هاوپەیمانی شکست یان لیستی نیشتمانى؟

‌شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا

ئۆپۆزسیۆن یان حکومەتی دووهەم؟ هاوپەیمانی شکست یان لیستی نیشتمانى؟


سەیرە چەند ڕۆژێکە باس لە یەک لیستی  دەکرێت، نازانم لە پای چی و پاساوەکەی چییە؟ گەر پاساو کورد و یەکگرتوویی و دەنگ بێت، ئەوا یەکێتی و پارتی (زەوی، قەزییە، نیشتیمان) یان فرۆشت تەنها هەر تاکەکان ماون بیفرۆشن.

١-سەیرو سەمەرەیە کە گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ بیر لەوە دەکەنەوە لەگەل دوو قەزییە دۆڕاو بچنە لیستێکەوە .... جا بچن یان نەچن چی دەگۆڕێت، کورسییەک کەم یان زیاد چی لە وەزعی کورد دەگۆڕێت؟ لە عێراق، ئەمە خۆهەڵخەڵەتاندن نەبێت چی ترە؟.

ئەوان بە تەزویرێکی داڕێژراو و بە بەرنامە ژمارەیەکیان هەبوو، ئەم جارە ناتوانن ئەمە بکەن وریابن دەتانکەنە شەریکی شکست.

٢-گۆڕان لە چی دەگەڕێت؟ تۆ لە لایەک دەبیتە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە، لە لایەکی ترەوە بیر لە یەک لیستی لەگەڵ دوو هێزی شکست خواردووی مل کەچی بێ مروەتەدا دەکەیت .

دیارە بانێکە و دوو هەوا، خۆ تۆ لیستی نیشتیمانت هەیە چ پێویستت بەم بەشدارییە نامەوزوعیانەیە هەیە، یان ئۆپۆزیسیۆن نین، بەڵکو حکومەتی دووهەمن کە کارتان هەڵسانەوەی حکومەتی یەکەمە نەک رووخاندنی، دەزانن لەم هەلومەرجەدا موعارەزە بوون تەنها کاری ئەوەیە کار بۆ رووخاندنی ئەم حکومەتە بکات هیچی تر، نابێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنەکەی میسری کۆتایی حەفتاکانی سەدەی پێشوو کە خومەینی دەیوت ئەم ئۆپۆزسیۆنە حکومەتی دووهەمی میسرە .


٣-هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی، بەڕێز کاک بەرهەم پێویستی چیت بەم هاوپەیمانییەتە هەیە، تۆ لیستی نیشتیمانت هەیە، گەر ئەمەت بۆ ئەم مەبەستانیەیە:
 

ا.یەکێتی و پارتی شەرعیەتت بدەنێ .

ب.بیر لە ئارامی دەکەیتەوە.

 ج.گوشاری برادەرەکانتە لە ناو یەکێتی.

ئە
گەر بیر لە شەرعییەتی پارتی و یەکێتی دەکەیتەوە ئەوا بێ شێو سەر دەنێیتەوە، شەرعییەتەکەت لە هەڵبژاردندا بە دەست دێنیت.

گەر ئارامیت دەوێت، هەرگیز لەمە خراپتر نابێت، کاتێک گۆڕان دروست بوو یەکێتی زۆر بەهێز بوو! نەترساین! لایەنێک ویستی هەموومان بکوژن! خۆت باش ئاگاداریت! نەترساین! دەرکەوت هەردووکیان پڵنگی کاغەزن لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، بەڵام بۆ گیانی خەڵکی بێ چەک خۆیان بە شێر دەزانن!.

پڵنگی کاغەز هەرگیز نابێت بە شێر، کاک نەوشیروان دەیوت کەس ناوێرێ من بکوژێ، چونکە خەڵک دەمپارێزێت، تۆش گەر لە پڵنگی کاغەز دەترسیت بیر لە دەنگی خەڵک مەکەرەوە.

بۆ برادەرە سیاسی و عەسکەرییەکانی ناو یەکێتی رێزیان لێبگرە، بەڵام نابێت لە یەکەم وێستگەی سیاسی گرنگی خۆتدا شکست بێنیت .

٤-کۆمەڵی ئیسلامی، بەڕێز کاک عەلی باپیر، ماوەیەکی زۆر باشە خۆت و حیزبەکەت خۆتان راگرتووە چ پێویستت بە لیستی گەندەڵکاران هەیە. خۆ تۆ پەیمانێکی جەنتڵمانانەت لەکەڵ کاک نەوشیروان هەیە وریا بە نابێت ئەو پەیمانە پێشێل بکەیت (جەنابت دەزانیت دەڵێم چی!) گەر کاک نەوشیروان بە جەستەش بە جێی هێشتووین بە رۆح و رێباز و بەرنامە لەگەڵمانە.

٥-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئیتر گلەیی چییان لێ بکەین ..




AM:10:46:11/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 2599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی