‌ڕیفراندۆم هه‌قه‌، به‌ڵام با به‌شێوازێكی هه‌قیش جێ‌به‌جێ‌ بكرێ‌
PM:04:00:17/07/2017
عه‌لی باپیر


خوای كاربه‌جێ‌ "عز وجل" له‌باره‌ی قوڕئانه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ ۗ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا وَنَذِيرًا (105) الإسراء -105-، واته‌: قوڕئانمان به‌هه‌ق ناردوه‌و، هه‌قیشی گرتۆته‌ خۆی‌و، تۆشمان ته‌نیا به‌ موژده‌ده‌رو ترسێنه‌ر ناردوه‌.
واته‌:

قوڕئان هه‌م له‌خودی خۆیدا هه‌ق‌و ڕاسته‌و، هه‌م به‌شێوازو چۆنیه‌تییه‌كی هه‌ق‌و ڕاستیش دابه‌زێنراوه‌.
به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ كه‌ خاوه‌ن هه‌ق‌و مافێكی ڕه‌وابی، به‌ڵكو پێویسته‌ "ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ هه‌قه‌كه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكه‌ی" به‌شێوازو ڕێبازێكی ڕێك‌و ڕاست‌و ڕه‌واش داوای بكه‌ی‌و هه‌وڵی بۆ بده‌ی، ئه‌گه‌رنا گه‌لێك جار گرتنه‌به‌ری شێوازو ڕێبازی هه‌ڵه‌و ناڕه‌وا بۆ ده‌ستخستنی هه‌ق، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ر نه‌بوونی، بگره‌ دوور لێكه‌وتنه‌وه‌شی!

به‌پێویستی ده‌زانم له‌گه‌رمه‌ی هه‌راو گاڵه‌گاڵی ئێستای نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و، دام‌و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گشتپرسیی له‌هه‌رێمدا، چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا بخه‌مه‌ڕوو و سه‌ره‌تاش هیوادارم هه‌موولایه‌ك بابه‌تییانه‌و دوور له‌پاشخانی فیكریی‌و سیاسییان له‌قسه‌كانم ڕامێنن:

یه‌كه‌م:
بێگومان وه‌ك ده‌یان جار گوتوومانه‌و به‌ر له‌سی‌وسێ‌ (33) ساڵ (1984)ز له‌كتێـبـی: {سۆزی نه‌ته‌وایه‌تیی‌و بیری ناسیۆنالیزم}ی به‌نده‌دا هاتوه‌: نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی دنیا، مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی كه‌ خاوه‌نی ئیراده‌و ئیداره‌ی خۆی بێ‌، به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆشه‌وه‌، چ له‌هه‌رێمی كوردستانی عێڕاق "باشووری كوردستان"و چ له‌هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی كوردستانی به‌ش به‌شكراودا: باكوور، ڕۆژ هه‌ڵات، ڕۆژئاوا.

دووه‌م:
بۆیه‌ ئه‌نجامانی گشتپرسیی بۆ به‌فه‌ڕمیی ده‌ربڕینی داواكردنی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌قێكی سرووشتیی‌و ڕه‌وایه‌و، هیچ گرێ‌‌و گۆڵێكی تێدانیه‌.

سێ‌یه‌م:
به‌ڵام بێگومان "وه‌ك له‌به‌رایی ئه‌و نووسینه‌دا گوتمان" ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی گشتپرسیی، ئنجا چ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی به‌دوادابێ‌، چ به‌دوایدا نه‌یه‌ت، پێویسته‌ پاش زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كیی‌و ئاماده‌كردنی پێشه‌كییه‌كان (مقدمات) بێ‌، چونه‌ هه‌ركه‌س بیه‌وێ‌ ئه‌نجامێكی دروست وه‌ده‌ست بێنێ‌، ده‌بێ‌ پێشتر پێشه‌كییه‌ دروسته‌كان (المقدمات الصحیحة)ی بۆ هه‌ڵبچنێ‌، تاكو ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌سه‌ردا نه‌چه‌سپێ‌ كه‌ ده‌ڵێ‌:
ترجو النجاة ولم تسلُك مسالكها إن السفينة لاتجري على اليَبسِ

چواره‌م:
مسۆگه‌ر زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆ له‌پێش زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كییه‌وه‌یه‌و، بگره‌ هۆكارێكی گرنگ‌و كاریگه‌ریشیه‌تی، ئنجا ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كیی په‌یوه‌سته‌ به‌ویستی غه‌یری خۆمانه‌وه‌، زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ، له‌به‌رده‌ستی خۆماندایه‌و به‌ویستی خۆمانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌.
زه‌مینه‌سازیی نێوخۆش به‌ته‌بایی‌و ئاشته‌وایی‌و ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان "به‌تایبه‌ت هێزه‌ سه‌ره‌كیی‌و خاوه‌ن پێگه‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان" ده‌ست پێده‌كات‌و، به‌میانی گێڕانه‌وه‌ی شكۆو كاریگه‌ریی بۆ دامه‌زراوه‌كان دا "به‌تایبه‌ت په‌رله‌مان" گوزه‌ر ده‌كاو، به‌گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری بێزارو دڕدۆنگ‌و نیگه‌ران، به‌رانبه‌ر به‌قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان، ته‌واو ده‌بێ‌.
بێگومان هۆكاره‌كانی تووڕه‌یی‌و بێزاریی‌وبێ‌ متمانه‌یی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری به‌شخوراویش، به‌رانبه‌ر به‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان زۆرن، به‌ڵام له‌هه‌موویان كاریگه‌رتر بریتین له‌:

1- شكاندنی شكۆی دامه‌زراوه‌كان.
2- پێشێلكردنی یاسا، به‌تایبه‌ت له‌بواری ئه‌منیی‌و ئازادیی بیروڕادا.
3- سته‌م‌و قۆرخكاریی‌و گه‌نده‌ڵیی.
4- به‌ملیاردلێردكردنی كه‌سانێكی كه‌م له‌سه‌ر حیسابی بژێوی خه‌ڵك‌و دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی.

پێنجه‌م:
به‌دڵنیایی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی نه‌رێنییانه‌ی حكوومه‌تی نێوه‌ندیی (مركزي) یان وڵاتانی دراوسێ‌، یان وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوا، دژ به‌ڕیفراندۆم، بكه‌ینه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌نجام نه‌دانی! چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكی ڕه‌واو سروشتی خۆمانه‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ به‌وردیی حیساب بۆ ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵوێستی نه‌رێنیی هه‌رلایه‌ك بكه‌ین‌و، به‌قسه‌و هه‌ڵوێستی دڵگه‌رمانه‌و سۆزدارانه‌ خۆمان فریو نه‌ده‌ین‌و، به‌مه‌ره‌دی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌چین كه‌: {بۆ ڕیش چووبوو سمێڵیشی خسته‌بانی!} به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هه‌رێم، پێویسته‌ هۆشیاربین‌و حیسابی وردو دوور بكه‌ین.

شه‌شه‌م:
پێویسته‌ هه‌رچی زووتره‌ ئه‌و مۆركه‌ شه‌خسیی‌و حیزبییه‌ی به‌هه‌ڵه‌ یان به‌ئانقه‌ست له‌پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم دراوه‌، لـێ‌ی بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌دڵنیایی بابه‌تێكی نیشتیمانیی گرنگ‌و چاره‌نووسسازی وه‌ك ڕیفراندۆم، به‌هۆی به‌شه‌خسه‌نه‌و به‌حیزبیی كردنیه‌وه‌، بچووك ده‌بێته‌وه‌و ده‌شێوێندرێ‌‌و، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن‌و سه‌روبه‌رگرتنیشی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

حه‌وته‌م: له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم:
وه‌ك گوتراوه‌: (المرء قليل بنفسه كثير بأخيه) مرۆڤـ خۆی به‌ته‌نیا كه‌مه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ براكه‌یدا زۆره‌، هیوادارم ئه‌گه‌ر هه‌موولایه‌ك به‌جیددیی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ره‌و ئه‌نجامدان‌و پاشان سه‌روبه‌رگرتنی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم بچین، عه‌قڵ‌و دڵی خۆمان له‌ئاست یه‌كدیدا فراوان بكه‌ین‌و، گرێ‌‌و گۆڵی ده‌روونیی‌و مێژوویی توڕبده‌ین‌و، دڵنیابین كه‌ كارو پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ به‌كه‌سانێك ئه‌نجام ده‌درێ‌، كه‌ عه‌قڵ‌و دڵیان گه‌وره‌و فراوان بێ‌‌و له‌واقیعدا بژین نه‌ك له‌مێژوودا!
هه‌روه‌ها دڵنیابین كه‌ ڕیفراندۆم، به‌بێ‌ زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ و ده‌ره‌كیی، به‌تایبه‌ت كۆده‌نگیی‌و ته‌بایی نێوخۆ، یان ئه‌نجام نادرێ‌، یان نیوه‌چڵ ده‌بێ‌.

ئه‌م بابه‌ته 333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.