خیانەتەکەی کەرکوک و رۆژئاوا

‌ئاشتی عەبدوڵا


شەڕکردن لەپێناو ( ژیان بۆ کورد و کوردستان) ، ئەو مەفھومەی لەدوای رووداوەکانی کەرکوکەوە، رێگری کرد لە جینۆسایدی کورد، ھەموو مەفاھیمەکانیتری بۆ چەمکی ( کوردایەتی و سیاسەت و خیانەت) لەم سەردەم و قۆناغەدا جارێکیتر پێناسە کردەوە.
مەفھومێک، کە لە رابردوودا لەچەندین قۆناغی جیای شۆڕشەکانی کورد و تەنانەت لەئەدەبیاتی کوردی و بگرە رەھەندێکی کلتووری و مێژوویشی وەرگرتووە ، ئەویش مەفھومی (کوردستان یان نەمان) بووە.

ئەم دوو وشەیە، کە لەزھنیەتی تاکی کورددا، رەگێکی قووڵی ھەیە، بۆ قۆناغ و سەردەمی پێشوو ، کاریگەری ھەبووە لەسەر بزووتنەوەی کوردایەتی.

گەر بەوردتر تێڕوانین و سەرنجێکی لۆژێکی ھەبێت، بۆ مانەوەی ناوی کوردستان دەبێ کورد بمێنێ و بەپێچەوانەشەوە بۆ مانەوەی کورد، دەبێ خاکێکی ھەبێ شکۆی تاکەکانی تێدا پارێزراوبێت، سەرنج بدە لۆژێکێکی ئەدەبی و نەفەسێکی کوردایەتی ژیرانە ببینە لەو دێڕەی دەڵێت ( ئەی رەقیب ھەر ماوە قەومی کورد) ، کۆی بۆچوونەکەمان لەم دێرەدا کۆبۆتەوە (مانەوەی قەومی کورد، واتە مانەوەی خاکی کوردستان) .

ئەوەی ئاماژەی پێکراوە لەسەرەوە ، لەئەرزی واقعدا زۆرجار جگە لەمەسەلە کوردایەتییە گشتگیرەکە، پارتە سیاسیە کوردیەکان لەنێو ململانێکانیاندا سوودیان لەو مەفھومە وەرگرتووە، بگرە زۆرجار بەلارێدابردن و تێکەڵ کردنی بە بەرژەوەندی سیاسی و حزبی  کراوە، ھەر کات پارتێکی کوردی بۆ لێدانی پارتێکی نەیاری پاڵپشت بەم رۆحیەتی حەماسیەی لەو مەفھومەی کەئاماژەی پێکرا، تۆمەتی خیانەتی بەکارھێناوە .

گەر درێژە نەدەم بەو تێڕوانینە، باس لەئێستا و لەلۆژیکێک بکەم ، کەپەیوەستە بەمانەوەی کوردو کوردستان و دوورکەوتنەوە لەدروشمەکانی لە گەڵ واقیعدا و بۆ قۆناغ و سەردەمی ئێستا خوێندنەوەیەکی جیاوازی ھەیە، ئەوەیە کە کورد خەبات دەکات و شەڕی پاراستنی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی کورد بمێنێت لەسەر خاکەکەی، لەپاڵ تەکنیکی سەربازی و ئازایەتیدا ، تەکنیکی سیاسی گرەنتیەکی ترە بۆ سەرکەوتن و مانەوە.

ناکرێت بە حەماسێکی جەنگاوەرە ئەفسانەیەکان بجەنگین و باکمان بەژیانی نەتەوەیەک نەبێ لۆژیک ئاراستەمان نەکات. ھەموو بمرین بۆ ئەوەی کوردستان بمێنێ، گەر پێچەوانەی ئەوەش بیربکەینەوە یان بریارێکیتری سەربازی و سیاسی بدەین بەخیانەت کردن تۆمەتباربکرێن.

پێشتر بۆ مانەوەی کورد لەکەرکوک باشترین بریاری سەربازی و سیاسی درا، ١٦ ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک ئەو بەروارەی لەنێو دەرگیربوونی کورد لەململانی حزبایەتیدا، بە خیانەت دانرا، بەروارێک بوو سەر لەبەری ئەو مەفھومەی ھەڵوەشاندوە، کە ئاڵتەرناتیڤێک بوو، تا کوردی پێ قڕبکرێ.

ئەو دەستپێکە، ژیانی دایەوە بەتاکی کورد و پاراستنی مرۆڤی خستە پێش ھەموو مەفاھیمەکانیتر.
لەم قۆناغەشدا رۆژئاوا لەدووریانێکی مەترسیدار و جینۆسایدی کورددا،  جارێکیتر بەبڕیارێکی دروست قۆناغێکیتری گرنگی بۆ کورد دروستکرد و چانسێکیتری بەردەوامی خەباتی بۆخۆی بەدەستھێنایەوە.

مەفھومی دەبێ شەڕبکەین بۆ ئەوەی بمێنین ، لەپێناو پاراستنی گیانی کورد و خاکی کوردستان ، رۆحی دایەوە بەکوردایەتی.
لێرەوە چیتر درۆی سیاسی پارتەکان لەناو یەکداو دروستکردنی تۆمەتی خیانەت،  بۆ بەرژەوەندیە حزبیەکان ئەرزشی نیە .
شەڕکردن بەمەفھومی (کوردستان یان نەمان)،  دیوە راستەقینەکەی دەجەنگین لەپێناو( ژیان بۆ کوردو کوردستان) ( شەڕ دەکەین تا بمێنین) بۆ ماناوەی ناوی کوردستان، دەبێ کورد بمێنێ.

جگە لەکوردایەتی، چوارچێوەیەکی گەورەتریش ھەیە، کەدیوە مرۆڤایەتیەکەیە، ئەویش مرۆڤە و پێدانی ھەقی ژیانە و پاراستنیەتی.
دوادێر، دەکرێت ئیتر (سوناعەکانی خیانەت) واز لەوەھمی تەخوین و خەونی بچووکی حزبی بھێن.
چەمکی خیانەت لەسەر خواست و بەرژەوەندی پێناسە ناکرێ، بەڵکو دیوێکی زەقی خیانەتکردن لەکورد، لێسەندنەوەی ھەقی ژیانە لەنەتەوەیەک، لێرەوە بەشێک لەپێناسەی کوردایەتیش  بریتییە لەپاراستنی ژیانی نەتەوە بۆ مانەوەی و پاراستنی خاکەکەی.
خەبات لەقۆناغێکدا کۆتایی نایەت ، مادام قەومی کورد زیندوە، ئاسۆ روونە و خەبات بەردەوامە لەپێناو کوردو کوردستان.


PM:02:18:15/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی