ئەمریکا چی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوێت‌‌‌؟

‌سه‌لیم شوشكه‌یی

دوای جەنگی جیهانی دووەم و دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دابەشکراوی جەنگی جیهانی یەکەم، هەر لەوکاتەوە بووبە جێگای تەماحی وڵاتانی زلهێز و مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشە سەربازی و دارایی و بەرژەوەندییەکانی تر، بەمەش  خودی ئەو وڵاتانەی دووبارە دابەشکردەوە بەسەر ووڵاتانی زلهێزدا بەڕەچاوکردنی پێگەی جوگرافی و هێز و سەروەت و سامان، بۆیە لەو ڕۆژەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست کۆمەڵێ گرفت و کێشەوە دەناڵێنن .

یەکێ لەو گرفتە گەورە و بەردەوامانەی کەبەوێنەی بۆمبێکی تەوقیتکراو لەناوچەکە هەر جارە و بۆمەبەستێک دەتەقێندرێتەوە بریتی یە لە پرس و کێشەی نێوان  فەلەستین و ئیسرائیل، ئەوەیان بەڕاستی دەکرێ بڵێین  یەکێ لەهەرە گرفت و کێشە کاریگەر و وروژێنەرەکانە بۆ هەردولا ، چ بەرەی ستەمکاری کەخۆی دەبینێتەوە لە ڕژێمی زایۆنی جولەکە و ڵاتانی ڕۆژئاوا لەنێویشیان دا بەتایبەتی ئەمریکا، هەم بەرەی فەڵەستینی داگیرکراو و وڵاتانی ئیسلامی .


ڕوون و ئاشکرایە  لە ئەنجامی مێژووی دەیان ساڵەی کێشەکە و ئاڵۆزی دۆخەکە کۆمەڵێ گرفتی تری بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە کە دیارترینیان بوە بەهۆکاری مانەوەی سەرۆکی هەندێ لەووڵاتانی عەرەبی لەبەرگێکی دیکتاتۆری بەسەر گەلەکانیانەوە، هەروەها کێشە و گرفتی نێوان ئەو وڵاتانە هاتنە پێشی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی لە ناوچەکە هەیە و بووە بە جۆرێکی تر لە دابەشبوونی ناوچەکە لە فۆڕمێکی تردا وەک هێنانە پێشی سونە و شیعە کە لە ئێستادا ئەمریکا دژایەتی یەکی سەختی ئێران دەکات، بۆ ماوەیەک کۆمەڵێ جەنگی گەورە ڕویدا کە لە بنەڕەتدا هەر سەرچاوەی لەوێوە گرتوە وەکو دژایەتی و دۆستایەتی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، هەروەها جەنگی عێراق و ئێران و جەنگی کەنداوی یەکەم و دووەم و لادانی ڕژێمی سەددام وداگیرکردنی عێراق و پاشان بەهاری عەرەبی و لادان و لەناوبردن و هێشتنەوەی هەندێک لە سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش گرفتی زۆر گەورەی دروستکرد کە لەسەر ئاستی جیهان جێگەی نارونی و ناڕەزەیی خەڵکی ناوچەکە بوون لە ئەنجامی ئەو کێشە ئاڵۆزو ناڕونانە مەترسی یەکی تر لە هێز پەیدا بوو بەناوی داعش کە هێزێک بوو تەڕو وشکی بەیەکەوە دەسوتاند، بەڵکو بووە مایەی ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکە و تاکو ئێستا تارمایی ڕەشی ئەو هێزە لە ناوچەکە ماوە و ترس و تۆقاندن کۆتایی نەهاتووە و هیچ  وڵاتێکیش خۆی نەکردووە بەخاوەن و پشتگیری ئەو هێزە، لەکاتێکدا جولەی خێرا و فراونبون و کاریگەری گەورەیان بەسەر ناوچەکە دڵنیامان دەکاتەوە ئەوهێزە بەبێ پشتیوانی مادی و مەعنەوی ناتوانێت ئەو هەنگاوانە بنێت .

کەواتە لێرەدا پێویستە بپرسین ئاخۆ پرسی قودس و ناساندنی وەک پایتەختی ئیسرائیل درێژەپێدەری ئەو  زنجیرە شەڕ و ئاژاوانەیە کەتیشکمان خستە سەر، یان نەخێر ئەوە شتێکی نوێ یەو هاتۆتە پێشەوە؟

لێرەدا دوو بۆچونی گرنگ دێتە ئاراوە، هەندێک پێیان وایە ئەمریکا لە هەموو ئەو گۆڕانکاری و کێشانەی ڕابردوو براوەبوە و  دەیەوێ ئەو گۆڵەش بکات تاکو ئامانجی ئیسرائیلیش بێتە دی، یا جۆرێکی ترەو پێچەوانەیە ،  بۆچونی دووەم پێی وایە لە ئەنجامی سەرنەکەوتن و شکستی ئەمریکا لە ناوچەکە دەیەوێت دووبارە بگەڕێتەوە خاڵی یەکەم و پرسی موسڵمان و جولەکە لە قودس بێنێتەوە کایە و وڵاتانی دژی ئەو سیاسەتە بێنێتە سەر خەت و گفتوگۆ و کێشەکانی خۆی تێدا بزر بکات .

لەکۆتاییدا من پێم وایە ئەمریکا لە ناوچەکە شکستی هێناوە لەبەر ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا شکستیان هێناوە، ئەوانەی پشتیوانیان لە ئەمریکا دەکرد زیاتر وڵاتی دیکتاتۆرن و لەبەرژەوەندی خودی خۆیان و بنەماڵە و دەسەڵاتی خۆیان بوون پێش بەهاری عەرەبی و دوای بەهاری عەرەبی وڵاتانی خەلیج و هاو بیرەکانیان پشتیان بە ئەمریکا بەستبوو بێ ئاگا لە بەرامبەرەکانیان کە هاوپەیمانی ڕوسیا و ئێران و تورکیا کە خۆیان شەو ڕۆژ لە مەیدانی ڕووبەڕووبونەوە بوون لە سوریاو عێراق ، سوریا یان ڕاست کردەوە حزبوڵاى لوبنانیان بەهێز کرد کە دراوسێی  ئیسرائیلە، لە یەمەن سەرکەوتن بەسەرووڵاتانی خەلیج لە عێراق بەرەی ڕوسیا وعێراق و ئێران و تورکیا سەرکەوتن.

 

کەواتە پێم وایە لە ئێستادا جوڵاندنی پرسی قودس لەبەرژەوەندی ئەمریکادا نییە کە پرسێکە هەموو ووڵاتانی ئیسلامی لەسەری یەکدەنگن بەسونە و شیعەوە مەگەر دەسەڵاتێکی بەرژەوەند خوازی دۆڕاو نەبێت لە ئێستادا دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی ئەمریکا بۆناوچەکە و بەرگری لە وڵاتان ئێستا لە یەککاتدا هەموو مزگەوت و زانایان دوعای شەر لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات، جگە لەوەش لەدەست دانی لە ‌۸۰٪ سۆز و هەوادارانی لە دەست دەدات، جا ئەوە دەبێت بەرژەوەندی بۆ ئەمریکا لەکوێدا بێت؟ بۆیە بەدڵنیاییەوە ئامانجی ئەمریکا لەناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل شاردنەوەی شکستەکانیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


PM:03:24:11/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی