چیدی (کەشتی نوح)ێکی تر بێرەدا گوزەر ناکات..

‌د.ئاراس عەبدولکەریم


لایەنی سیاسیی تەوتۆمان هەن، لەو باوەڕەدان گەر لە بەغداوە تۆفانیشمان بۆ بێت، ئەوان بێ وەی و سەر سەلامەت لێیدەردەچن، گوایە لەگەڵ تۆفانەکەدا کەشتیەکی فریادڕەس هەیە و شوێنێکی هەیە بۆ ئەمان، ئاخر ناکرێ ئەمان بەغدایان نەڕەنجاندبێ و بکەونە بەر غەزەبە بێ ئامانەکەی!

بەڕاستی گێلێتیەکی گەورەیە گەر وابزانرێت هەڵکشانی هەژموونی بەغدا بەسەر کوردستاندا و لاوازکردنی حکومەتی هەرێم، هیچ مەترسیەکی نەبێت بۆ حیزبەکانی کوردستان، بەوانەشەوە کە سەروبنی گوتاریان دژایەتیکردنی حکومەت و ئاواتخواستنە بە شکستهێنانی.ئاخر ئەوەی بەغدا دەیکات هەژموونە بەسەر کۆی ئیرادەی سیاسیی کوردستاندا نەک تەنها ئیرادەی ئیدارەکردنی کابینەیەکی حکومەتەکەمان؛ ئەوەی بەغدا کردویەتە ئامانج و سێرەی لێگرتووە چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستانە (وەک هەرێم) نەک چارەنووسی ئەم حکومەتە؛ لە دۆخێکی واشدا کام لایەنی سیاسیی کوردستانی هەیە نەکەوێتە بەر غەزەبی ئەو چارەنووسە نەخوازراوەی کە بەغدا دەیخوازێت؟

ئاشکرایە کە مەترسیەک لە بەغداوە تەییار دەکرێ و ئاڕاستەی کوردستان دەکرێ، بە تایبەت لە دۆخێکدا کە تا ئێستاش عەبادی وا هەستدەکات ئەو توندیەی بەرامبەر بە کوردستان زەخیرەیەکی باشی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کۆدەکاتەوە، نەبوونی فشارێکی ئەوتۆی نێودەوڵەتیش لەسەر بەغدا بۆ ڕاگرتنی ملهوڕیەکانی هێندەی دیکە شێلگیری کردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لەنێوخۆی کوردستاندا قەناعەتێکی وای لای عەبادی چێکردووە، گوایە لانیکەم کۆی ئەو لایەنە سیاسیانەی ئامادەنین پشتیوانی حکومەتی هەرێم بکەن بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، تێکڕا پشتیوانی بەغدان و (بارک اللە) لە هەژموونی بەغدا دەکەن بەسەر کوردستاندا.

کارەساتەکە لە بوونی ئەو مەترسیەدا نیە، هێندەی پەیوەستە بە خەمساردی یان ڕاستتر بڵێم خۆگێلکردنی هەندێک لایەنی سیاسی لە هەمبەر ئەو مەترسیە، ئەمەش لەو قەناعەتەوە کە گوایە گەر مەترسی لەو جۆرەش هەبێت، ئەوان پارێزراون و بایی ئەوەندە هەڵوێستی توندیان لە دژی هەولێر و هەڵوێستی دۆستانەیان بەرامبەر بە بەغدا نوواندووە کە گەر بەغدا تۆفانیش بنێرێت، کەشتیەکی هەیە تا شوێنێکی ئەمین بداتە ئەمان!

هەر خودی ئەم قەناعەتەشە وایکردووە دەرهەق بە هەر هەنگاوێکی دڵسۆزانە بۆ کۆکردنەوە و یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان، دەیان لەمپەر قوت بکرێنەوە؛ دیارترین نمونەش ئەو تەگەرانەیە کە دەخرێنە بەردەم هەوڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی لایەنە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بەرنامەکارێکی هاوبەشی حکومەتدا، بە جۆرێک کە وێڕای بەشداریی هەمووان لە بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەدا، هێز و پێگەیەکی دروستیش دەداتە هەرێمی کوردستان چ بەرامبەر بەغدا و چ لەبەرچاوی دنیای دەرەوە بە دۆست و نەیارەکانەوە. بەڵام چیە وادەکات لایەن هەبێت ڕێگریکردن لەم ئامانجە بە ئەرکی سەرەکی خۆی بزانێت؟!

خۆ ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بێت بە بەرژەوەندیی تایبەتی حیزبییەوە، ئەوە هەر مەترسیەکەی بەغدا بۆخۆی بەسە تا لە پێش حیزبەکانی نێو دەسەڵاتەوە، خودی ئەو حیزبانە لە تۆفانەکەدا نغرۆ بن.
ئێستا ئێمە کە لەنێو کەشتییە بچوکەکەی خۆمانداین و بە تۆفان ئابڵۆقە دراوین، چ گێلییەکە کەسانێک ئاسایی بێت لایان ئەم کەشتیە نغرۆ بێت، گوایە بۆ خۆیان فریادڕەسیان هەیە و لەگەڵ ڕۆچوونی کەشتیەکەماندا دەستی ڕەحمەتی (کەشتی نوح)ەکەی بەغدای بۆ درێژ دەکرێت و ڕزگار دەکرێت. گریمان ئەوەش کرا، بەڵام پرسیار ئەوەیە لەپاش نغرۆبوونی ئەم کەشتیە، ئەو کەسانە دەبرێنە سەر کام وشکانی و نێو کام کەشتیەوە و لەوێندەر شوێن و پێگەیان چ دەبێ؟ تۆ بڵێی لەو کەسە گێلتر بوونی هەبێ کە سەرنشینی و خزمەتکاریی شوێن و دنیایەکی دیکە بە گونجاوتر بزانێت لە بەشداریکردن لە خاوەندارێتی  شوێن و زەمەن و دنیاکەی خۆی؟!!




PM:11:39:01/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی