حکومەتی ڕاگوزەر چۆن چی دەگوزەرێنێ؟

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

ئەزموونی حکومڕانیی هەموو وڵاتان پێماندەڵین: گرنگترین پێشمەرجی هێنانەکایەی حکومەتی ڕاگوزەر دڵنیابوونە لەوەی حکومەتە کاتییەکە دەبێ بەهێزتر و لێهاتووتر بێت لەو کابینە حکومیەی کە جێگەی دەگرێتەوە، چونکە بنەمای سەرەکیی پێویستبوون بە حکومەتی ڕاگوزەر لە بنەڕەتدا بۆ فریاکەوتنی چاککردن و ڕاستکردنەوەی باری لاری دۆخێکی (سیاسی، ئابووری، ئەمنی)ە کە لە توانای کابینەی حکومەتە ئاساییەکەدا نەبێت بەو ئەرکە هەستێت؛ یان لانیکەم ئەو کەرەستە و پێداویستیانەی لەبەردەمدا بێت کە بۆ سەرخستنی کارەکانی پێویستن و لەبەردەستی حکومەتەکەی پێشیدا نەبووە.

گرنگترین پاساوەکانی بانگەشەکەرانی حکومەتی ڕاگوزەر وەک خۆیان بەیانیانکردووە چاککردنی دۆخی ئابووری و سیاسی نێوخۆی کوردستان (بە پرسی یەکڕیزیی لایەنەکانیشەوە) لەگەڵ پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ڕاستکردنەوە یان کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەر هەرێمی کوردستان، دیارە ئەمەش لەو بڕوایەیانەوە کە کابینەی ئێستای حکومەت توانای لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەرکانەی نیە. ئەمە لە کاتێکدا کە خودی ئەو لایەنانەی ئەم بانگەیەشە دەکەن پشکیان لەم کابینەیەدا هەیە و دۆسیەی چەندین وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانیان بە دەستەوەیە.

دیارە بە حوکمی سنووردارکردنی ماوەی درێژکراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، ئەگەر لەم هەفتەیەدا ئەو حکومەتە ڕاگوزەرە دابمەزرێ، تەمەنی حەوت مانگ و چەند ڕۆژێک دەبێت.

با لەوە گەڕێین کە بێنە و بەرەی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و کۆبوونەوە چەند بارەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی گشتگیر لەسەر پێکهاتەی حکومەتە، چەند ماوە دەخوازێت و چەند لە تەمەنی ئەو حکومەتە کەم دەکاتەوە، بە جۆرێک کە هیچ گۆچانێکی سیحریی ئەو هێزەی پێنادات بتوانێ بە پراکتیکی بچوکترین گۆڕانکاری یان چاکسازییەک ئەنجام بدات کە بە کابینەکەی پێش خۆی ئەنجام نەدرابێت.

بۆ پاساوەکانیشیان: ناساندنی حکومەتی ڕاگوزەر وەک میکانیزمێک بۆ چاککردنی دۆخی سیاسی و هێنانەئارای یەکڕیزیی سیاسیی نێوان لایەنەکانی ناوخۆ، لاوازترین پاساوی خوازیارانی حکومەتی ڕاگوزەرە، چونکە خۆیان بەر لە هەمووان دەزانن ئەم پرسە وابەستەی بڕیاربەدەستانی خودی ئەو لایەنانەیە و حکومەت لەم لایەنەوە "لا حول لە ولا قوه‌" و زۆر جاریش ئەوە حکومەتە کە بووەتە قوربانیی یەکەمی کێشە و ململانێ سیاسیەکانی نێوان ئەو لایەنانە. بۆیە ئەوەی لەم لایەنەوە پێویستە بە پلەی یەکەم گیڕانەوەی متمانەی نێوان ئەو لایەنانەیە بە یەکدی کە بە داخەوە ئێستا بە زیاد لە هۆکاریک ئەو متمانەیە لاوازە.

بۆ مەسەلەی فریاکەوتن و چاککردنی قەیرانی دارایی و مەسەلەی مووچە و بابەتە وابەستەکانی سێکتەری ئابووریش، دیسان پاساوێکی زۆر لاوازە بە تایبەت کە تا ئێشتا هیچ کام لە لایەنەکانی خوازیاری حکومەتی ڕاگوزەر هیچ پرۆژە و دیدگایەکی ڕوونیان لەبارەی ئەو ڕێکارە عەمەلی و خێرایانە نەکردووە کە بۆ ئەو مەبەستە پێوست بن و ئەمان بە نیاز بن ئەنجامی بدەن. لە باشترین دۆخدا ئەوەی تا ئێستا پێشکەشیان کردووە کۆمەڵێک دروشمی گشتگیرە کە پێشتر بەردەوام لە بەیاننامە و پەیامەکانیاندا گوتوویانەتەوە و خۆشیان نازانن بە چ میکانیزمیک و لە کوێوە دەکرێ جێبەجێ بکرێن.

دەمێنێتەوە ئەو لێکەوتە نەرێنیانەی کە لە پاش ١٦ی ئابەوە دووچاری هەرێمەکەمان بووە، ئەم بابەتەش بە شێوەیەکی یەکانگیر پەیوەستە بە مەسەلەی گفتوگۆ و دانوستانەوە لەگەڵ بەغدا نەک خودی حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی تاک لایەن. بۆیە ئەوەی دەکرێ لەم لایەنەوە کاری لەسەر بکرێت پێکهاتنی سەرجەم لایەنەکانە لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش و پشتیوانیی هەموویان لەو پرۆژەیە تا لایەنی کوردستانی بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بیکەنە نەخشەڕێگای دانوستانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا؛ لای کەسیش شاراوە نیە کە هەڵوێستی نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش ئەو لایەنانەی کە دەکرێ لەو دانوستانەدا چ وەک نیوەندگیریی راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆیانە ببنە پاڵهێزێک بۆ سەرخستنی دانوستانەکە، سەرجەمیان ڕایانگەیاندووە کە پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و جێگریی قوباد تاڵەبانی، لێرەوە لۆجیک ئەوەیە لایەنەکان بۆ گێڕانەوەی پێگەی شیاوی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە، پشتیوانی لە حکومەتی هەرێم بکەن تا ببێتە پاڵهێزێک بۆ سەنگ و دەنگی بەرامبەر بە بەغدا لە دانوستانەکەیاندا.

ئەمە ئەگەر مەبەستی ئەو لایەن و کەسایەتیانە (بە ڕاستی) دڵسۆزی و بەتەنگەوەهاتنیانە بۆ چاککردنی دۆخەکە و گێڕانەوەی متمانەی نێوان لایەنەکان و ڕێگریی لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و سەردەستەیی بەغدا بە شێوەیەکی هەژموونکارانە بەسەر کوردستاندا. وەکی دی پاساوەکانی ئەو بەڕێزانە جگە لە جۆرێک لە بیانووی سیاسی بۆ مەرامی سیاسیی تایبەت هیچیدی لێ ناخوێنرێتەوە. بە داخەوە وەک چۆن کابینەی هەشتەم کە لە بنەمادا وەک کابینەیەکی بنکەفراوان بە مەبەستی پتەوکردنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لە میانەی ڕێکەوتنی لایەنە سەرەکیەکانی کوردستانەوە لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش چێکرا و دواتریش بینیمان زیاد لە لایەنێکی بەشداربوو لە کابینەکەدا نەک هەر نەچوونە ژیرباری لە ئەستۆگرتنی ئەرکەکانی سەرشانیان و بەس، بەڵکو کەوتنە بنکۆڵکردنی حکومەتەکە و لێدانی بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن؛ ئێشتاش دەبینین هەمووان قسە لەسەر یەکڕیزی و پێویستی تەبایی نێوخۆیی دەکەن، لە کاتێکدا زیاتر و زیاتر دەربڕی نەبوون یان قەیرانی متمانە دەکەن لە نێوان خۆیاندا و هەڵوێست و هەنگاوەکانیشیان بە عەمەلی بە ئاڕاستەی لاوازکردنی زیاتری متمانە بەیەکدی و یەکڕیزیدا دەڕۆن، وەک ئەوەی لە پاساوە نا واقیعیەکانیاندا بۆ بانگەشەی حکومەتی ڕاگوزەر دەخوێنرێتەوە. 


AM:10:59:22/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 2411 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی