سلێمانی بەپلەیستەیشن وێران نابێ

‌ئاشتی عەبدوڵا


زیندوێتی شاری سلێمانی وای لەناحەزانی کردوە تەنانەت بەشوێن خورافاتیشدا بگەرێن تا پشێوی و نائارامی و شەڕی دەروونی بنێنەوە.

 ماوەیەکە هەوڵێک هەیە، تا دوودڵی و دڵەڕاوکێ بخەنە نێو خەڵکی ئەم شارەوە، لەڕێی ئەو یارییە ئەلکترۆنی و کارتۆنانەی باس لەڕوودانی جەنگ و پشبینییەکانی داهاتوو ئەکات، کەباس لەشەڕێک ئەکات لەسلێمانی، بەشەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ناوبراوە، لە کاتێکدا ئەمانە تەنها یارییەکی ئەلەکترۆنییە و هیچیتر و لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو دروستکراون وهیچ پەیوەندییەکی بە داهاتووەوە نییە.

 بۆ ناحەزانی سلێمانی شتێکی نۆرماڵە بەشوێن خورافات و تەنانەت فلیم کارتۆنەکانیشدا بگەڕێن تا بابەتێک بوروژێنن و ئیش لەسەر ئەوە بکەن کەئارامی ئەم شارە تێک بدەن، بەڵام ئاسایی و نۆرماڵ نییە، کەسایەتیەکی سیاسی لەڕێی پۆستی فەیسبوکەوە بەقەناعەتەوە باس لەخورافاتێک بکات و بیەوێت باسێکی وا باوەڕپێهێنەر بێت! لەلایەکی تر ئەو  خوێندنەوانەی لە هەندێک شوێن بۆی کراوەو کراوە بە هەواڵ بەبێ بەڵگەی باوەڕپێکراو مایەیی نیگەرانیە و بۆتە پرسیار لامان، کە ئایا سیاسیەک و رۆژنامەنووسان و سایت و پەیجەکان هێندە خۆشباوەڕن؟ یان  حەزبەئارامی ئەم شارە ناکەن؟ وا ئەیانەوێت خورافاتەکان بکەنە واقعێکی نامەنتقی و خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن!
هەموو ئەوانەی کە بێ ئاگا یان بەئەنقەست لەم هەوڵەدا بەشدارن، باش درک بەو راستییە ئەکەن، کەئەوەی لەم شارەدا باڵا دەستە بەهەموو کەم وکوڕی و گەندەڵییەکانی کەلەئیدارەدانی شاردا هەیە، هەرگیز رێ نادات ئەم شارە بکەوێتە لێواری مەترسیەکی لەو جۆرە، چونکە هەموویان لەسلێمانیدا بەزیندوێتی ئەمێننەوە، لەلایەکیتریش خەڵکی ئەم شارە زۆر لەوە هۆشیارتر و زیندووترە، بکەوێتە ئەم داوەشەوە، کە دووساڵە هەرچی وەسائیل هەیە تاقیانکردەوە تا بە پشێوی و ئاژاوە سلێمانی تێک بدەن.

لێرەوە چەند نموونەیەکی مێژوویی باس ئەکەین بۆ وەبیرهێنانەوە، بۆ بەرچاوڕوونی ناحەزانی شار و بیرخستنەوەی ئەوانەی کە ئەیانەوێت باوەڕ بەخورافات بکەن و بیکەنە ئامرازێکیش تا خەڵکیش باوەڕێیان پێ بکات، وەک ئاماژەمان پێدا ئەم هەواڵانە دوورە لەراستی، بەڵام ئەگەر هەر ئەیانەوێت سوربن لەسەر وەهمەکان ئەوا وەبیریان ئەهێنینەوە، کەشەڕو تۆبارانیش چۆک بەم شارە دانادات، لەسەردەمی ئینگلیزەکاندا کاتێک شێخ مەحمودی حەفید مەلیکی کوردستان بوو، بەفرۆکە بۆمبارانی ئەم شارە کرا ، نەک سلێمانی وێران نەبوو بەڵکو بووە ئەم شارەی کەئێستا بۆتە رەمزی زیندوێتی.

 هەروەها لەساڵانی شەڕی عێراق و ئێراندا، چەندین جار ئەم شارە تۆباران کرا، راستە چەند خانوویەک یان چەند زیانێکی لاوەکی گەیاند بەشار، بەڵام بۆ ساتێکیش ئەم شارە چۆکی دانەدا، دواتر بووە شاری رۆشنبیری و رەمزی مقاومەت بەرامبەر هەموو دوژمنێک کەویستبێتی ئازادی زەوت بکات لێی.

مێژوویەکی زۆر دوور نییە راپەڕینەکەی 1991 دوای ئەوەی رژێمی پێشوو لەم شارە وەدەرنرا، جارێکیتر بۆنی ئازادی شەقام و شاخی تەنی، بەڵام لەهەوڵێکی ترسنۆکانەی رژێمی ئەو کات پاش ماوەیەک، کە ویستی بگەڕێتەوە و شەڕ لەشاخی ئەزمەر روویدا لەنێوان رژێمی پێشوو و پێشمەرگەدا ،دەستی کرد بەتۆپ باران و چەند هاووڵاتیەکی ئەم شارە، کەبۆ خۆپاراستن لەرژێم چوونە شاخی گوێژە بەهۆی تۆبارانەکەوە شەهیدبوون، بەڵام بەخوێنیان گویژە سەوزتربوو، شار و خەڵکەی سەربەرزترو زیندووتر گەڕانەوە شاری شێخ و لەگەڵ ئازادیدا سەرلەنوێ شاریان جوانتر کرد.

راستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کەهەمووان ئەناڵێین بەدەست خەمساردی و نادادی دەسەڵاتدارانی کوردەوە، بەڵام سلێمانی لەهەموو سەردەمێکدا بەجۆرێک لەجۆرەکان دەنگی نارەزایەتی بەرزکردۆتەوە، بەڵام بۆ هەر هەوڵێکیش ویستبێتی ئارامی تێک بدات و پشێویی بنێتەوە، وەک ئەم خورافاتەی یارییە ئەلکترۆنییەکان، ئەوا تەنها مایەی گاڵتەجاری و قسەو نوکتەکانی خەڵکی شارە، کە لەخۆشی و ناخۆشیدا لەگاڵتەو نوکتەی خۆی نەکەوتووە، ئەم هەوڵەش ئەبێتە نوکتەیەک و کۆتایی دێت بەپێکەنین، بەناحەزانیش ئەڵێین سلێمانی بەپلەیستەیشن وێران نابێت. ماوەتەوە بڵێین ئەمە شارچێتی نییە، بەڵکو واقعی ئەم شارەو خەڵکەکەیەتی ئەینووسینەوە گەر خەڵکی سلێمانیش نەبووینایە هەر هەمان بۆچوونمان ئەبوو.



AM:10:25:23/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 12884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی