کارێکی چەوت و نەخوازراو

‌بەهادین نوری



کارێکی چەوت و نەخوازراو 
لە نێوان لایە نەکانی ئۆپۆزسوێنی هەرێمدا 

دوحیزب ( پارتی و یەکیەتی ) لەهەرێمی کوردوستاندا . ٢٧ ساڵی ڕابردوو ، هەتا ئەم چرکەش ، دەسەڵاتیان قۆرخکردووە . ( ٣ ) حیزبی دیکەش ٤٠ کورسی پەرلەمانیان هەیەو ( نەوەی نوێش ) کەتازە دروستبووە لایەنی سەرەکی ئۆپۆزسیون دروستدەکەن . بەهەموو پێوەرێکی لۆژیکی دەبێ ئەم چوار لایەنە هاوکاریەکی جدی یەکتر بکەن بۆکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە . بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆر لەهێزو توانایان خراوەتە دژایەتی یەکتر . ئاشکرایە کە ئەمەش تەنها خزمەتی نەیاری هاوبەشیان دەکات ـ دەسەڵات . من ناڵێم دەبێ ئەم حیزبانە یەک ئایدا لۆژیا و یەک سیاسەتیان هەبێ . بەلام پرسێکی سەرەکی هاوبەش هەیە لەنیوانیانداو بەرژەوەندی سەرەکی هەموویان ئەمڕۆ لەوەدایە کە دەسەلات بگۆڕن ، بەتایبەتی لەم کاتەدا کەبەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەچین . جا لێرەدا ئەوپرسیارە دیتە ئارا : کام لایەن بەرپرسیارە لەم هەڵەیە ؟ کامیان خەتابارە ؟ . 

من پێموایە هەردولا خەتابارن ، بام لایەک کەمترو لایەک زیاتریش بێ . لە شاسوارە دەسپێدەکەم کە لە دەستپێکی چالاکی سیاسیەوە خەتێکی هێناوە بەسەر هەموو حیزبەکانی پێش خۆیدا وەک بڵێیت مێژووی هەرێم لەگەڵ دەسپێکی ئەودا دەستی پێکردووە . دەسەلاتدارو ئۆپۆزسیونی خستۆتە تای ترازوویەک و هەموویانی ، لە ڕاگەیاندنی ڕۆژانەیدا ، بە بەرپرسیار داناوە لە شکست و کێشەکانی هەرێم . بەمە بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی کەمکردۆتەوە ، دابەشی کردووە بەسەر ئۆپۆزسوین و حکومڕاناندا . شاسوار مافی خۆیەتی لەسەر ئەو سیاسەتە بڕوات کە دەیەوێ . بەڵام نابی خۆیی و لایەنی دیکەش تووشی قڕە و هەرا بکات . لەباتی ئەوەی هەوڵی بەرەیەکی هاوپەیمانی بدات ، نابی ڕۆژانە قسە دژ بە حیزب و سیاسی کۆن بکات ، و نەیارانی خۆی زێتر بکات . 

گۆڕانیش لەتەمەنی کورتیدا تووشی هەڵەی گەورە بووە کە من لە ڕوانگەی دۆستایەتیەوە قسەی لەسەر دەکەم ، بە تایبەتی لەسەر ئەم ٣ خاڵەی خوارەوە . 

١ ـ بەشداری لە حکومەتی پارتی و یەکیەتی هەر لەسەرەتاوە هە ڵەبوو . ئەم هە ڵەیەش زۆر تۆختر کرایەوە لەو رۆژەوە کە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی لە پردێوە گەڕێنرانەوە ، ڕێگەی چونە ناو هەولیریان لێگیراو گۆڕان هەر لە حکومەتدا مایەوە تا درەنگێ . گۆڕان لە ناوجەرگەی ئۆپۆزسویندا هەلقوڵابوو . هیچ شتێ ڕووینەدابوو تا پاساو بی بۆ گواستنەوە لە ئۆ پۆزسوینەوە بۆ کورسی دەسەلات . 

٢ ـ لە خوێندنەوەی پرسی ڕیفراندۆم و داڕشتنی سیاسەتی خۆیدا گۆڕان هەلەیەکی گەورەی کرد . هەر لەسەرەتای ڕیفراندۆمەوە کە مسعود بەرزانی بڕیاری لەسەر دابوو ، دیعایەی بۆدەکرد ، من وەکو دۆستێکی گۆڕان بە درێژی قسەم لەگەڵ ئەندامیکی جڤاتی نیشتیمانی ئەو حیزبەدا کرد ، ئەم پیشنیازەی خوارەوەم نارد بۆ سەرکردایەتیان : 
( داوای ڕیفراندۆمی گشتی لە هەریمدا بۆسەربەخۆیی کورد لە دۆخی ئەمڕۆدا هەڵەیەکی گەورەیە بە کارەساتێ کۆتایی دیت . ئەم جۆرە ڕیفراندۆمە لەسایەی ڕژێمێکی دیموکراتیدا ـ وەکو بەریتانیا و کەنەدا ـ بە ڕێکەوتنی هەریم و بەغدا دەکرێ . لە دۆخی ئەمڕۆدا با گۆڕان داوای ڕیفراندۆم بکات لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا . ئەمە مافێکی دەستوری کوردە بە پێی مادەی ١٤٠ لەدەستور و ١٢ سالە بەغدا خۆی لێ دەدزیتەوە ) . 

جا ئەگەر گۆڕان پێشنیازەکەی منی وەربگرتایە باشتر نەبوو ؟ 

٣ ـ بەرانبەر بە شاسوار باشبوو گۆڕان سنگی فراوانتر بوایە و ریکەوتایە لەگەڵی دژی ڕیفراندۆم ، چونکە هەڵوێستی نەوەی نوێ راستبوو . بەداخەوە کاردانەوەی هەردولا بەرانبەر بەیەک زیانی زۆری لە هەردوکیان و لە ئۆپۆزسوینیشدا . ئەگەر بۆم هەبێ پێشنیارێ بخەمە بەردەمیان ئەوەیە کە ڕێبکەون لەسەر هاوکاری لەم قۆناغە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی هەرێم . هیچ گومانی لەوەدا نیە کە ئەمە لەبەر ژەوەندی خۆیان و گەلە کەیانە . 

مایەی خۆشحاڵیە کە گۆڕان و کۆمەڵ بە تەبایی وهاوکاری هێناویانە . با بە هیوابین کە یە کگرتوش هەست بەو زەرەرە گەورەیە بکات کە تووشی بوو لە ئەنجامی خۆ هەڵواسین بە عەرەبانە شەق و شڕەکەی ڕیفراندۆمدا و ، پێداگرێ لەسەر ڕاستکردنەوەی ڕەتکردنەوەی هەموو سیاسەتێ کە ئەردۆگان بەرانبەر بەکورد پەیڕەوی دەکات . 

با بە هیوابین کە هەموو هێزی ئۆپۆزسیون بە حیزب و گروپ و کەسایەتی سیاسیەوە یەکبگرن لەبەرەیەکی نیشتیمانی دیموکراتیدا بۆ وەرگرتنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانەی دیموکراسیانە ، بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبوەکان کە ڕژێمی گەندەڵخۆری شکستخواردو لەم سالانەی حوکمرانیاندا خوڵقانویانە .


PM:03:00:17/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 3838 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی