ببەخشن، ویژدانتان ئەکەوێتە سەماو ژیانتان پڕ ئەبێت لەگۆرانی

‌ئاشتی عەبدوڵا


کاتێک باوکێک یان دایکێک،ئەبینین کەنازانێ چۆن و بۆ کێ هانا بەرێ و قووتی مناڵەکانیان چۆن دابین بکەن، کاتێک ئەیەوێت پێت بڵێ وەرە بەهانامەوە ببینە ژیانمان چەند سەختە، جا ئەگەر مناڵێکی نەخۆشیش باری شانی قورستر کردبن، ئەو کاتە تێئەگەین چ مەرگە ساتێک لەم وڵاتەدا رووبەری مرۆڤ بۆتەوە ، کاڵەک بەئەژنۆ ئەشکێنین کەدەنگمان دا و باوەڕمان بەپرۆسەی دیموکراسی کرد و باوەڕمان بەنەزیهی دەیانیان کرد، چیتر قسەمان لەسەر دەسەڵات نییە ، کەهەمووشتێک ئەکەن بۆ مانەوەی خۆیان و یاساو دیموکراسی بەپێی بەرژەوەندی و خواستیان وێنا ئەکەن، کاتێک باکیان بەبرسێتی خەڵک نیە، هێشتا سەوداو مامەڵە بەقووتی خەڵکەوە ئەکەن لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد ئیتفاقی بازرگانی و سیاسی بەردەوام نوێ ئەکەنەوە، بەناوی کوردایەتی و وەهمی دەوڵەت خەڵک برسیتر و وڵات هەراج ئەکەن، قسەی زۆر لەم بارەیەوە کرا پێمان وابێ قسە سوودی نییە چیتر ، ئەوە هۆشیاری گەلە ئەبێت، بگاتە لوتکە و درک بەمە بکات و رایانگرێت، ئێمە قسەمان لەسەر ئەو پاڵەوانانەی شاشەو کۆڕو سیمینارەکانە، کاتێک بەدەنگی خەڵک بوونە ئەندام پەرلەمان و وەزیرو گزیر، بەڵام کاتێک خۆیان بینیەوە لەو نێوەندەدا کاتێک مووچەی زۆرو ئیمتیازیان بینی لەبری ئەوەی ماڵەهەژارەکان بەسەربکەنەوە، کاتێک هانایان بۆ ئەبەن، لەبری مناڵێکی نەخۆش دڵخۆش بکەن و تێچووی نەخۆشخانەی لەئەستۆ بگرن، لەبری و لەبری ......

هاتن خانوو و گەڕەکەکانیان گۆڕی ، وتیان لایق نیە بەمەئامی ئێمە، هاتن جۆری ئوتومبیل و ناوماڵیان گۆڕی ، هاتن رەنگ و رووخساریان گۆڕی، لەکاتێکدا سەدان ماڵ لەم شارەدا بەزەحمەت نانی ژەمێکی دەست ئەکەوێت، لەکاتێکدا سەدان خێزان تێچووی نەخۆشی و پێویستیەکانیتری بۆ دابین ناکرێت.

 ئەمە چ جۆرە بەڵێنێک بوو بەخەڵکتاندا گەر خۆتان وتەنی ئێوە لەنێو خەڵک و لەگەڵ خەڵکن ، ئەی بۆ ناپرسن خەڵک چۆن ئەژی و ئێوەش چۆن، ئاخر ئەو کاتەی خەڵکانێک دێن چالاکیەک ئەکەن و بڵاوی ئەکەنەوە ، ئەمە بۆ خۆدەرخستن و نیشاندانی عەزەمەت نیە، هێندەی ئامانج لێی بەدوای خۆیدا کردنەوەی دەرگای بەخشینە، بۆ ئەوەیە ویژدانتان بجوڵێت، کە خەڵک پێویستی بەئاوڕلێدانەوە هەیە، ئەم قسانەمان گشتگیرنیە بۆ هەموو ئەندام پەرلەمان و بەرپرسەکان، بەرەهای باسی هەمووان ناکەین، ئێمە شاهیدی ئەندام پەرلەمانی خاوەن هەڵوێستین لەژن و پیاو ، شاهیدی کەسانێکین، کە چەندەها ماڵە هەژاری بەسەرکردۆتەوە، لەسەرمای زستاندا زۆپاو نەوت و خواردنیان دابین کردوە، شاهیدی کەسانێکین هەر کات حاڵی ماڵە هەژاریکی نیشان ئەدەین بێ ئەوەی منەت بکات، ئەبەخشێت، هەروەک چۆن شاهیدی زۆرینەشین، کە لەقسە زیاتر هیچیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت.

ئێمە نامانەوێت لێرەدا وێنەی ماڵە هەژارەکان نیشان بدەین، ئەمە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانی هەریەکێکمانە گەر خۆشمان نەتوانین و فریانەکەوین داوا بکەین بچین بەهانای سەدان خێزانەوە. ئەزانن چ چێژێکی هەیە بەخشین ئەزانن چ خۆشەویستیەک لەچاوی مناڵێکدا ئەبینن، کاتێک بەدەست و دیاریەوە لەدەرگای ماڵی ئەدەی، کاتێک لەو شتانەی محرومە تۆ بەسەری ئەکەیتەوە.

ببەخشن ئەوەی لەتواناتاندا هەیە، ویژدانتان ئەکەوێتە سەما و ژیانتان پڕئەبێت لەگۆرانی، واز لەقسەی باق و بریق بێنن، ئەو کاسێتانە پڕبوونەتەوە، دەنگەکان ناسازبوون. با چاوەڕێی دەسەڵات نەبین، ئەوان چیتر چاوەڕێی بەخشندەییان لێ ناکرێت، ئەوان بوونەتە هۆی برسێتی خەڵک، ناکرێت ئێمەش وەک ئەوان بێ باک بین، هەر یەکێک لەئێمە بەرپرسە لەم کۆمەڵگەیەدا ، هیچ نەبێ ئەتوانین پێکەنین بۆ مناڵەکان بگێڕینەوە، ئەتوانین کەمێک دڵڕاوکێی دایک و باوکیان راگرین.



PM:11:32:01/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 7102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی