکانی کوردستان و لە پەیامی دژە سەربەخۆیی بەرەی عێڕاقچییەکان، بەڵکو بەتەواوی بەدیلی هەردوکییانە.
پەیامی نەورۆزی نەوشیروان مستەفا وەک چوارچێوەیەک بۆ هێڵی سێیەم

باشترین سیاسەت و بژاردە بۆ گۆڕان هەڵبژاردنی هێڵی سێیەم و خاوەندارێتییە لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٢ی نەوشیروان مستەفا.

نەوشیروان مستەفا لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٢ بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی کورت، بەڵام نیشتیمانی و نەتەوەیی گرنگی دا. ئەو وتارەی کاک نەوشیروان دەکرێت بە یەکێک لە باشترین وتارەکانی ئەو زاتە تەماشابکرێت کە تێیدا وەک کەسێکی بان حیزبی و وەک دەوڵەتمەدارێک چوارچێوە و هێڵی گشتی بۆ پرسە نیشتیمانییەکان، لە هەمووشیان گرنگتر، بۆ پرسی سەربەخۆیی دارشت.

 پەیامەکەی کاک نەوشیروان دەبێت وەک بنەمایەک بۆ هێڵی سێیەم و وەک بەدیلێک بۆ هەردوو بەرەی ریفراندۆمچی و عێڕاقچی تەبەنی بکرێت.
هێڵی سێیەم بەدیلی بژاردەی "نەخێر”ی عێڕاقچییەکانە.

بەرەی نەخێری عێڕاقچییەکان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە بەرژەوەدنی خەڵکی کوردستان  لەوەدایە کە وەک بەشێک لە عێڕاقدا بمێنێتەوە. هەندێک لە عێڕاقچییەکان دەڵێن لەئێستادا، هەندێکی تریش دەڵێن لەدرێژماوەدا کاتی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی نییە (یان بەسەرچووە) و دەبێت کورد لە عێڕاقدا بمێنێتەوە. بەمانایەکی تر، بۆ ئەوان مانەوە لەعێڕاق باشترە لە جیابوونەوە لەو وڵاتە و عێڕاق و دەوڵەتی عێڕاق بەدیلی کوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆیین.

نەوشیروان مستەفا دیدێکی رۆشن و پێ پەناو پێچی بۆ پرسی سەربەخۆیی هەیە. ئەو لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٢دا تەئکید لەسەر "درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی نەتەوەییدا و لەپێناو رزگاربوونی خاک و گەلی کوردستان لە داگیرکاری و ستەمی دەرەکی و ناوەکی ” دەکات.

بۆ نەوشیروان مستەفا دەوڵەتی کوردستانی ئامانجێکی لاوەکی نییە کە بکرێت دوا بخرێت، بەڵکو لەروانگەی ئەودا "سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی…. باڵاترین ئامانجی نەتەوەییە”. ئامانجێک "کە چەندین نەوە لەپێناویدا شۆڕشیان کردووە، دەیان هەزار هاوڵاتی لەپێناویدا گیانییان بەخشیوە، کۆی گەل و نیشتیمان لەو پێناوەدا روبەرووی کۆمەڵکوژی و  جینۆساید بوونەتەوە”.

 بەمجۆرە، پێچەوانەی بەرەی نەخێر، بۆ نەوشیروان مستەفا نە عێڕاق بەدیلی کوردستانە و نە دەوڵەتی عێڕاقیش بەدیلی دەوڵەتی کوردستانییە. لای ئەو بەدیلی کوردستان هەر کوردستانە و سەربەخۆییش ئەو ئامانجە باڵایەیە کە هەموو قوربانییەکی لەپێناودا دەدرێت.

ئەوە هەقیقەتی روانگە و جیهانبینی نەوشیروان مستەفایە بۆ دەوڵەتی کوردستانی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەقیقەتە، هەر چەشنە هاوسۆزییەک و هەماهەنگییەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڵ عێڕاقچیەکانی بەرەی نەخێردا، وەستانەوەیە لەدژی پەیام و پرەنسیپەکانی نەوشیروان مستەفا. بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت راشکاوانە و بێ دوو دڵی خۆی لە عێڕاقچییەکانی بەرەی نەخێر بەدوور بگرێت.

هێڵی سێیەم بەدیلی ریفراندۆمی حیزب و بنەماڵە حاکمەکانی کوردستانە
کاتێک لە پەیامی نەورۆزیدا، .کاک نەوشیروان دەوڵەتی کوردستانی وەک باڵاترین ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەکات، بە ئاگایی و وشیارییەوە هێڵێکی پان و درشت لەنێوان دیدی خۆی بۆ ئەو ئامانجە باڵایە و ئیدیعای بنەماڵە و حیزبە حاکمەکانی کوردستان بۆ ئەو پرسە دەکێشێت.

نەوشیروان مستەفا لە پەیامەکەیدا چوارچێوە و بنەماکانی گەییشتن بەو ئامانجە باڵایە دادەرێژێت و دەوڵەتێکمان بۆ وێنا دەکات کە بەتەواوی پێچەوانەی بانگەشەی ئێستای ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی و حیزب و بنەماڵە هاوپەیمانەکانێتی.

کاک نەوشیروان بە ئاگاییەوە دەڵێت "کوردستانی سەربەخۆ شتێک نییە بەقسە دابمەزرێت، بەڵکو تەلارێکە پێویستە پایەکانی لەسەر زەمین بچەسپێن”. لەروانگەی ئەودا دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی پێویستی بەچەند پێشمەرجێکە و لەوانەش ئەو دەوڵەتە:

١) دەبێت "دامەزراوەیەکی سیاسی بێت کە پێویستی بەسازانێکی نیشتیمانی نوسراوە لە شێوەی دەستوور و کۆمەڵێک یاسادا کە کۆدەنگی نیشتیمانییان لەسەر بێت.”

٢) دەبێت خاوەنی "ئیدارەی نیشتیمانی، سوپای نیشتیمانی، ئاساییشی نیشتیمانی و دادگای نیشتیمانی [بێت]، کە دامەزراوەی هەمووان بن پێکەوە.”

٣) دەبێت "دامەزراوەیەکی ئیداری و کۆمەڵایەتی بێت.”

٤) "پێویستی بەپتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی،… ئاشتی کۆمەڵایەتییە،… بەجۆرێک هەموو تاکێکی کوردستان هەست بەلایەنی کەمی دادی کۆمەڵایەتی و دادی ئابووری بکات.”

٥) دەبێت "دامەزراوەیەکی مەدەنی و رۆشنبیری بێت و پێویستی بەزمانی فەرمی و میدیای نیشتیمانی و زانکۆی نیشتیمانییە.”

٦) دەبێت "کۆمەڵگای مەدەنیی” ئازاد بکرێت، "بەجۆرێک تاک لە ئینتیمای خێڵەکی و ناوچەیی بەرتەسک دەربازی بێت و ببێتە خاوەنی ئینتیمایەکی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتیمان.”

٧) "پێویستی بە … گەرانەوەی کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە دابراوەکانی ترە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.”
لەکۆتاییدا نەوشیروان مستەفا بەڵێن دەدات و دەڵێت "ئێمە لەسەر زەمینی واقیع خەبات لەپێناوی هێنانەدی ئەو پێشمەرجانەدا دەکەین”.

ئەمەی سەرەوە کورتەی پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا بوو، کە بەهەموو پێوەرێک دەکرێت بە مانیفستۆی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی دابنرێت.

سەرکردە و رابەری هیچ حیزبێکی کوردستانی وەک  رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانییوە مانیفستۆیەکی وا رۆشن و زوڵال بۆ پرسی سەربەخۆیی بنوسێت. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا خۆیان نەکردۆتە خاوەنی ئەومانیفستۆیەی نەوشیروان مستەفا ئەوا کەمتەرخەمییان کردوە و بەردەوامبوونیش لەسەر فەرامۆشکردنی ئەو مانیفستۆیە دەچیتە خانەی لادان لە پرەنسیپ و رێبازی رابەرەکەیان.

بزوتنەوەیەک خاوەنی ئەو مانیفستۆیە بێت دەتوانێت بەئاسانی ببێتە بەدیل، وەک هێلی سێێەم دەربکەوێت، خۆی بکاتە خاوەنی پرسی سەربەخۆیی و ئەو کارتە لەدەست بنەماڵە و حیزبە حاکمەکانی کوردستان دەربێنت. بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بیانوویەکی نییە کە خۆی ناکاتە خاوەنی ئەو مەلەفە و دەبێت کۆتایی بەو گوتارە شەرمنۆک و رۆڵە پاسیفەی لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی بێنێت.
گۆڕان دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی ببێتە هێڵی سێیەم؟

١) دەبێت ئەو حەوت خاڵەی سەرەوە، کە دیدگا و پەیامیی نەوشیروان مستەفان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان وەک کارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی سەربەخۆیی تەبەنیی بکات.

٢) لەبری سیاسەتی "چاوەروان بکە و ببیینە”ی ئێستایدا، دەبێت بەو کارنامەیە وە خۆی بەدیلی بەرەی ریفراندۆم و بەرەی عێڕاقچییەکان رابگەیەنێت و بێتە مەیدان..

٣) گۆڕان دەبێت ئەو کارنامەیە وەک پاکێجێک بخاتە بەردەم هەموو لایەنەکان و هەوڵ بدات بەرەیەکی فراوان پێک بێنێت.

٤) بەشیوەیەکی فەرمی داوای دواخستنی ریفراندۆم بکات بۆ ساڵی ٢٠١٨ تا ئەو کاتەی لەگەڵ لایەنەکاندا دەگەنە رێکەوتنێکی هاوبەش و ئەو رێککەوتنەش ببێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی یاسای ریفراندۆم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.

٥) لەحاڵەتی مل نەدانی بەرەی ریفراندۆم و سوربوونیان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولدا، بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی بایکۆتکردنی ریفراندۆمەکە رابگەیەنێت.

٦) لە حاڵەتی بایکۆتکردندا، ریفراندۆم ئەنجام بدرێت یان نا، دەنگی "بەڵێ” سەرکەوتوو بێت یان دەنگی "نەخێر "، دەبێت گۆڕان بەردەوام بێت لەسەر تەبەنی کردن و پشتیوانی پەیداکردن بۆ هێلی سێیەم.
 
هەرچەندە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هەندێک درەنگ کەوتووە تا وەک هێڵی سێیەم دەربکەوێت و خۆی بکاتە خاوەنی پرەنسیپ و دیدگاکانی نەوشیروان مستەفا بۆ پرسی سەربەخۆیی، بەڵام کاتێک بەرپرسیارێتییە مێژووییە چارەنوسسازەکان دێنە پێشەوە، درەنگ ئەنجام دانی باشترە لەوەی هەر ئەنجام نەدرێن.

  تێبینی:
 (١) هموو ئەو بڕگە و رستانەی لەنێوان وێرگوڵ دان وتەکانی نەوشیروان مستەفان
(٢) دەتوانن لەم لینکەدا وتارە ڤیدیۆییەکەی نەوشیروان مستەفا ببینن https://www.youtube.com/watch?v=QssyrtVFWvs


AM:10:44:10/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 1595 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی