چەند پرسیارێ بۆ بەڕێز پاریزگاری سلێمانی

‌بەهادین نوری

پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ‌آبوبکر لە ڤێسبووکەکەی خۆیدا پیرۆزبایی گەرمی لە کاک نێچیرڤان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنیەوە بە سەرۆکی هەرێم ، داوای لە هەموان کرد پشتگیری لێبکەن بۆ خزمەت و پێشخستنی هەرێم ، وتیشی کاک نێچیر هەمیشە راوێژی لەگەڵ کردووە لە ئیشی پێویستدا . 

منیش لەگەڵ هەڤاڵ آبوبکردام ، خۆشحاڵدەبم ئەگەر نێچیرڤان بەرزانی بتوانێ بەراستی و ڕێکوپێکی خزمەتی ئەم گەل و نیشتیمانەبکات و سیناریۆی ئەو ٢٠ ساڵەی ڕابوردوی دوپات نەکاتەوە کە زنجیرەیە لە تێشکانی یەک لە دوای یەک بوو . بەس دەمەوێ لە پاریزگار بپرسم . 

 ١ـ چیبوون ئەو راویژکاریانەی کە نێچیربەرزانی لەگەڵ هەڤاڵی کردووە ؟ ئایا ڕاوێژی لەگەڵ کرد کە بۆ چوارساڵ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی بڕی مناڵی ئەو هەموەی خستە زاق و زووق لە برساندا ؟ 

٢ـ ئەوە چەند مانگێکە بەغداد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێ . دیارە لەمەشدا هەر ڕاوێژ لەگەڵ پاریزگار کراوە . جا بۆچی هەڤاڵ ابوبکر لە نێچیرڤانی نەپرسی : ئاخرکاتی خۆی کە پاشەکەوتی زۆرە ملیتان سەپاند چەندین جار دوپاتتانکردەوە کە ئەمە قەرزەو دەیدەنەوە ... ئەی بۆچی لەم ماوەیەدا هیچ قیستێ لەو قەرزەتان نەدایەوە ؟ 

٣ـ لەماوەی ٢٠ ساڵی حکومڕانی نێچیرڤاندا پرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزە لە کۆمەڵگەی هەرێم گەیشتە کوێ ؟ ئافەتی گەندەڵکاری گەیشتە کوێ و کام گەندەڵکار سزادرا ؟ هەتا کەی داهاتی هەرێم هەر لەتاریکیدا دەمێنێ و کەس نازانێ چەندە و چۆن خەرجدەکرێ ؟ 
 دەیەها پرسیاری دیکەش هەیە ، جەنابی پارێزگار ، بەڵام ئیستە بەسە .


PM:04:31:15/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 4088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی