تیرۆرە لێک چووەکان، خاشوقچی و سەردەشت و ھاوڕێکانی بەنموونە

‌ئاشتی عەبدوڵا

سەبارەت بەکوشتنی جەمال خاشوقچی لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ترەمپ راگەیاند: ئەو راگەیاندنەی سعودیە لەبارەی چارەنووسی جەمال خاشوقچی, هەنگاوی یەكەمەو زۆر گەورەیە‌و دەستگیركردنی گومانلێكراوەكانی ئەو دۆسیەیەش زۆر گرنگە. لەھەمان کاتدا وتی کە باوەڕی بە راگەیاندراوەکەی سعودیە ھەیە!

ھەروەھا هیواشی خواست سزاكانی كۆنگرێس دژی سعودیە, هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی چەك نەبێت. 

دوای کوشتنی خاشوقچی و لێدوان و راگەیاندراوەکان و ھەڵوێستی وڵاتانی جیھان و ئەمریکا کەتوڕەن لەکوشتنی رەخنەگرێکی سعودی و دەیانەوێت ئەم تەم و مژە روونبێتەوە، بەڵام لێدوانەکانی ترەمپ ئاماژەیە بۆ دیوێکیتری دۆسیەکە، ئەویش بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ سعودیە سەروو خوێن و جەستە پارچەکراوەکەی رۆژنامەنووسێکە و مەسەلەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی تەنھا یەک سیناریۆیی بەسە بۆ کپکردنەوەی دۆسیەکە.

ئەگەر زۆریش دوور نەڕۆین ئێمەی کوردیش ئاشناین بەم جۆرە لەدارشتنی سیناریۆو کپکردنەوەی دەنگەکان لەکاتی ئەنجامدانی تیرۆرو کوشتنی رۆژنامەنووسان، کە لەم مەملەکەتدا وەک خاشوقچی کوژران و بەدوایدا سیناریۆش بۆ تیرۆریان ئامادەکرا بوو. کوشتن و تیرۆری دەنگە رەخنە گرەکان لە سعودیە بێت یان ئەم دەڤەرەی خۆمان یان ھەرجێیەکیتر یەک سەفقە و بەرژەوەندیەکی ھاوبەش بە سیناریۆیەکی بەھێزەوە بەسە بۆ ناشتنی راستیەکان و تەرمەکان پێکەوە.

جەماڵ خاشوقچی ڕۆژنامەنووس و رەخنەگری سعودی تەمەن 59 ساڵ لە٢ ی ئۆکتۆبەردا، دوای ئەوەی سەردانی  کونسوڵخانەی سعودیەی لە تورکیا  کرد، ڕفێندرا  و لەراگەیاندراوێکدا سعودیە کوشتنی خاشوقچی پشت راستکردەوە، بەپێی ھەواڵ و دەنگۆکان تەرمەکەی  و ئەنجن ئەنجن کراوە.

خاشوقچی دوای هەڵبژرادنی بن سەلمان وەک پاشای سعودیە ئەو وڵاتەی بە جێ هێشت و چوو بۆ ئەمریکا. ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری سعودی لەچەند نووسینێکدا،کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن  پۆست بڵاوی کردبوەوە ڕەخنەی توندی گرتبوو  لە شەڕی سعودیە لە یەمەن و گرتنی پارێزەرانی مافی ژنان لەسعودیە.

لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم ، بانگەشەی دیموکراسی و مافی تاک لەنێو ئەم تەوژمە جیھانیەی دروشمی مافی مرۆڤیان داوە لەئێخەی دەسەڵاتەکانیان ھیچ لەو راستیە ناگۆڕێ دواجار کاتێک لەلایەن دەنگە جیاوازو ئازادەکانەوە خاڵ دەخرێتە سەر پیتەکان و راستیەکان ئاشکرا دەکرێت کارەساتی وەکو تیرۆری خاشوقچی و سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان وکاوە گەرمیانی لێدەکەوێتەوە، سەرجەمی ئەم تیرۆرانە لەخاڵێکدا لێکدەچن ئەویش بێ دەنگکردنی دەنگە جیاوازەکانە لەپێناو مانەوەو بەرژەوەندیدا.

دەمەوێت ئاماژە بەوەش بکەم کە بۆچوونی خاشوقچی ھەرچۆنێک بووبێت لەسەر قەزێکەی ئێمە وەک کورد، دەچێتە چوارچێوەیەکیتر و بەندە ئەوە نابەستێتەوە بە دۆسیەک کەتێدا مافی مرۆڤ پێشێل کراوە و (لکل حادث حدیث).


PM:10:22:20/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 5192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی