هێرۆخان بۆ خەڵات دەکرێت؟

‌ئاشتی عەبدوڵا

لەماوەی رابردوو چەندین ژن، لەهەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیاواز و لەناوخۆو دەرەوە خەڵاتی گرنگ و شایستەیان پێدراوە، ئەمە جێی خۆشحاڵی و شانازییە، کاتێک ژنێک لەسەر ئاستی سیاسی یان هەر کایەیەکیتر خەڵات ئەکرێت، وەڵامێکی گرنگە بۆ هەموو ئەو عەقڵیەتانەی کەهێشتا ناتوانن واقع بین بن و ئەیانەوێت ژنان لەکایە گرنگەکان فەرامۆش بکرێن و رێگربن لەوەی بەشداری کارا بەژنان بکرێت.

ژن سەرکردەیە،ژن سیاسیە، ژن پزیشکە و مامۆستایە و رۆژنامەنووسە و چالاکوانە و دایکە و فەرمانبەرە و کارگوزارە، هەموویان شایستەی خەڵاتن، کاتێک کە بەدڵسۆزیی خزمەت بەمرۆڤایەتی ئەکەن.

خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، وەک ژنێکی خاوەن خەبات لەرابردوو ئێستادا و هاوشانی ئەوەش بەخزمەتکردنی و کارە مرۆییەکانی، مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمارکردوە، کە هەق وایە دوای وەرگرتنی خەڵاتی پاپای ڤاتیکان، پیرۆزبابی و دەست خۆشی لێ بکەین و پشتیوانی بین، بەتایبەت ئێمەی ژنان، تا ئەم دەروازەیە بۆ ژنانیتریش واڵا بێت.

هەروەک چۆن پێشتر کەژنانیتر خەڵات کراون، هەمان قسەمان هەبووە و لەپیرۆزبایی و پشتیوانیەکانمان بێ بەش نەبوون. کاتێک بەربەستەکان زۆر ئەبن لەبەردەم هەنگاو و سەرکەوتنەکانی ژنان، ئەم پشتیوانییە ئەبێتە ئەرکێکی مرۆیی لەسەر شانمان، کە ئێمەی ژنان سەروەرییەکانی خۆمان بنوسینەوەو هەقیقەتەکانی سەرکەوتنی ژنان تۆماربکەین بۆ مێژوو.

ئەو خەڵاتەی پاپای ڤاتیکان، کە لەرێگەی نوێنەرێکی خۆیەوە بەخشییە خاتوو هێرۆ، کەخەڵاتی بەھێزترین ژنەو کاتێکیش کە نوێنەری پاپاش ئەڵێت: بۆ یەکەمجارە لەمێژووی ڤاتیکاندا ئەو خەڵاتە بدرێت بەژنێک و خەڵاتەکە تایبەتە بەوکەسانەی ژیانی خۆیان بۆ کاری خێرخوازی تەرخانکردوەو تایبەتە بەژنی ئەم سەردەمەو ژنی دوا ڕۆژی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

هەروەها کاتێک ئەو نوێنەرەی پاپا ئەڵێت:"بەلای ئێمەوە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد خانمێکی گرنگە لەسەر ئاستی جیھان و عیراقیش" نزیکم ئەکاتەوە لە مەبەستی ئەم نووسینە و ئەوەی ئەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبکەین، دیوە سیاسیەکەی ئەم ژنە نییە، هێندەی باسکردنە لەدیوە مرۆییەکەی.

ئەمانەوێت باس لەژنێک بکەین کەرۆژگارێک بەخۆی و تەنها کامێرایەکەوە مێژووی شۆرشێکی نوێی گەلێکی تۆمار کرد و دوای شۆڕیش دەرگایەکیتری بەڕووی کارە خێرخوازی مرۆییەکاندا کردەوەو خزمەتێکی گەورەی بە پێشمەرگەو کەس و کاریان و منداڵان و بێسەرپەرشتان و مسیحیەکان کردوە.

هەقی خۆیەتی کەدوور لەبیروبۆچوون و ململانێی سیاسی هەقیقەتەکان بنوسینەوە و هەمیش پیرۆزبایی بکەین لەژێنێکی ماندوو.

شایانی باسە کەپێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکەنیسەی مار یوسف لەشاری سلێمانی، نوێنەری پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان خەڵاتی تایبەت و ڕێزلێنانی بەخشی بە خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد.


PM:02:21:15/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 6986 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی