چەند پرسیارێک لە بەڕێز د. علی قەراخی
بەهادین نوری
چاوپێکەوتنی د. علی قرەداخیم لەگەڵ پەیامنێری ( الحرە )ی ئەمریکا خوێندەوە ، لە nrt و شارپریسدا . ئەمە چەند پرسیارێکی لای من دروستکرد کە لێرەدا ئاراستەی دکتۆریان دەکەم :
1- هەموو کەسێ ئەوە دەزانێ کە ئەسڵی ئەم کێشەیە لە عفرینەوە دەستیپێنەکردووە بەڵکو لەوەزعی ناوخۆی تورکیاوە دەستیپێکردووە کە شەڕی ڕژێمی ئیسلامی ( اخوان مسلمین ) و پکک هەیە ، هەموو کەس دەزانێ چ نەهامەتی و کاولکاریەک و خوێنڕشتنێ لە کوردستانی تورکیا هەیە . بۆچی لە قسەکانتدا جەنابت بەیەک وشەش باسی ئەوجەنگە ناڕەوایەی حکومەتی اخوان مسلمین تورکیات نەکردووە کە دژ بە گەلێکی بندەستەی تورکیا دەکرێ ؟ ئەو شەڕەی ناو تورکیا بە پێی چ یاسایەکی ئاسمانی یان زەمینی بەرپاکراوە ؟
2- جەنابت ، وەکو کوردێکی موسوڵمان ، خەتای شەڕی عفرین دەخەیتە ئەستۆی کام لایەن ؟ کوردەکانی عفرین هێرشیان کردۆتە سەر تورکیا ، یان ( رجب گیب ئەردۆگان ) دەیەها جار وتویەتی : ( بوونی دەوڵەتێکی کوردی لە سوریا یان لە عێراق یان لە هیچ جێیە قبووڵناکات ) لەبەر ئەوە ئەو کیانە بچکولەی لە عفریندا هەیە دەبێ بڕووخێنرێ !
3- ئەو ڕاوبۆچوونەی سەرۆک ئەردۆگان بەڕاستدەزانیت کە ئەوکوردانەی ( پ . ی . د ) لە سوریا بە تیرۆریست دادەنێ ، وەکو داعش حسابیان بۆ دەکات ؟
4- من بەرگری لە هەڵوێستی ئەمریکا ناکەم ، بەڵام دەپرسم : بۆچی جەنابت خەتای ئەم شەڕەی عفرین دەخەیتە سەر ئەمریکا لە کاتێکدا کە سەربازی ڕوسیا لە عفرین بوون و بە چەند سەعات بەر لە بۆمبارانی فڕۆکە ی جەنگی پۆتین ئەو جێگەیان جێهێشت ؟ لە کاتێدا کە بەرپرسانی عەفرین دەڵێن : ( ڕوسیا خیانەتی لێکردین ) ؟ .
PM:03:45:23/01/2018
ئهم بابهته 3511
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی