لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیدا..

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

ئەجێندای دیبلۆماسی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیدا..

چی بکەیت بۆ ئەوەی هێڵە سوورەکانی بەرامبەرەکەت ببنە فەرشی سوور؟ ئەم پرسە ئەو بنەما سەرەکیەی کاری دیبلۆماسی و پەیوەندیە سیاسیە دەرەکیەکانە کە بە گشتی بیرمەندان و توێژەرانی ئەم بوارە، کۆی ستراتیجی ئەم سێکتەرەی تێدا دەبیننەوە و لەو بڕوایەشدان کە لێهاتووترین کەسی دیبلۆمات ئەو دیبلۆماتەیە کە  دۆخی قەیراناویدا بەسەرکەوتوویی وەڵامی ئەو پرسەی سەرەوە دەداتەوە؛ دۆخێک کە لەگەڵ بەرامبەرێکدا بە هەر هۆیەک بێت -لە هەردوو بەرەوە- گورزە هێڵی سوور تابلۆی پەیوەندیەکانی ڕەنگ کردبێ و هێڵە سوورەکانی ئەو بەرامبەرە زۆرتر و تۆختر و کاریگەرتر بن.

دیقەتێکی خێرا لە ئەجێندای دیبلۆماسیی ناتەریب و یەکتربڕی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی و تەوزیفکردنی ئەو ئەجێندایەیان لە خزمەتی بەرکەوتن و ململانێکانی نێوان هەولێر و بەغدادا، تا ڕاددەیەکی زۆر وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئەجێندای دیبلۆماسیی کامیان عەقڵانیترە  وچانسی سەرکەوتنی زیاتری هەیە.

ئەگەر بمانەوێ لە کورتترین دەربڕیندا ئەجێندای دیبلۆماسیی عەبادی لەم ململانێیەدا بخەینە ڕوو، دەتوانین بڵێین ئەجێنداکەی بریتی بووە لە بێدەنگکردن و بێلایەنکردنی هێز و وڵاتانی نێودەوڵەتی و بەردەوامیدان بە لایەنگیریکردن و هاتنە دەنگی وڵاتانی دراوسێی هاوهەڵوێستی بەغدا لە ریفراندۆمی سێپتەمبەری هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا ئەجێندا دیبلۆماسیەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتنەقسە و هەڵوێستوەرگرتن بووە لە ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ بێلایەنکردنی وڵاتانی درواسێی پشتیوانیکەر لە بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی یەکەم هەنگاوی ئەجێنداکەی بەو بژاردەیە دەستپێکرد کە لە ڕووی واقیعی سیاسیەوە –وەک هونەری مومکینەکان- لە هەر بژاردەیەکی دیکە مومکینترە و چانسی سەرگرتنی زیاتر و کاریگەرترە کە بژاردەی (پاریس) بوو، پاشان (بەرلین)، ئەم بژاردەیە گرنگترین خاڵی دەستپێک بوو بۆ دەستەبەرکردنی کارتێکی گرنگ کە پێشتر بە دەست هەولێرەوە نەبوو، ئەویش کارتی فشاری نێودەوڵەتیە لەسەر بەغدا، دواتریش بەردەوامیدان بەو ئەجێندایە بۆ دروستکردنی کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتی کاریگەرتر بۆ پشتیوانی لەو فشارە کە جگە لە فشاری وڵاتان، گەیشتە ئاستی بانکی نێودەوڵەتیش و سەنگی ئەجێنداکەی هەولێری بەهێزتر کرد. تەنانەت ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەش کە بە ئاشکرا هاوسەنگەری بەغدا بوون لە دژی هەولێر، ئامادەییان دەربڕی بۆ بینینی ڕۆڵی نێوەندگیری کە ئەمە بۆخۆی چوونە خانەی بێلایەنیی ئەو دەوڵەتانەیە.

لای بیرمەندانی زانستە سیاسیەکان، ئەوەی دەبێتە خاوەن و جڵەوگر یان ئاڕاستەکەری هەر قەیرانێک، ئەو لایەنەیە کە میتۆدی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە دەگرێتە بەر، فەرامۆشکردنی قەیران دەتباتە دەرەوە و دەتکاتە کاراکتەرێکی پاسیڤی نێو قەیرانەکە، بە تایبەت لە ساتی بەرکەوتنتەوە بە هەر فشارێکی بەهێز و کاریگەر؛ دەقاودەق وەک ئەوەی ئێستا دۆخی ئەجێنداکەی عەبادی پێێدا تێدەپەڕێت.

ئەگەر گوتاری هەولێر لەو ئەجێندا دیبلۆماسیەیدا –کە جەختکردن بووە لە دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستوور- وەک گوتارێکی قبوڵکراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، لە گرنگترین خاڵە بەهێزەکانی ئەو ئەجێندایەی بووبێت بەسەر ئەجێندای بەغدادا کە خۆدزینەوە بووبێت لە دیالۆگ و بەردەوامیدان بووە بە فەرامۆشکردنی دەستوور؛ میتۆدی جیاوازی هەردوو بەرە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ قەیرانەکەدا خاڵێکی دیکەی بەهێزی ئەجێنداکەی هەولێرە کە بریتیە لە میتۆدی (بەڕێوەبردنی قەیران)، لە کاتێکدا میتۆدی بەغدا فەرامۆشکردن و ئینکارکردن و نەخوێندنەوەی قەیرانەکە بووە، وەک دەربڕینێکی ڕاستەوخۆ لە قەناعەتی (حساب بۆنەکردن و فەرامۆشکردن بەرامبەر) تا ڕآددەی سڕینەوە، وەک لە گوتار و ڕەفتاری عەبادیدا بە ڕوونی دەرکەوتبوو.

جیاوازیی سەرەکی لەنێوان خودی هەردوو کاراکتەر و ئەجێنداکانیان ئەوەیە کە عەبادی ئەگەر پشتیوانیەکی (لە دەرەوە) لێبکرێت، لەبەر خاتری عێراق و لە ترسی لێکهەڵوەشان و هەلاهەلابوونێتی نەک خۆی و ئەجێنداکەی، لە کاتێکدا ئەو پشتیوانیەی کە لە ئەجێنداکەی نێچیرڤان بارزانی کراوە و تا ڕاددەی هەستانەوە و گێڕانەوەی پێگە و گرنگیی بۆ هەرێمی کوردستان، بارەکەی هەستاندۆتەوە، پشتیوانیە لە خودی ئەجێندا و جیهانبینیی نێچیرڤان بارزانی و میتۆدی مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانەکەدا. لێرەوەیە کە ئەم ئەجێندا دیبلۆماسیەی نێچیرڤان بارزانی و گوتار و میتۆدە سیاسیەکەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکەدا لە کورتترین کاتتدا توانی هەموو ئەو دەرگایانە بە ڕووی کوردستاندا واڵا بکات کە هەموو کاری بەغدا بۆ ئەوە بوو بە توندی قوفڵیان لێبدات.

تا دێت هێڵە سوورەکانی عەبادی زیاتر ناچار بە کاڵبوونەوە و سڕینەوە دەکرێن و ئەو فەرشە سوورانەش درێژتر دەبنەوە کە بۆ ئەجێنداکەی نیچیرڤان بارزانی لە ئاستی جیهاندا ڕادەخرێن. بەرنامە چڕ و پڕە دیبلۆماسیەکانی ئەم ڕۆژانەی نێچیرڤان بارزانی لە (داڤۆس) لە ئاستی لوتکەی سەنتەری بڕیاری وڵاتە گرنگ و گەورەکانی جیهاندا، سەلمێنەری ئەم بۆچوونەن. 



PM:03:25:28/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 1819 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی