زەماوەندی سەركەوتنی كۆبانێ‌ ئەمجارە لەعەفرینە

‌ئاشتی عەبدوڵا


ماوەی 25 رۆژە لە درێژەی پلانە شكستخواردووەكانی ئەردۆگاندا، هێرشێكی سەربازی ناڕەوا دەكرێتە سەر عەفرین.

لەم هێرشانەدا بەئامانج گرتنی مناڵ  و ژن و گەنج و پیری  سڤیل بەڵگەیەكیترە لەتاوانەكانی ئەردۆگان بەرانبەر بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد بەتایبەت ، ئەو خەونە پووچەی دەوڵەتی عوسمانی نوێ‌ بەسەركردایەتی ئەردۆگان و لەشكرێك لەتاوانبار لە ئاكەپە درێژەپێدەری دەوڵەتی عوسمانی كۆنە، كە ئەم خەونانەیان رەهەندێكی مێژوویی هەیە بۆ پاكتاوكردنی نەتەوەكانیتر و لەسەروو هەموویانەوە نەتەوەی كورد.

ئەوەی دەیبینین و دەیبیستن لەعەفرین هەوڵی جینۆسایدێكیترە، بەڵام لەلایەكیتر ئێمە وێنەكیتری پڕ لە سەركەوتنی مرۆڤایەتی دەبیینین لەسەردەستی شەڕڤانان و خەڵكی عەفرین و بەتایبەت ژنان بوونەتە سومبولی ئەو بەرگری و بەرخۆدانەی لەوێدا دەكرێت، مێژوویەكی نوێ‌ لەخواستی مانەوە و بەرگری و ئازایەتی  نەتەوەیەكی تۆماركرد. 
لەم داستانانەی لەعەفریندا تۆماردەكرێت ژنان پێشەنگی ئازایەتی و رەمزی خۆڕاگرین و درێژەپێدەری داستانەكانی كۆبانێ‌ و زۆر زیاتر دەكەنە مێژوویەكیتر لەشانازی .

ئەم خۆڕاگرییەی لەئاست هەموو ئەو هێرشە سەربازییانەی كە نوێترین چەكی تێدا بەكاردەهێنرێت هاوشێوەی رەمزی خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی ڤێتنامییەكان بەرانبەر ئەمریكا بەر لەنزیكەی پەنجاساڵ پێش ئێستا ئەتوانین بڵێین بەرگری ڤێتنامییەكانیشی تێپەڕاند. 

دەكرێت بشڵێین درێژەدانی ئەردۆگان بەم هەوڵی جینۆسایدەی لە عەفریندا دەیدات و بێ‌ دەنگی و بێ‌ هەڵوێستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، هەموو بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، رۆژانە وێنەی تاوانێكیتری مرۆڤایەتی دەبینین لەو شارەدا و جەستەی دوولەت كراوی مناڵەكان و شێواندنی جەستەی شەهیدەكان (بارین كۆبانێ‌) بەنموونە، زلهێزەكانی دونیا و كۆمەڵی نێودەوڵەتی كە ئیدعای سەدەی بەدیموكراسی بوون و مرۆڤایەتی دەكەن شەرمەزاریین بۆ مرۆڤایەتی، چونكە نەهاتنە قسە و رێ لەدرێژەپێدانی ئەم تاوانانە بگرن.

ئێستا لەهەموو كات زیاتر كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە دەبێت پێداچوونەوەیەكی جدی و لۆژیكی بكات بەسیاسەتی خۆیدا و ئەو مەترسییانەی كە بەزنجیرەیەك موئامەرەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە لەسەر كورد بخاتە پێش هەموو ئەجنداو سیاسەتێكیتری لەپێناو مانەوەی كیان و بوونی لەسەر ئەرزو خاكی خۆی بەرگری لەژیان و پیرۆزییەكانی. 

لەكۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە ورەی شەڕڤانان و ژنانی عەفرین لەلووتكەدایە و رۆژانە هەڤاڵانمان هەواڵی داستانی نوێمان پێدەڵێن و ئێمەش لەباشوور ئەوەی پێمان بكرێت بۆ پشتیوانی دەیكەین و خۆشبەختانە هەمووان بەهەموو دەنگ و رەنگەكانی باشوور لەگەڵ عەفرینین، جگە لە كەمینەیەكی دەست و پێوەندی ئەردۆگان و ئاكەپە كە دەنگیان زۆر لەرزۆكە.

ئێمە دەزانین عەفرین سەردەكەوێت یان سەردەكەوێت و بەدیلێكیتری نییەو زەماوەندی سەركەوتنی شەڕڤانان و بەتایبەت ژنانی كۆبانێ ئەمجارە لەعەفرینە.

تێبینی : ئەم وتارە لەوتەی ژنۆرناڵی ئەم ژمارەیە بڵاوکراوەتەوە ، ژنۆرناڵ دووتوێیەکی کوردستانی نوێیە تایبەتە بە دیدگاو دونیای ژنان.


PM:09:31:17/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 2826 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی