سوارەی حەمیدی..ئەمجارە بەرەو قەندیل

‌ئاشتی عەبدوڵا


لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ، جموجوڵ و پلانی ئەردوغان بۆ ناردنی هێزو جێگیرکردنیان لەو ناوچانە زیاتر دەرکەوتەو دەرئەنجامەکانی پەیوەندیە دیبلۆماسی و رێککەوتنە سیاسی و بازرگانییەکانی ئاکەپەو پارتی بەدەرکەوتن، هەموو ئەم نەرمی نواندنەی ئەردۆغان و ئاکەپە، بەرامبەر پارتی، ئامانج لێی فراوانکردنی پێگەی بوو لەکوردستانی باشوور، ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکیا و بەدیاریکراوی ئەردۆغان تێڕوانینی بۆ کورد چۆنە جا لەباکوربێت یان باشوور، بیرهێنانەوەی ناوێت، کە چ سیاسەتێک بەرامبەر کوردانی باکوور پەیڕەو ئەکات، بەڵام لەئێستادا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، لەڕێی ئەم نزیکایەتیەوە لەپارتی شەڕی پەکەکە ئەکات ، پارتیش بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکانی لەهەرێمی کوردستان، کە تا ئێستا بەنایاسایی زۆرینەی پایەکانی حکومڕانی لەدەستە ، پێویستی بەپشتیوانێکە کەبیپاریزێت، ئەو پشتیوانەش ئەردۆغان و حکومەتەکەیەتی، گرنگ نیە لای ئەم حزبە کەچۆن لەئێستادا پشتی کردۆتە گەلەکەی و هەرێمی کوردستانی بەچ قەیرانێک گەیاندووە لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە، تەنها و تەنها مانەوەو بەرژەوەندیەکانیەتی لەڕێی بەکارهێنانی کارتی راگەیاندنی دەوڵەت ناوبەناو بانگەشەی بۆ ئەکات و ئەیەوێت ئەم جۆرە لەسیاسەتەی پێ داپۆشێت و رای گشتی پێ چەواشە بکات.

ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقعیانە ودوور لەهەموو بەرژەوەندیەک و ئایدیاو ئایۆلۆژیا و تێڕوانینێکی مەنتقی هەبێت، ئەوا ئەبێت ئەم واقیعە وەک خۆی بنوسرێتەوە و شاهیدی ئەو خیانەتە مێژووییە بدرێت کەلەڕێی چاوساغی بۆ دەوڵەتی تورکیا، شەڕێکی ناڕەوا   بەرامبەر بەگەلی کورد هەڵئەگیرسێت.

ئەمەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی کوردستان ئەگوزەرێت، تەنها ئامانج لێی شنگال نییە، بەڵکو دوای شنگال ئاماژەکان بەرەو قەندیلە ، مەترسی داگیرکاری بۆ قەندیلیش واتە سەرگرتنی موئامەرەکانی تورکیا و سعودیەو وڵاتانی کەنداوە، کەلەڕێی داگیرکاری قەندیلەوە، لەلایەک مەترسیەکانی پەرتەوازەیی کورد و شەڕی ماڵ وێرانکاری و دەست بەسەرگرتنی ئیرادەو کیانی کوردە، لەلایەکیتریشەوە بێدەنگکردن و قایم کردنی جێی پێی ئەو بەرەیەیە بەرامبەر نەیارە سەرسەختەکەیان کەئێرانە، لێرەوە کوردستان ئەبێتە گۆڕەپانە گەورەکەی شەڕی دەوڵەتە ئیقلیمیەکان و هاوکارەکانیان، کە جگە لەبێهێزکردنی کورد و ماڵوێرانی بۆ کوردستان و کورد هیچیتری لێ سەوزنابێت.

لەدیدکێتریشەوە هێندەی پەلکێشی تورک و هاوپەیمانەکانی بۆ ناوچەکە جێی مەترسیە، بێ دەنگی لایەنە سیاسیەکانیش لەئاست ئەم هەموو رووداوە بەدیوێکیتردا جێی مەترسی و نیگەرانیە، هەروەک ئەوەی هەموویان چاوەڕێی چارەنووسیان بن، بۆ دوای شەڕو دواتر یەکلابوونەوەیان، پاش جێبەجێکردنی پلانی ئەردۆغان و هاوکارانی.
 موبالەغە نییە، کە بڵێین لایەنە سیاسیەکان چەندە کورتبینین و تەنها بۆ ئێستا سیاسەت ئەکەن، هەروەک چۆن کورتبینانە لەماوەی رابردوودا سیاسەتیان بەو ئاڕاستەیە کرد، کەئێستا لەهەرێمی کوردستان دەرئەنجامی کورتبینی هەموویان ئەبینین، ئەم بێدەنگیە هێندەی شەڕەکە کارەساتە و وەستانیان لەچەقی بازنەکەدا زیانی گەورە بەداهاتووی سیاسی خۆیان و چارەنووسی گەلی کورد و پرسە نەتەوەییەکان ئەدات.

هەنگاوەکانی ئەردۆغان و هاوکارانی، خێران بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، هەر چەند رۆژێک پێش ئێستا لەڕێی هێزێکی دروستکراو بەناوی ئەنەکەسە، کەسەر بەپارتین، هێرشکرایە سەر یەکینەکانی پاراستنی شنگال و شەڕ روویدا لەئەنجامدا کوژراو بریندار هەبوو، دواتر جوڵاندنی هێز و جێگیرکردنیان لەو ناوچەکانی نزیک قەندیل، تازەترین رووداویش بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، تەقەکردن بوو لەو خۆپیشاندەرانەی کە له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزه‌ی پارتی به‌سه‌رپه‌رشتی هێزێکى تورکیا له‌ ده‌وروبه‌ری شنگال جێگیری کردوون، بۆ لێدان له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌شه‌، سه‌دان هاووڵاتی ئێزیدی ئاواره‌ی ڕۆژئاوا خۆپیشاندانیان کرد، بۆ ڕێگری کردن له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ به‌ڵام کاتێک ده‌گه‌نه‌ بازگه‌یه‌کی ئه‌نه‌که‌سه‌، پارتی‌ ته‌قه‌ به‌نێو خۆپیشانده‌راندا ئە‌کات و شه‌هیدێک و ١٢ برینداری لێكەوتەوە.

 ئەم رووداوانە و پێشهاتەکانیش، ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخاتە ئەستۆی هەمووان، بەتایبەت لایەنە سیاسیەکان کەپێش هەنگاوە خێراکانی شەڕخوازان بکەون و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە، رابگەیەنن بۆ بەرگرتن بەم شەڕە و دانانی سنوورێک بۆ چاوساغیکردنی دوژمنان و هەوڵی جدی بدرێت بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد و هاوهەڵوێستی هەموو ئەو هێزە سیاسیانەی کە هاودەنگن لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و نایانەوێت کوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی تورک و عەرەب و فارس بەرامبەر کورد.

ئەرکی نەتەوەیی و مێژوویی لایەنە سیاسیەکانە، کە رێگربن لەدووبارەنەبوونەوەی مێژووە کارەساتبارەکان، بەنموونە ئەو مێژووەی، کەتیایدا سوارەی حەمیدی وەکو هێزێکی چەکداری کوردی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی بەکارئەهێنرا بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی مەرام و سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە، کەئێستا ئەردۆغان و ئاکەپە درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی عوسمانییە، بەهاوکاری سوارەی حەمیدیەکی نوێی کورد کە ئەیانەوێت هێرش بکەنە سەر قەندیل.


PM:06:33:14/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 13464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی