ماکیاڤیللی و پەرژینێکی قایم بێ

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

( ماکیاڤیللی و پەرژینێکی قایم بێ..!)

د.ئاراس عبدالکریم

کاتێک ماکیاڤیللی گوتی: (هەموو شتێک لەپێناوی سەرکەوتندا شیاوە)، ڕووی دەمی لە (میر) بوو، ڕوونتر بڵێین لە کاراکتەرێکی سیاسی کاریگەر کە لانیکەم لای ماکیاڤیللی لەگەڵ دەسەڵاتەکەیدا خاوەنی هزر و تێفکرین و عەقڵی سەلیم بوو. خۆ ئەگەر ڕووی دەمی لە سیاسیەکی گەمژە بوایە پیویست دەبوو بڵێت: (هەموو شتێک لە پێناو سەرکەوتنی خۆتدا شیاوە، نەک سەرکەوتنی بەرامبەرەکەت)؛ چونکە دەیزانی سیاسەتوانی گەمژە لە بری مەزهەبەکەی ئەو، لەسەر مەزهەبی (پەرژینێکی قایم بێ) کەری دێز لێدەخوڕێ.

(مەزهەبی کەری دێز) ئەو ئەجێندا سیاسیەیە کە پێیوایە بۆ ئەوەی ببێتە کەشتیەوان، مادام ناتوانێ جێ بە کەشتیەوانەکە لەق بکات، دەبێ لە ناوەڕاستی دەریادا شەبەقێکی گەورە بکاتە بنی کەشتیەکە! بۆ نموونە، با دوور نەڕۆین، هەر لەنێو دنیا سیاسیەکەی خۆماندا بە ڕوونی دەبینین کەسانێک وگرووپی دەستڕۆیشتووی سیاسی هەن، بە ڕاستوچەپدا کار دەکەن بۆ ڕێگری و خوڵقاندنی تەگەرە لەبەردەم یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی نوخبەی سیاسی کوردستاندا کە ئاکامەکەی وێڕای لێکترازانی زیاتر و تەنگژە و قەیرانی جۆراوجۆر، ئیفلیجکردنی تەواوی ئەو پاڵهێزە گرنگەیە کە پییدەگوترێ ئیرادەی سیاسیی لە کوردستاندا. ئەمە لە کاتێکدا خودی ئەو تەرزە سیاسییە (ڕادەی گەمژەییان هەرچەندێک بێت) ئەوانیش دەزانن کە بۆ ئێستای کوردستان هیچ شتێک هێندەی ئەو پاڵهێزە و هێندەی ئەو یەکڕیزییە بۆ مانەوە و پاراستنی کوردستان و چارەنووسی ئێستا و ئاییندەمان گرنگ و کاریگەر نیە، بە تایبەت بەرامبەر بەو هەڕەشە جدیە مەترسیدارەی لە بوون و ناسنامەی کوردستانیمان دەکرێت.

بەڵام داخۆ سیاسەتوانانی ئەهلی (مەزهەبی ناوبراو!) تەنها لە نەزانی و گێلییەوە ئەو کارە دەکەن؟ من تەواو بەگومانم کە تەنها گێلی و کاڵفامی لە پشت ئەو هەڵوێستەیانەوە بێت، چونکە بەر لە هەر شتێک ئەوەی هەیانە ئەجێندایەکی سیاسی پشتبەستووە بە قەناعەتێکی ڕەها بە خۆیەکلاییکردنەوە لە نێو هاوکێشەی (هەموو شتێک لە پێناوی سەرکەوتنی خۆتدا) و بەس، تا ئێرە کێشەیەک لەئارادا نیە؛ کێشەکە لەو کاتەدا جدییە کە لای (ناوبراو) بەرەی بەرامبەر بریتیە لە لایەنی دیکەی کوردستانی و لەنێو (هەموو شتێک)یشدا هەماهەنگی و هاوهەڵوێستی و هاوئامانجیە لەگەڵ بەرەی دژە کوردستانی و سەرچاوەی سەرەکی هەموو ئەو مەترسیانەی کە ئاڕاستەی کوردستان دەکرێت. دەشێ هەبێ ئەمە بە تاکتیک یان گەمەی سیاسی و هەر ناوێکی دیکە لەقەڵەم بدات، ناونیشانەکە کێسە نیە، هێندەی ناوەڕۆکی ئەجێنداکەی بابەتێکە بۆ ڕامان و  قسەلەسەر کردن. بابەتێک کە لە دەرئەنجامدا و لە حاڵەتی (سەرکەوتن)یدا ئەم مەخلوقە دەکاتە سەرنشینێکی بچکۆلەی نێو کەشتیەکی زەبەلاح و لە کونجێکی نادیاردا شوێنێکی پێدەبەخشێت؛ لە کاتێکدا لەنێو ئەو کەشتیەی پێشوودا کە بەدەستی خۆی نغرۆی کرد، ئەگەر نەشکرایە ببوایە بە کەشتیەوان، دەکرا لەپاڵ کەشتیەواندا شوێنێکی هەبێ، لانیکەم لە چارەنووسی گەیشتن بە کەناری ئارامدا قسەی هەبێت. بەڵام بەر لە کونبوونی ئەو کەشتیە، عەقڵی ئەم مەخلووقە کونی تێکرا، سەبەقێکی گەورە، کاتێک وایزانی لە پاش نغرۆکردنی کەشتیەکەی کوردستان، دەستی مەرحەمەتی (بەغدا) کەشتیەکەی بۆ دەردێنێتەوە و ساغ و سەلیم دەیداتە دەستی و پێیدەڵێ: دەی جەنابی کەشتیەوان شوێنم کەوە بەرەو کەناری ئارام. خەتای خۆی نیە، خەتای خەیاڵێتی، خەیاڵی (کەری دێز)یش تەنها نیوەی حیکمەتەکەی خۆی دەبینێ کە بریتیە لە (زەرەری ساحێبی) و (مردنی خۆی) لێ دیار نیە، خەیاڵی ئەو جۆرە سیاسیانەش وایە، تەنها بەشی دووەمیان لێ دیارە، جەنابی خۆیان وەک کەشتیەوان و ئامر و ناهی بێ شەریک، بێئاگا لەوەی خەیاڵی ئاغاکەیان فراوانترە و ئەو گرتەیەشی تێدایە کە کەشتیەکە نغرۆ بووە و ئەمان شڵپ و هوڕ بە عەزرەت دەستی ڕەحمەتێکی نێو کەشتیە گەورەکەی بەغداوە، تا گوریسێکیان بۆ شۆڕکاتەوە و لە کونجێکی کەشتیەکەی پایتەختدا سوێنێکیان پێبدرێت و تا قیامەت سوپاسگوزاری ئەو مەرحەمەتە گەورەیە بن. خەتا لە خۆی نیە، لە خەیاڵیتی، خەیاڵیشی نا بەڵکو خەتای مەزهەبەکەیەتی، مەزهەبەکەی.. تۆش هەر بڵێ خەتای (ماکیاڤیللی) بوو!!
 
 













PM:09:06:13/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی