لێگەڕێن، با ئێمە نامەیەکی راشکاوانە بنێرین بۆ مام

‌ئاشتی عەبدوڵا



پاش سڵاوێکی شۆرشگێڕانە

مام بەهیوام شوێنت ئارام و خەوت قووڵ بێت، جێگەت نەک هەر خاڵیە، بەڵکو لەغیابی تۆدا کوردستان بەگشتی و یەکێتیەکەت بەتایبەتی پڕبووە لەکێشە و نسکۆ و ململانێ تاڕادەی یەکترسڕینەوە.

مام چەندین جار کەهاتووم بۆ خزمەتت دوای کۆچت، چەند دەقەیەک وەستاوم، راستی کاتی فاتیحەکانیش بەسەرمدا تێدەپەڕی و نەئاگام لەوانەی چواردەورم بوو نەگوێشم لەوان بوو، لەگفتووگۆیەکی قووڵدا بووم و هەر پرسیارم دەکرد لێت،   من دەزانم باش گوێ لەهەمووان دەگریت هەروەکو پێشوو، گوێت لەهەمووان دەگرت و هەمیشە چارەت لابوو، هەمیشە گوێگرتنت بۆ ژنان جیاوازتربوو گرنگی پێدانیشت زیاتر بوو، کەس بەهەگبەی بەخاڵی نەدەگڕایەوە پڕتدەکردین لەئامۆژگاری و گەشبینی، بەڵام ئێستا کەس گوێ لەکەس ناگرێت و کەسیش وەک تۆ ژنانی بیرنییە. بۆیە دەرد دڵی خۆم و یەکێتییە راستەقینەکان لەلای تۆ دەکەم. خەمم بوو بەناومانەوە شتێکیترت بۆ باس بکەن!

مام ئەو چەند جارەی بەخزمەتت گەیشتم لەبۆنەکاندا گەر چی دەرفەتەکە کەمیش بوو بێت، بەڵام وەک ئەوە وابوو هەر جارەی کتێبێکم خوێندبێتەوە. ئەمە جێی شانازیمە هەمیشە .

مام دەمەوێت راشکاوبم و چەند شتێک باس بکەم،
ئێستا کوردستان نیوەی لەدەست دراوە، ببورە هەواڵەکە ناخۆشە ، رەنگە پێش من ئەم هەواڵەیان دابیتێ، نازانم چۆن بۆیان باسکردویت، بەڵام راستیە تاڵەکە ئەوەیە کەرکوکەت قودسەکەت ئێستا داگیرکراوە، دەزانم نیگەران دەبیت، چونکە حەفتا ساڵی تەمەنت بۆ ئازادی کوردستان تەرخان کرد، بەحیکمەتەکانت زۆر دەسکەوتمان بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا وەک بەفر رۆژبەڕۆژ دەتوێتەوە، چاوەڕێی رەحمەتی داگیرکەرانین!
نەیەکریزی ماوە و نە پەیامی ئاشتی، هەمووان یەکتردەسڕنەوەو بەرژەوەندی و کورسی چاوی زۆریانی سورکردوە ، کەس نە ئاوڕێک لەخاک و نەئاوڕێک لەخەڵک ناداتەوە. ژیان لێرە لەژێر تارمایی بەرژەوەندی و سیاسەتی ناتەندروست بەڕێوە دەچێت، زۆریان بوونە قاعید، بەڵام ئامادەنین بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن و تەنها لەچوارچێوەی دروشم و قسەدا زیاتر بێ هیوامان دەکەن.

نێو ماڵی کورد بەجارێ ترازاوە، مەگەر هیمەتێکی مام بیهێنێتەوە جێی خۆی، مامی هەمووان پەیامێکمان پێ بڵێ لەگەڵ نوکتەیەک وەکو جاری جاران، تا بیگەیەنین بە پارتە سیاسیەکان، هەموویان دۆستت بوون لەقسەی تۆ دەرنەئەچوون.

پەیامێکیترمان بەرێ مام لەگەڵ خۆمان بیبەین بۆ سەرکردایەتی یەکێتی و پێیان بڵێین، کە مام چەند توڕەو نیگەرانە لێتان ، پێیان بڵێین ئەو هەموو ئەزموونەی مام ناکەنە بنەما و وانەیەک لەمامەوە فێرنەبوون و سامی گۆچانەکەتیان وەبیربهێنینەوە، کە زۆریانی راگرتبوو.

 مام لێت ناشرمەوە یەکێتیان غەرقی ململانێ و کێشە کردوە، هەمووشیان دەستەو وەستانن چارەیان لانیە، تەنانەت لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک رێکناکەون ،بەڵام ئەمەوێت لەکۆتایدا شتێکی دڵخۆشکەریش باس بکەم ، یەکێتیەکان کادرە دڵسۆزو رەسەنەکان لەپێناو مانەوەی یەکێتی و بیروباوەڕەکانی مام ئارامیان گرتووە و لەخەبات نەوەستاون و شەڕی کورسی و پارەیان بۆ ئەوانەی سەرەوە جێهێشتووە، ئەمان راستگۆن لەگەڵ یەکێتیەکەیان.

مام بیرمان ناچێت سڵاویشت دەگەیەنینە هەموو یەکێتیەکان و کوردستانیەکان و پێیان دەڵێین خۆراگربن و ئاشتی خوازبن تا دەگەنە مەنزڵ و قۆناغی بەرژەوەندیچیەکان کۆتایی پێدەهێنن.


PM:10:42:20/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 2891 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی