دەتوانن یەکتر بسڕنەوە؟
ئاشتی عەبدوڵا
چەند رۆژێکە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی راگەیاندن و سۆشیال میدیای داگیرکردوە، گەرچی ئاماژەیەکی فەرمی نیە، بەڵام لەپشت ئەم ناکۆکیانە بڕیارەکانی دەستگیرکردن و ھەڵکوتانە سەر ماڵان، لەبێ ئاگایی و لەخۆرانییە.
دەکرێت خوێندنەوەیەکی دروست ھەبێ بۆ ئەم ناکۆکییەی ئێستا، ئەویش تەوقیتەکەی لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتەو دابەشکردنی پشک و پۆستە.
لەبەرامبەر ھەر ھەوڵێکی تەشەنەسەندنی ناکۆکیەکان دەبێت چی بکرێت؟
کاروکاردانەوە بەرامبەر بەکارھێنانی (عەزەڵاتی سیاسی )، (عەقڵی سیاسییە) دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە یەکێتی بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی کۆچکردوو ھەڤاڵ مام جەلال و ئێستا کاتی دابەشکردنی ئەو میراتەیە، کە مام جێی ھێشتووە و دەکرێت لەمسی ئەو عەقڵە سیاسیە بکرێت و لەدۆخێکی وادا ھەم ھەڵوێستیان ھەبێ و ھەمیش رێگەنەدەن ناکۆکیەکان پەرەبسەنێت.
(عەزەلاتی سیاسی) گروفڕێکی کاتیە و دووربینی تێدا غائیبە، بەڵام (عەقڵی سیاسی) بەرچاوڕوونی و دەسکەوتی بەدوادادێت.
لەخراپترین دۆخدا لەبری رەوایەتی بەشەڕو ناکۆکی، با ئێمە بەشێک بین لەئاشتی و لەبری بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە گوڵ ببەخشین بەمیلەتەکەی خۆمان ، نیو سەدەیە ململانێی ئەم دوو ھێزە لەقۆناغی جیاجیادا کوردی لەزۆر دەسکەوت بێ بەش کرد و خەلکی ماندوو کرد، دواجاریش دوای ھەموو ناکۆکیەکان ھەر دەبێت مێزێک کۆیانبکاتەوە.
ناکۆکبوونمان لەگەڵ یەکتری ھیچی لێ سەوزنەبوو، ھەردوو لایەن لەگۆڕەپانی سیاسیدا ھەن و ناسڕێنەوە، چەنێک ناکۆک بین لەگەڵ سیاسەتی پارتی و رەخنەمان لەو ھەموو ستەمە ھەبێ کەھەیە، بەڵام دواجار لەپێناو ئاشتی و ئارامی ، دەبێت بۆ رووبەرووبوونەوە بەعەقڵی سیاسی ھەلوێستمان ھەبێت.
PM:11:58:04/01/2019
ئهم بابهته 2915
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی